ئاڵا رەیانی گۆرانییەك پێشكەش بە هەڵەبجە دەكات
ئاڵا رەیانی لەو بارەیەوە رایگەیاند: لە رێگەی ئەم كلیپە نوێیە كە گوزارشتە لە دڕندەترین تاوان لە مێژوودا دەرهەق بە گەلی كورد ئەنجام درابێت، دەمەوێ هەموو تاكێكی كورد مێژووی خۆی بە كورتی بگێڕنەوە و بێتەوە یادیان، چونكە مێژووی میللەتی ئێمە پڕە لە كارەسات و نەهامەتی جۆراوجۆر لە قۆناغە مێژووییەكاندا هەر لە هەڵەبجە و ئەنفال تا دەگاتە رەشەكوژی و رفاندنی رۆڵەكانی نەتەوەكەمان لە شەنگاڵ و كۆبانێ و ئاوارە كردنیان لەسەر شوێن و ماڵی خۆیان، بۆیە داواكارم لە كوردان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە و بە هۆی ئەم گۆرانییەوە كاتێك گوێبیستی دەبن هەریەكیان لە لای خۆیەوە مێژووی خۆی باس بكات و بە جیهانی و تەنانەت بە نەوەكانی خۆشمانی بڵێن كە ئەم مێژووە پڕ لە نەهامەتییە تا ئێستاش لەگەڵمان بەردەوامە، بەڵام ئێستا جیاوازە و خۆی لە شەڕی بەرگری و خۆڕاگریی پێشمەرگە دەبینێتەوە دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان.
لە بارەی ڤیدیۆ كلیپە نوێیەكەش ئاڵا وتی: لە كلیپەكەدا چەند كەسێكی خەڵكی هەڵەبجە بەشدارن كە كەسوكاری قوربانییانی كارەساتەكەن كە كەسوكارە نزیكەكانیان لە دەستداوە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە بە جیهان بڵێین هەر تاكێكی كورد لە هەر شوێنێك بێت مێژوویەكی هەیە لە كارەسات، راستە كیمیابارانی هەڵەبجە پێش چەندین ساڵ روویداوە، بەڵام ئێمەی كورد چەندین هەڵەبجەی دیكەمان بینیوە وەك كۆڕەوە ملیۆنییەكەی خەڵكی كوردستان بەرەو سنوورەكانی وڵاتانی دەوروبەر و لە شنگاڵ و موسڵ و كەركووك و كۆبانێ، پێویستە دنیا هەموو ئاگاداری ئەم كارەساتانە بێت و بوویان روون بێتەوە كە دوژمنانی كورد بە هەموو شێوەیەك هەوڵی لەناوبردنی میللەتی كوردیان داوە.