فەریبا: ئاواتەخوازم لە رێگای هونەرەوە مەینەتییەكانی میللەتەكەم بە جیهان بگەیەنم

فەریبا: ئاواتەخوازم لە رێگای هونەرەوە مەینەتییەكانی میللەتەكەم بە جیهان بگەیەنم
فەریبا وەیسی یەكێكە لەو خانمە هونەرمەندانەی كە لە خێزانێكی كورد چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی خانەوادەكەی دەستی بە كاری هونەری كردووە و بەردەوام بووە و هەوڵیداوە درێژەپێدەری كاروانی هونەری خانەوادەكەی بێت، سەرهتای ژیانی هونەریی خۆی بە ژەنینی موزیك دەست پێدەكات و دواتر چەندین گۆرانی بەزمانی فارسی دەچڕێ.

فەریبا دەڵێت: ژیانی كورد هەمیشە پڕ بووە لە نەهامەتی و سەختی لە هەموو بوارێكەوە بەتایبەتی بۆ هونەرمەندانی كورد سەختییەكان زیاتر بوون، ئهو بارودۆخهی كە بەسەر خانەوادەكەمدا هات كاریگەریی بەسەر ژیانی هەموومانەوە هەبووە، منیش وەك كچە كوردێك توانیم رێگەی هونەر هەڵبژێرم بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی خانەوادەكەم و كاریگەر بوونم بە دەنگ و هونەری سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی و چەند هونەرمەندی دیكەی كوردستان دەستم پێكرد، سەرهتاش بە ژەنینی سێ تار دەستم پێكرد و توانیم لە ڕووی ئەكادیمییەوە زیاتر خۆم پێ بگەیەنم و بڕوانامەی زانكۆ بەدەست بهێنم، تەنانەت ئێستا خەڵكیتر لەسەر دەستی من فێری ژەنینی ئامێرەكانی مۆسیقا ببن و من رۆڵی مامۆستا ببینم، هیوادارم بتوانم لە رێگەی هونەرهوە هیوا و ئاواتەكانم بەدی بەێنم و بتوانم ئازار و مەینەتییەكانی خۆم و میللەتەكەم لە رێگەی هونەرەوە بە جیهان بگەیەنم.
فەریبا سەبارەت بە گۆرانیوتن و تێكست و شیعرەكانی دەڵێت: گۆرانیوتن و دەنگخۆشی بەر لە هەر شتێك بەهرەیەكە و دەبێ لەو كەسەدا هەبێت كە گۆرانی دەڵێ، لە هەمان كاتدا پێویستە عەشق و خۆشەویستی هونەر لە ناخ و رۆحی ئەو كەسەدا هەبێت و بەردەوام لە گەشەكردندا بێت، هونەرمەند كاتێك خۆی لە تێكستێكدا دەبینێتەوە و لێیەوە نزیك بێت، ئەگەر بیكات بە گۆرانی بێگومان تێیدا سەركەوتوو دەبێت، بەڵام ناكرێ هونەر و فۆلكلۆری رەسەنی كوردی لە بیر بكرێ، چونكە هونەرمەندان دەتوانن لە رێگەی فۆلكلۆرەوە ئەزموونی هونەری خۆیان دەوڵەمەندتر بكەن.
هەر سەبارەت بە گرنگیی فۆلكلۆر و وتنی گۆرانی بە باشترین شێوە، بە جۆرێك لە هەموو روویەكەوە مافی گۆرانییەكە بدرێت، فەریبا دەڵێت: شیعر و ئاواز گرنگترین كۆڵەگەكانی هونەری گۆرانیوتنن، هەر شیعر و ئاوازێكی خۆش كە هونەرمەند بتوانێت بە باشترین شێوە پێشكەشی بكات و مافیان بدات، دەبێتە هۆی ئەوەی گۆرانییەكە بە زیندوویی دەمینێتەوە و جەماوەر خۆشی دەوێت و بەردەوام دەیڵێتەوە و نابێتە هۆكارێك بۆ بێزاربوون لەو گۆرانییە، ئەمەش زۆر ئاسان نییە و پێویستی بە خۆماندووكردن هەیە لەلایەن شاعیر و ئاوازدانەر و خودی گۆرانیبێژیشەوە.
Top