هیوا سوعاد:پێویستە سەنگەرەكانی پێشمەرگە قایمتر بكرێن، بەڵام ناكرێ هونەریش پشتگوێ بخرێت

هیوا سوعاد:پێویستە سەنگەرەكانی پێشمەرگە قایمتر بكرێن، بەڵام ناكرێ هونەریش پشتگوێ بخرێت
ماوەیەكە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە سازدانی چەندین كۆڕ و سیمیناری هونەری كردووە سەبارەت بە چەند پرسێكی تایبەت بە هونەری كوردی بەگشتی و شانۆ بەشێوەیەكی تایبەت، بە هەمان شێوە بە بۆنەی رۆژی جیهانی شانۆ بۆ ماوەی هەفتەیەك زنجیرەیەك كۆڕ و سیمینار ساز كران و ژمارەیەكی زۆر هونەرمەند و قوتابیانی كۆلێژ و پەیمانگەی هونەرە جوانەكان ئامادەی بوون، بۆ باس كردنی ئەم زنجیرە كۆڕانە و كاریگەریی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لەسەرشانۆ، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ هیوا سوعاد بەڕێوەبەری هونەری شانۆ ئەنجامدا.

*مەبەستی سەرەكی لە سازدانی ئەم زنجیرە كۆڕانە چی بووە؟
- مەبەستمان برەودان بوو بە لایەنی رۆشنبیریی شانۆیی و دەستنیشانكردنی خاڵە كاریگەرەكان ئەوەی دەبێتە مایەی بووژانەوەی شانۆ و باسكردنی هەندێك دیاردە و ستایل و شێواز كە بینەری كورد بە تەواوەتی پێی ئاشنا نییە، هەروەها كۆكردنەوەی شانۆكاران ودووپات كردنەوەی تەبایی و وەلانانی ناكۆكییەكان بوو. لە هەموویشی گرنگتر سەلماندمان كە هونەرمەندی كورد پیاوی رۆژی تەنگانەن وهەمیشە لە بەخششدا بەردەوامن.
* بۆچی كاتەكە بەیانی بوو، ئايا ئەگەر كاتێكی دى بوایە خەڵكی زیاتر ئامادە نەدەبوو؟
- سەرەتا بیرۆكەكە تەنیا بۆ هونەرمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ بوو دواتر قوتابیانی پەیمانگە و كۆلێژ، ئیتر هونەرمەندان و هونەردۆستانیش هاتن.
• ئەوەی لە كۆڕەكانتان ئامادە دەبوون، تەنیا شانۆكار بوون، یاخود خەڵكی دیكەیش ئامادە دەبوون؟
- هەروەكو دیار بوو باسەكان هەمەجۆر بوون، رۆژی وا هەبوو موزیككاران ژمارەیان زیاتر بوو.
* تەوەرەكانتان چۆن ئامادە كردبوو؟
- هونەرمەندان لە ئامادەكردنی كۆڕەكان سەرپشك كرابوون، چونكە مەبەستمانە بە درێژایی ساڵ كۆڕەكان بەردەوام بن، لە سەرەتای ساڵیشەوە دەستمان كردووە بە سازدانی كۆڕ و سیمیناری هونەری و بەردەوامیش دەبین.
* ئەو زنجیرە كۆڕانە تەنیا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆ بوو؟
- هەروەكو باسمكرد لە سەرەتای ساڵەوە دەستمان پێكردووە و بەردەوامیش دەبین بۆ رۆژی جیهانیی شانۆش ئێمە كەسەكانمان هەڵبژارد.
* هەفتانە لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ كۆڕتان هەیە، تاكەی بەردەوام دەبن؟
- بە نیازین تا كۆتایی ساڵ بەردە وام بین و لە كۆڕەكانی داهاتوو سوپرایزمان هەیە.
* ئایا بە سازدانی ئەم زنجیرە كۆڕانە دەتوانن قەرەبووی بارودۆخی ئێستای شانۆی كوردی بكەنەوە لە هەولێر كە بە هۆی بارودۆخ و قەیرانی ئابووری زیانی پێكەوتووە و لە چالاكی وەستاوە؟
- بارودۆخەكە زۆر سەختە و نەبوونی هۆڵ و بێ بودجەیی كاریگەریی خراپی لەسەر بزووتنەوەی شانۆ هەیە، چەند كارێكی شانۆیی پێشكەش كراون وسازدانی كۆڕیش گرنگیی خۆی هەیە، بەڵكو لەم رۆژگارە و سەرەتای ساڵ زۆر پێویستە، دەكرێ بە كارەكانمان و زانیاری و تێگەیشتن و بۆچوونەكانماندا بچینەوە و سوود لە ڕاوسەرنج و بۆچوونی یەكتر وەربگرین.
* بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی كوردستان هیچ هەوڵێكتان داوە بۆ سازكردنی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ لە هەولێر؟
-سازدانی فیستیڤاڵ پێویستی بە ئیمكانیاتی ماددی هەیە، ساڵی 2014 بارودۆخەكە لە هەموو روویەكەوە لەبار نەبوو بۆ سازدانی فیستیڤاڵ، بەڵام بۆ ئەمساڵ هەوڵمان داوە و قسەمان لەگەڵ چەند گروپێكی دەرەوەش كردووە بۆ بەشداریكردن، راستە ئێمە لە شەڕداین و پێویستە هەوڵەكان بۆ پتەوكردن و قایمتركردنی سەنگەرەكان چڕبكرێنەوە، بەڵام نابێ كاری هونەریش فەرامۆش بكرێت، چونكە هونەر بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی هۆكارێكی سەرەكیی بەردەوامی ژیانی مەدەنيیەتە و هەمیشە لە هەموو بارودۆخێكدا كاریگەری خۆی هەیە.
* بارودۆخی ئێستای كوردستان چ كاریگەرییەكی لەسەر بزاڤی شانۆیی هەیە بەتایبەت كە شانۆی كوردی لە ئاستێكی زۆر دڵخۆشكەردا نەبوو؟
- سەرەتا حەز دەكەم بزانم كێن ئەوانەی دەڵێن شانۆ لە ئاستیكی دڵخۆشكەرانە نەبووە، دواتر لە هەموو سەردەمێكدا كاری باش و كاری خراپ كراوە، كەسانێك هەن تواناو بەخششی هونەرییان نەماوە یان هەندێكیان بەرژەوەندییان لە نێوەندی شانۆ نەماوە، دەڵێن شانۆ سستە، یان وەكو جاران نییە، مەبەستیانە ئەو پڕوپاگەندەیە بڵاوبكەنەوە بۆ ئەوەی ئیفلاسیی خۆیان بشارنەوە، سەبارەت بە كاریگەریی بارودۆخەكە بەڵێ كاریگەریی زۆرە و زۆریش خراپە لەسەرشانۆ، مەبەستم ئەو بارودۆخەی دوای هێرشی داعشی نەگریسە.
* پار (مەم و زین)ت پێشكەش كرد بە شێوازێكی نوێ لە دەرەوەی هۆڵی شانۆ، بیرتان لە كارێكی هاوشێوەی تایبەت بە پێشمەرگە نەكردۆتەوە؟
- بیرۆكە هەیە، بەڵام كارێكی لەو شێوەیە پێویستی بە توانای مرۆیی و دارایی هەیە، لە دیراسەداین بۆ ئەوەی كارێكی ئەوتۆ پێشكەش بكەین و ببێتە مایەی دڵخۆشیی هەموو لایەك.
* چەند نمایشێكی شانۆیی تایبەت بە پێشمەرگە نمایش كران، بەڵام بۆچی ئێوەی شانۆكار هەوڵتان نەداوە واقعی ئێستای كوردستان بە كارێكی شانۆیی نیشتمانی گەورە بەرجەستە بكەن؟
- حكومەت لە یارمەتی دانی گروپ و تیپەكان كەمتەرخەم نەبووە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی شانۆوە هاوكاریی چەندین بەرهەمی هونەری و كاری هونەرمەندان كراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە و كەموكوڕیی دروستكردووە هەمیشە نەبوونی سیستم و بە دەزگایی نەبوونی كارەكانی حكومەتە و قەبارە و ئیمكانیاتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی شانۆ زۆر بچووك و كەمە كە ناتوانن بەپێی پێویست ئەركەكانیان جێبەجێبكات. من پێموایە بوونی بەڕێوەبەرایەتیی شانۆ بە دەزگای شانۆ پێدانی دەسەڵاتی كارگێڕ و دارایی زۆر لە واقعی شانۆ دەگۆڕێت و تەكانێك بە بارودۆخەكە دەدات.
Top