محەمەد تەها: كاری رەسەن و جوان هەمیشەبە زیندوویی دەمێنێتەوە
ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت دووركەوتنەوەی هونەرمەندە لاوەكانە لە گۆرانیی كلاسیك لەم بارەیەوە محەمەد تەها ئاكرەیی دەڵێت: زۆر لە گۆرانیبێژەكانی ئێستامان ئەو توانا هونەرییەیان نییە كە بتوانن گۆرانیی كلاسیك بڵێن بەتایبەتی توانا دەنگییەكان، چونكە گۆرانیی كلاسیك پێویستی بە توانایەكی دەنگی زۆر هەیە. توانای دەنگی زۆر پێویستە، هەروەها پێویستی بە توانایەكی مێشكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ شیعری كلاسیكیی كوردی بە تەواوی لەبەر بكرێت، چونكە لەبەركردنی ئەم شیعرانە تا رادەیەك زەحمەتترە لە شیعری ئاسایی، یان شیعری گۆرانی.
محەمەد تەها سەبارەت بە ئێستای هونەری كوردی و ئەو هونەرمەندانەی ئێستا لە گۆڕەپانی هونەریی كوردیدا بەردەوامن دەڵێت: من پێموایە هونەرمەندی سەركەوتوو ئەوەیە كە هونەر لە خودی خۆیدا هەبێت، كاتێك دەردەكەوێت و ئەو بەهرەیەی هەبێت بتوانی دەری بخات، بەجۆرێك هونەرەكەی خۆی بیكات بە هونەرمەندێك كە هەموو لایەك شایەدی بۆ توانا هونەرییەكانی بدەن.
ئێمەی كورد خاوەن گەنجینەیەكی هونەری دەوڵەمەندین و دەتوانین سوودی لێ وەربگرین بۆ پێشخستنی هونەری خۆمان لە هەموو روویەكەوە، هونەری كوردی لە سەردەمی پێش ئازاد كردنی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدا بوو و هەر كەسێك ئەگەر توانای هونەری نەبووایە و دڵنیا نەبوایە لەوەی لە هونەرەكەی سەركەوتوو دەبێت دەستی نەدەدایە هونەر و گۆرانی وتن، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەبینین رێژەی ئەو كەسانەی كە تێكدەری هونەری رەسەنی كوردین زۆر زیادی كردووە، بۆیە دەبینین هونەری كوردی ئێستا لاواز بووە.
ئەو هونەرمەندە پێیوایە دەكرێ كار بۆ ئەوە بكرێ كە هونەری كوردی وەك پێویست بپارێزین و رەسەنایەتیی خۆی ون نەكات، وتيشى: هونەری كوردی هیچ كەموكوڕی نییە و گونجاو نییە بڵێین دەیپارێزین، بەڵام راستییەكەی كەسانێك بە كەموكوڕییەوە هاتوونەتە نێو بوارەكە و پێیانوایە كاری هونەری دەكەن ئەمانە بوونەتە هۆی درووستبوونی ئەو بارودۆخەی ئێستا هونەری كوردی تێیكەوتووە.
سەبارەت بە هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی كورد و گەنجەكانیش دەڵێت: بێگومان هەمیشە لە كوردستان هونەرمەندی بە توانا هەبوون و دەركەوتوون، بەڵام زۆر جار كەسانێك هەن كارێك ئەنجام دەدەن بە نیازی ئەوەی خزمەت بە هونەری كوردی بكەن و زۆریش ماندوو دەبن، بەڵام لەوانەیە هەوڵەكانیان بە پێچەوانە بشكێتەوە و لە جیاتی ئەوەی سوودی بۆ هونەری كوردی هەبێت زیانی زیاتر بێت.
جاران كە ئێمە دەستمان پێكرد ئەو توانا و ئیمكانییاتەی ئێستا هەیە نەبوو، بەتایبەتی لەرووی تەكنیك و تەكنۆلۆژیاوە، دەبوایە چەند شارێك بكەی بۆ تۆماركردنی گۆرانییەك بە ئامێری سەرەتایی، بەڵام ئەوەی پێشكەش دەكرا ئێستاش لە نێو میللەتی كورد بە زیندوویی ماوەتەوە، ئێستا ئیمكانییات زۆرە، بۆیە پێویستە هونەرمەندە لاوەكانیش خۆیان زیاتر ماندوو بكەن و لە رەسەنایەتیی هونەری كوردی دوورنەكەونەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بناسرێن، من پێم باشە پشت لە گۆرانیی فۆلكلۆر نەكەن و پەرەی پێ بدەن، چونكە ئەمە سەرچاوە و كانیاوی راستەقینەی هونەری هەر میللەتێكە، راستە پێشكەوتن و گۆرانی و هونەری سەردەمیش پێویستە، بەڵام بیرمان نەچێت هونەری هەر میللەتێك تایبەتمەندیی خۆی و پێی ناسراوە، ئەگەر گۆرانیی هەر میللەتێك بڵێی، یان سوودی لێ وەربگریت، دەنگت چەند خۆش بێت و توانای هونەریشت چەند بەرزبێت، كەس ناڵێ ئەمە هونەری كوردییە.