رەخنە لە دەنگی ئەلیسا دەگیرێت

رەخنە لە دەنگی ئەلیسا دەگیرێت
زۆربەی رەخنەگرانی لوبنانی و عەرەبی بەردەوام ستایشی خانمە گۆرانیبێژ ئەلیسا دەكەن و بە شان و باڵیدا هەڵدەڵێن و زۆر جار بە ئەستێرەی یەكەمی عەرەبی دادەنێن، كەچی میشێل ئەلفتریادسی موزیسیانی ناوداری لوبنانی بەپێچەوانەی هەموویان بەردەوام رەخنەی لێدەگرێت و رەخنەكەش لە شێوازی هەڵسوكەوت و جلوبەرگە ورووژێنەرەكانی نییە، بەڵكو لە شێوازی گۆرانیی وتنی ئەم ئەستێرەیەیە.
ئەم موزیسیانە لوبنانییە كە بە دەركەوتنی بە جلوبەرگی سەیر و سەمەرە ناسراوە، بە ئاشكرا رایگەیاند دەنگی ئەلیسا پڕە لە نەشاز و لە رێگای (ئۆتۆتیۆن) لە ستۆدیۆكانی تۆمار كردنی چاك دەكرێ لە كاتی بڵاوكردنەوەی ئەلبومەكانی، میشێل لە میانەی بەرنامەی (المتهم)دا دووبارە رەخنەی لە دەنگی ئەلیسا گرتەوە لە كاتی وتنی گۆرانی لەسەر شانۆ و وتی: من تەنیا گوێ لە ئەلبوومەكانی دەگرم كە هیچ نەشازێكی تێدا بەدی ناكەم.
بەشێك لە رەخنەگرانی دیكەی عەرەبی و لوبنانی پێیانوایە ئەم لێدوانانەی میشێل هیچ بنەمایەكی هونەریان نییە و هۆكارەكانیش زیاتر كەسین، چونكە لە دوو بەرنامەی دۆزینەوەی بەهرە هونەرییەكان و لە دوو كەناڵی جیاجیادا شوێنی ئەوی گرتۆتەوە لە لیژنەی ناوبژیوانی بووە، هەروەها جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسیش لە نێوانیاندا هەیە و پێش 3 ساڵ بە ئاشكرا ئەمەی راگەیاندبوو، لە هەمان كاتدا ئەم رەخنەگرانە بە ئاشكرا باسی ئەو (نەشازە) ناكەن كە لە گۆرانییە راستەوخۆكانی ئەلیسادا هەستی پێدەكرێ، بەڵكو باس لە نەشاز دەكەن لە كۆڕ و كۆبوونەوە تایبەتەكانی خۆیاندا.
Top