بۆنام كەسی بە دڵ نییە
بەرهەمهێنەرانی فیلمەكە بە ئاشكرا رایانگەیاندووە كە رازیكردنی بۆنام كارێكی زۆر سەختە، چونكە ئەو كەسانەی پێشنیاریان كردووە ئەو پێیان رازی نییە، هەرچەندە زیاتر لە 1000 كەس بەشدارییان لە تێستێكی تایبەت كردبوو كە بۆنام مەرجەكانی دانابوو و هەندێكیان لە بواری نواندنەوە زۆر بەتوانا بوون و پێشتریش بەشدارییان لە كاری هونەری دیكەدا كردبوو، زانیاریشیان زۆر بوو دەربارەی مێژووی سینەمای هیندی و چاوەڕێی پاشەڕۆژێكی پرشنگداریان لێدەكرێ، دوای ئەوەی تیمی فیلمەكە نەیانتوانی بە هیچ شێوەیەك بۆنام رازی بكەن، ناچار بوون لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە بانگەوازێك بڵاو بكەونەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو پاڵەوانەی مەبەستیانە، سەرچاوە نزیكەكان لە تیمی فیلمەكە رایانگەیاند كە كەسایەتی بۆنام لەو فیلمەدا زۆر گەرم و ورووژێنەرە، بۆیە پێویستە ئەو كەسەی لە بەرامبەریدا رۆڵەكە دەبینێت بە هەمان شێوە بێت بۆ ئەوەی فیلمەكە سەركەوتوو بێت، هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ماڵپەڕێكی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كراوە و هەر كەسێكی بیەوێ بەشداری بكات، پێویستە ڤیدیۆیەك بۆ ماڵپەڕەكە بنێرێت و تێیدا چەند تێست و جووڵەی هونەری ئەنجام بدات و دوای ئەوەی بۆنام ڤیدیۆكان دەبینێت بڕیاری لەسەر دەدات.