خالید رەشید:هونەری شێوەكاری هەتیوێكی بێ دایك و باوكە
* هەموو ژانرە هونەرییەكان لە كوردستان بە دەست گرفتەوە دەناڵێنن، وەك شێوەكاری گرفت و ئاستەنگەكانتان زیاتر خۆیان لە چیدا دەبیننەوە؟
- هەڵبەت رەنگە من بۆچوونى خۆم هەبێت، چونكە لاى من هونەر بە هەموو بەشەكانیەوە شۆڕشە. هیچ شتێك نابێ بە ئاستەنگ بۆی، چونكە هونەر ئەگەر رێگرى بكرێت، كاری پر ماناتر لەلایەن هونەرمەندەوە ئەنجام دەدرێ، بۆ گەواهى ئەم قسەیەم سەیری هونەرمەندانى ئەوروپی بكە كە چۆن بە وێنە و پەیكەرەكانیان گوزارشیان لە میللەت و دەسەڵات كردووە، بەڵام بەداخەوە هونەری شێوەكارى لەم هەرێمەى ئێمە تیا دەژین، تووشی دوو قەیران بووە، یەكەمیان ئەوەیە كە ئێمە شتێكمان نییە بە ناوی وەزارەتى رۆشنبیری و بەڕێوبەرایەتی هونەر، بەڵگە بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە بۆ نموونە بەڕێز (فەرهەنگ غەفوور) لەگەڵ رێزم بۆی كە بەڕێوەبەری هونەرییە، بەردەوام كلیپ بۆ خۆی دەكات، نەك بۆ ئەو گەنجانەى كە دەیانەوێ لەو بوارەدا بكەونە بەرچاو، هونەری شێوەكاری هەتیوێكى بێ دایك و باوكە و لە هەولێر كەس خۆی تێناگەیەنێ. قەیرانى دووەم - كە ئەمە ماڵوێرانيى بنەڕەتییە خودی ئەوانەى هاتوونەتە ناو وەزعەكەوە لەگەڵ رێز و حورمەتم كە چەند كەسێكى زۆر بەڕێزى تیادا بەدى دەكرێ، كە هونەرمەندى بەتوانان و هەردەم جێپەنجەیان دیارە و نامەوێ ناویان بڵێم، با نەبێت بە ریكلام، یان باسی شەخسی، ئەگینا هەندێك كەس بارگرانین لەسەر شێوەكاری، هاتوون وادەزانن ئەگەر بزانى تابلۆیەكى سەقەت بكێشى، ئیتر تۆ دەبێ ببی بە ئیمپراتۆر و لوتبەرز، دواتر وادەزانن كە بە هەر شێوەیەك شتێك فێر بووى، ئیتر دەبێ دژایەتى دەسەڵات بكەى، كەس بە هیچ نەزانی و ئیعتراف بە كەسی پێش خۆت نەكەى، ئەمانە بە دڵنیاییەوە دەڵێم هەرگیز هونەرمەند نین و هەرگیز لە شەقامى هونەردا لاى من حیسابی هیچیان بۆ ناكرێ ٠
* ئەگەر گۆرانیبێژ زۆر باس لە كۆپیكردنی بەرهەمەكانیان بكەن و شانۆكاریش گلەیی لە نەبوونی بینەری شانۆ و سینەما بكەن، شێوەكاران دەبێ چی بڵێن؟
-من هەر ئەوە دەڵێم شێوەكاری ئەو شتە ئاسانە نییە، بەداخەوە دەبیستم و دەبینم لاى هەندێك كەس كە زۆر بە هەڵە لە مەسەلەكە تێگەیشتوون، هونەری شێوەكار ئەگەر باس لە رۆحیەت و ماهییەتی بكەى، جیهانێكى تایبەتە خوا دەیبەخشێت بە مرۆڤ، هونەرمەندى شێوەكار وەك گۆانیبێژ نییە، چونكە ئەگەر ئێمە بەڕاستی قسە بكەین، نابێ مافی كەس بخۆین هونەرمەندی گۆرانیبێژ پێویستی بە سەرفی ماددى زۆر زۆر زیاتر هەیە لە هونەری شێوەكاری، گۆرانیبێژ لە جلوبەرگەوە هەتا كامێرا و مۆسیقا و شاعیر و ئاوازدانەر و دەرهێنەر و... تاد، ئەمانە هەموویان دەبێ پارە و حیسابی كراوەیان بۆ تەرخان بكرێ، بۆ ئەوەی بەرهەمێكى جوان و بە دڵى بینەر و بیسەر بەرهەم بهێنن، لەبەرئەوە من هەقی زیاتر دەدەم بە گۆرانیبێژ تا هونەرمەندی شێوەكار، لە كاتێكدا هونەرمەندی شێوەكار دەتوانێ بە بڕێكى زۆر كەمتری ماددی پێشانگە بكاتەوە.
* شەیدایانی شێوەكاری و تابلۆ زیاتر نوخبەن، ئایا لە كوردستان ئەو نوخبەیە هەیە؟
-ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیریی كۆمەڵگە كە بەداخەوە لە كوردستان وەكو پێویست نییە، كەسێك دەچێ لەسەر مێزى مەیخانەیەك، یان چێشتخانەیەك بڕێكى زۆر پارە دەدا بە خواردن و خواردنەوە كە تەنها چێژی تێرخواردنێكى پێ دەبەخشێت، بەڵام زەوقى ئەوەى نییە كە تابلۆیەك لە شێوەكارێك بكڕێ، تەنانەت نازانێ تابلۆ یانى چی.
* دەوڵەمەندەكانی هەموو جیهان دەستبڵاون لە كڕینی ئەو تابلۆیانەی كە چێژی لێ وەردەگرن، دەوڵەمەندەكانی ئێمە لەو لەو بوارەدا چۆنن؟
-من وتم دەوڵەمەندەكانى ئێمە پارەیەكى خەیاڵی دەدەن بە نان خواردنێك، بەڵام نازانن تابلۆی شێوەكاری یانی چی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نزمیی ئاستی رۆشنبیری، ئەگەر نەشڵێن قەیناكا، چونكە هەندێ گێل تا ئێستا هونەری شێوەكاری بە حەرام لە قەڵەم دەدەن.
* شێوەكاری كورد ئایا توانیویانە لە رێگەی شێوەكارییەوە موخاتەبەی عەقڵی تاكەكانی وڵاتەكەی خۆیان بكەن؟
ئەمە پرسیارێكى لەجێیە، بەداخەوە زۆربەی شێوەكاران، یان ئەوانەی بە زۆر هاتوونەتە ناو وەزعەكە و هێشتا بە قۆناغەكانى كلاسیكی و واقیعدا تێنەپەڕیون، كە ئەم دوو رێبازە بناغەی پیرۆزى هونەری شێوەكارییە، ئەوان هاتوون لە رێى فۆتۆشۆپەوە ئەم بابەتە كۆمپیوتەرییانە دەستكاری دەكەن و باس لە مەسەلەى نوێگەری و هونەری ئازاد دەكەن، بەم راكردنە لە ئەسڵی مەسەلەكە، ئێمە دزییەكى گەورە لە خەڵكى خۆمان دەكەین، چونكە دەبێ شێوەكارئیش لەسەر واقیعى میللەتەكەی خۆی قسە بكا، بۆ ئەوەی لە رێی تابلۆیەكەوە بتوانێت مێژووى ئەو میللەتە پیشان بدات، ئەو كات كە تۆ توانیت بە وێنە و نیگاركێشان دڵى جە ماوەرەكەت رابكێشی، من دڵنیام میللەتی كورد هیچی لە میللەتانی دی كەمتر نییە.
* ئایا لە نێو كورددا هونەری شێوەكاری سەردەمێكی هەبووە بە سەردەمی گەشە یاخود سەردەمی زێڕینی دابنرێت؟
- هەڵبەت ئەو شتە زۆر روون نییە و ناتوانین بڵێین سەردەمێكى دیاریكراوی وەك ئەوروپا كە سەردەمی رێنیساس، یان ئینتباعى، یان كلاسیك و... تاد، بەڵام هونەرمەندى چاكمان هەبووە و كارى شێوەكارییان وەكو عەشق كردووە.
* سروشت و تراژیدیاكانی كوردستان چۆن لە كارەكانتدا رەنگی داوەتەوە؟
- هەردەم كارەكانم لە دایكبووى سروشت و مێژووى گەل بووە و كەسایەتییە ناودارەكانى میللەتەكەم سیمبولى كارەكانمن، هەروەها ئەسپ بەشێكى زۆری لە ژیانم داگیر كردووە.
* ئەی ئافرەت لە تابلۆكانت چۆن پێناسە دەكەیت؟
- ئافرەت لاى من بەرامبەر نیشتمانە، چونكە ئافرەت زادەى خوا و سروشتە و هەموو جوانی و خۆشی و گریان و پێكەنینەكانیش زادەى ئافرەتن.
* شێوەكاری كورد چۆن دەتوانێت لە رێگەی هونەرەكەیەوە واقعی كوردستان بە جیهان بناسێنێت؟
- پێویستە دەست بكەین بە گەڕان بە سروشتدا و وێنە بكێشین و بایەخى پێبدەین وردەكارییەكان پشتگوێ نەخەین، ئەو شتەی لە كوردستان هەیە و لە سرووشتی وڵاتانى تردا نییە، هەوڵبدەین لە تابلۆكانمان جێیان بكەینەوە بۆ ئەوەی بیدەین بە چاوی جیهاندا.