كه ی به هار: ده مه وێ بۆ جیهان به به ڵگه وه بیسه لمێنم كه ئێمه شایه نی ئه وه ین ده وڵه تی سه ربه خۆمان هه بێت

كه ی به هار: ده مه وێ بۆ جیهان به به ڵگه وه بیسه لمێنم كه ئێمه شایه نی ئه وه ین ده وڵه تی سه ربه خۆمان هه بێت
(خەونی كورد) ناونیشانی نوێترین فیلمی دیكۆمێنتاریی دەرهێنەر (كەی بەهار)ـە، كە بە هاوبەشی لەگەڵ فیلمكار (كلاودیۆ ڤۆن پلاوت)ی بە رەگەز سویسری كاری بۆ كراوە و لە ئێستادا لە كوردستانن بە مەبەستی وێنەگرتنی ئەم فیلمە و پیشاندانی لە زۆرترین تەلەفزیۆن و سینەما جیهانییەكاندا.

ئەم فیلمە یەكێكە لە خەونەكانی دەرهێنەر كەی بەهار كە دانیشتووی بەریتانیایە و بە رەگەز كوردێكی شاری كەركووكە و ساڵانێكە لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات. سەبارەت بە چۆنیەتی وێنەگرتنی فیلمەكە، كەی بەهار لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان رایگەیاند: (خەونی كورد) پڕۆژەی فیلمی دیكۆمێنتاری نوێیە هەردوو كۆمپانیای (جۆكە فیلم) و كۆمپانیای (ڤۆن پلاوت) بۆ تەلەفزیۆن و راگەیاندنەكانی بیانی بەرهەمی دەهێنین، بەهیوای ئەوەی فیلمێكی (90) خولەكی لێ بەرهەم بهێنین بۆ سینەماكان، چونكە فیلمی دیكۆمێنتاریش دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان، بەڵام دەبێ بیزانیت بە چ ستایلێك بەرهەمی دەهێنیت، بۆ ئەوەی شێوازی پێشكەشكاری و ریپۆرتەری بۆ خۆیەوە نەگرێت، بەڵكو بە شێوازێكی دیكە دروستی بكەیت.
لەبارەی پەیامی فیلمەكە، كەی بەهار گوتی: پەیامی (خەونی كورد) زۆر سادەیە، من كەمپینێكم هەیە بەناوی سیریك (جیابوونەوە لە عێراق و بانگەوازی سەربەخۆیی بۆ كوردستان)، ئەم كەمپینە لە ماڵپەڕی ئاڤاز دەستم پێكردووە، كە ماڵپەڕێكی جیهانییە و بایەخ بە هەموو بوارێكی ژیان دەدات هەر لە مرۆڤ و ئاژەڵ و شوێنەوار...هتد، دەنگەكەشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبیسترێت. ئەم كەمپینە هەوڵدەدات جەماوەری جیهانی كۆبكاتەوە لە پێناو پشتگیری لەبوارێك كە مافی رەوای خۆیەتی بۆ نموونە وەكو سەربەخۆیی كوردستان كە مافی رەوای گەلی كوردە.
كەی بەهار زیاتر قسە لەسەر پرۆژەكەی دەكات و دەڵێت: لە پێناو فیلمی (خەونی كورد) لە سەرتاسەری كوردستان دەگەڕێم، هەر لە سەركردەكانەوە تا مرۆڤی سادەی كوردو پێشمەرگەی كوردستان قسەیان لەگەڵ دەكەم و لێیان دەپرسم: كاتی ئەوە نەهاتووە سەربەخۆ بین؟ ئایا خۆمان بیكەین، یان بیدەینە دەست بیانییەكان تاكو ئەو بڕیارەمان بۆ بدەن؟ ئایا ئەم خەونە تەنها وەك خەون دەمێنێتەوە؟ گوتیشی: لە فیلمی (خەونی كورد) دەمەوێ بۆ جیهان بە بەڵگەوە بیسەلمێنم كە ئێمە میللەتێك نین بەس تەقە بكەین، ئێمە لە ئەشكەوتی شانەدەر مێژووییەكمان هەیە بۆ 40-60 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، واتە رەگی مرۆڤایەتی لە كوردستانەوە دەستی پێكردووە، بۆیە دەمەوێ بە جیهان بڵێم كە ئێمە سەدا سەد شایەنی ئەوەین دەوڵەتمان هەبێت.
ماوەیەكە وێنەگرتنی فیلمی (خەونی كورد) دەستیپێكردووە، لەمبارەیەوە كەی بەهار دەڵێت: هەست دەكەم خەڵكی كوردستان زۆر پەرێشانە بۆ ئەم بابەتە و بەموڵكی خۆی دەزانێت، چونكە كەی بەهار تەنها ئامڕازێكە بۆ گەیاندنی داخوازییەكە، نە كەمپینەكە موڵكی منە، نە فیلمەكە، بەڵكو موڵكی گەلی كوردستانە، منیش تەنها ئامڕازێكی گەیاندنم. لەم فیلمەدا وێڕای دەرهێنەر، كلاودیۆ ڤۆن پلاوت و بیلال شاكر بە وێنەگرتن بەشداری ئەم خەونەن، لەگەڵ میران سابیر وەك بەڕێوەبەری بەرهەم. لە رۆژی 20ی ئەم مانگە (رۆژێك پێش نەورۆز) هاتوونەتە كوردستان، ئەویش بە مەبەست بووە تاكو وێنەی ئاهەنگی نەورۆز وێنەبگرن و دیمەنەكانیش ببێتە پێشەكی فیلمی (خەونی كورد)، شاری (ئاكرێ)ش بووە شوێنی دەستپێكی وێنەگرتنی فیلمەكە.
سەرەتای فیلمكاریی دیكۆمێنتاری كەی بەهار
یەكەم فیلمكاری دیكۆمێنتاری نێوان كەی بەهارو كلاودیۆ ڤۆن پلاوت بۆ ساڵی 1993 دەگەڕێتەوە، كاتێك كەی بەهار لە كوردستان وێنەی فیلمی (جگە لە چیاكان هاوڕێمان نییە)ی گرت و دواتر خامەكەی بردەوە بەریتانیا و لەوێ كلاودیۆی مۆنتاژی فیلمەكەی كرد ئەوەش بووە هەوێنی پێكەوە كاركردنی یەكەم فیلمی كوردی دیكۆمێنتاری هەردووكیان لەسەر كورد. دواتر پێكەوە چەندین فیلمی دیكەیان كرد لە وڵاتانی جیاواز تەنانەت گەشتكردن بۆ فلیپین و سودان و كۆنگۆو سلڤادۆر. دواتر ساڵی 1996 جارێكی دیكە كەی بەهار هاتەوە كوردستان بۆ وێنەگرتنی فیلمی (هەڵهاتن لە ناوچەی پارێزراو) بۆ كەناڵی BBC كە ماوەكەی 25 خولەك بوو، لە پاش ئەو كەناڵەش فیلمەكە لە زیاتر لە 25 وڵاتی جیاواز پەخشكرا. دواتریش هەر پێكەوە فیلمێكی دیكەی دیكۆمێنتاریان تۆمار كرد بەناوی (گەڕانەوە بۆ كەركووك- ساڵێك لەناو ئاگر) كە ماوەی ساڵێكی خایاند، فیلمەكەش تایبەت بوو بە هەڵبژاردن و یەكەم تاقیكردنەوەی دیموكراسی لە عێراق و بەشداربوونی كورد تێیدا.
رۆمانێكی كوردی بە زمانی ئینگلیزی
مانگێك بەر لە ئێستا و لە سەروەرییەكی نوێی كەلتووری كوردیدا لە دەرەوەی وڵات و لە مەراسیمێكی تایبەت، نووسەر و دەرهێنەر كەی بەهار رۆمانی (نامە لە كوردێكەوە) كە رۆمانێكی كوردی بە زمانی ئینگلیزییە، لە ناو جەرگەی شاری لەندەن بڵاویكردەوە، كە نزیكەی 100 میوانی بیانی و كوردی دانیشتووی شارەكە ئامادە بوون بۆ گوێگرتن لە كەی بەهار – نووسەری رۆمانەكە لە خوێندنەوەی چەند بڕگەیەك لە ناوەڕۆك و لە چیرۆكی - مەریوان رەشەبا – كە پاڵەوانی ئەم رۆمانەیە. هەروەها كەی بەهار بۆ ئامادەبووان باسی ئەوەی كرد كە ئەمە نازدارترین كارە ئەو بەرهەمی هێنابێت تاكو ئەمڕۆ و گرنگترین كاریشە كە كردبێتی بۆ كوردستان لەم سەردەمەدا كە كورد رووبەڕووی جەنگێكی وەحشیگەرانە بۆتەوە، نەك تەنها لە پێناوی پاراستنی كوردستان، بەڵكو بۆ رزگاركردنی شارستانی و ئازادیی كۆمەڵگەی جیهانی لەم مەترسییە.
رۆمان لە وڵاتانی پێشكەوتوو، وەك بوارەكانی دیكەی كەلتوور و هونەر بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، بۆ بڵاوبوونەوەی رۆمانەكەش، نووسەر لە چەندان شار بانگێشت دەكرێت كە ئەم مەراسیمە لە پەرتووكخانە بەناوبانگەكانی شارە كە دووبارە بكاتەوە. بەم شێوەیە خوێنەر جگە لە ئاشنابوون بە رۆمانەكە، چاویان بە نووسەریش دەكەوێت و زۆربەیان گەلێ شادن كە بە ئامادەیی نووسەر لەوێ رۆمانەكە بكڕن تاكو بتوانن واژووی نووسەر وەرگرن.
ئەم رۆمانە دوو ساڵی برد لە نووسینەوە بۆ ئەوەی دەقی یەكەمی ئامادەبێت و كاروانێكی گەلێ سەخت بوو، چونكە بە زمانی ئینگلیزی بووە. هەروەها هەوڵی كەی بەهار ئەوە بوو بە ئاستی ستانداردی جیهانی رۆمانیك بنووسێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی كورد بگەێنیتە خوێنەر لە هەموو لایەكی جیهان. بۆ ئەم مەبەستە كەی بەهاری فیلمكار وازی لە كاری فیلمكاری هێنا، وازی لە ئەكتەركاری هێنا، هەروەها رۆژانە بۆ ماوەی 14 تاكو 16 كاتژمێر لە خێزانەكەی دووركەوتەوە و لە ژوورێكدا خۆی شاردەوە تاكو بتوانێت لە نووسینەوە بەردەوام بێت.
لە مانگی 9-ی 2007 كەی بەهار دەستی كرد بە نووسینەوەی یەكەم دێری رۆمانەكە و لە 12/3/2015 واتە دوای نزیكەی 7 ساڵ رۆمانەكە گەیشتە بازاڕ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كارە زۆر دڵی كەی بەهار دێنێتە جۆش، چونكە بەهۆی رۆمانی <نامە لە كوردێكەوە> ئێمەی كوردیش بووین بە خاوەن بەرهەمێك لە بازاڕی جیهانی كە لەمڕۆ بەدواوە دەتوانین لە باسەكانماندا لەگەڵ كۆمەڵگەی بیانی پەنجەی بۆ بەرین و بڵێین ئەوەش بەرهەمی ئێمەی كوردە. ئەم رۆمانە بە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا بڵاوبۆوە و پێشوازییەكی بەرچاویشی لێكراوە.
Top