ئاینور: نابێ هونەرمەند لە مۆسیقای نەتەوەی خۆی دوور بكەوێتەوە

ئاینور: نابێ هونەرمەند لە مۆسیقای نەتەوەی خۆی دوور بكەوێتەوە
ئاینۆر دۆگان وەك زۆر لە ئافرەتانی باكووری كوردستان بە دەنگ و توانا هونەرییەكانی خۆیەوە توانیویەتی خزمەتێكی زۆر بە هونەری كوردی بكات و لە بواری گۆرانیگوتندا شوێن پێی خۆی دیاری بكات. ئاینۆر جگە لە گۆرانیی شۆڕشگێڕی لە هەر بۆنە و یادێكدا ئامادە بووبێت ئەوا ژمارەیەك گۆرانی فۆلكلۆر و رەسەنی كوردی پێشكەش بە ئامادەبووان كردووە كە گیانی رەسەنایەتی و خۆشەویستی بۆ هونەری رەسەنی كوردی بە ئاشكرا پێوە دیارە، ئەو بە ئاشكرا دەڵێت: پێویستە هونەرمەندی كورد بە هیچ شێوەیەك فۆلكلۆر و رەسەنایەتیی هونەریی خۆی لە بیر نەكات، لەم دیمانەیەشدا ئاینور باس لە چەند لایەنێكی تایبەت بە هونەری كوردی دەكات.



* ئەو سیمینار و فیستیڤاڵە هونەرییانەی كە لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان بە ناو و دروشمی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، چ گرنگییەكی لە پێشخستنی هونەری كوردیدا هەیە؟
- هەر فیستیڤاڵ وكۆنفرانس و سیمینارێك بەر لەوەی ئەنجام بدرێ و مەبەستی و ئامانجی تایبەتی بۆ دادەنرێ، یەكێك لە كارە گرنگەكانی ئەوەیە كە هونەرمەندان لە یەكتری نزیك دەكاتەوە، دیارە ئێستا زۆر كێشە و گرفتی تایبەت بە هونەری كوردی هەن و هەموو لایەكیش هەوڵی چارەسەركردنیان دەدەن، مۆسیقای كوردی پێویستی بە پاككردنەوە هەیە، چونكە دەبینین تا راددەیەك لاواز بووە و بێگانە و دوژمنەكانی كورد بە هەموو شێوەیەك ویستوویانە لە رەسەنایەتی كەم بكەنەوە و بیشێوێنن بەرەو رێی مەترسیدار و لەناوچوونی بەرن و وایان كردووە ئێمەی كورد بە دوای پێناسەیدا بگەڕێین، بەڵام ئەگەر ئەو گەڕانەی ئێمە بە شێوەیەكی ئەكادیمی نەبێت بێگومان هەوڵەكان سەركەوتوو نابن، زانایان و پسپۆڕان و توێژەران دەتوانن ئەركەكانی خۆیان دیاری بكەن لەم بوارەدا و هەرچەند كۆڕ و كۆنفرانسی تایبەت بە هونەر ببەسترێن كاری ئێمەی هونەرمەند ئاسانتر دەبێت و زووتر مۆسیقای كوردی دەكەوێتە سەر رێگەی راستەقینەی خۆی ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەكمان دێتە ئاراوە.
* ئێستا ئاستی هونەری كوردی بە گشتی و مۆسیقا و گۆرانیی كوردی بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- ئەمڕۆ مۆسیقا و گۆرانیی كوردی گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر بەرز و هەنگاوی زۆر باش لەم بوارەوە هاوێژراوە، لە دێر زەمانەوە هەتا ئەمڕۆ مۆسیقای كوردی بەردەوامە، بۆیە دەبینین فۆلكلۆر بۆتە هەوێنی مۆسیقای كوردی و گۆرانیبێژانی كورد هەمیشە گۆرانییان چڕیوە و هەوڵی پاراستنی هونەری رەسەنی كوردییان داوە و لە دیوەخان و ژووری میوانان دەستیان خستۆتە پاڵ گوێیان و گۆرانییان گوتووە، بەتایبەتی لە شەوە درێژەكانی زستان كە تا بەرەبەیان بەردەوام بوون لە گۆرانیگوتن، ئەم دابونەریتە كۆن و رەسەنە هەر بەردەوام بووە، ئەمەش وەك دەرفەتێكی زێڕین بووە بۆ هونەرمەندانی كورد كە بۆ هونەرمەندانی گەلانی دیكە نەڕەخساوە و گەنجینەیەكی بێ كۆتاییمان بۆ ماوەتەوە، بۆیە پێویستە ئێمەش بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین، شێوەی گۆرانیی گوتنی هونەرمەند هەر چۆنێك بێت نابێ لە فۆلكلۆر دوور بكەوێتەوە بەم شێوەیە واتە بە پشت بەستن بە فۆلكلۆری رەسەن هونەر بە شێوەیەكی رەسەن پەروەردە نابێ و ناگاتە ئاستێكی جیهانی.
* ئایا هونەرمەندان وەك پێویست سوودیان لەم دەرفەتە وەرگرتووە؟
- مخابن ئەمڕۆ هەندێك هونەرمەند و گۆرانیبێژ كەوتوونەتە نێو هەڵەیەكی گەورەوە و بەردەوام دەبن لەسەر هەڵەكان و بەڕاستی نازانن چی دەكەن و چی پێشكەش بە جەماوەر دەكەن، پێویستە ئەوان لەو شێوازەی بیركردنەوەی ئێستایان دوور بكەونەوە و دووبارە روو بكەنەوە فۆلكلۆری كوردی، ئەو كات بە دڵنیاییەوە لە كارە هونەرییەكانیان سەركەوتوو دەبن.
* چ پێشنیارێكت بۆ پێشخستنی هونەری كوردی و گەیشتنی بە ئاستێكی جیهانی هەیە؟
- دەبێت وەك گەلانی دنیا ئێمەش هەوڵ بدەین مۆسیقای خۆمان پێش بخەین و دەنگی ئێمە لە دەرەوەی سنوورەكانمان ببیسترێت ئەمەش بەوەی گوێ لە هونەری ئێمە بگیرێت و لە هەر شوێنێك ئەوەی گوێی لێ بێت بزانێت كە ئێمەش كوردین و ئەو گۆرانیانەی دەیڵێین بەرهەمی فەرهەنگ و كەلتووری رەسەنی كوردییە، من بەگوێرەی توانای خۆم ئەم كارە دەكەم، بێگومان كار و خەباتی من بە تەنیا بەس نییە، پێویستە زۆر كەسانی دیكەش بە هەمان شێوە هەر یەكە لە شوێنی خۆی و بەتوانای خۆی ئەم كارە بكات و مۆسیقای كوردی بخاتە سەر رێگەیەكی راست و دروست و ئەفراندن و داهێنانی نوێ بهێنێتە ناو كاری هونەری، هەروەها كۆڕ و كۆنفرانسی هونەریی بەردەوام بە بەشداری پسپۆرانی كوردی و جیهانی ساز بكرێ بۆ دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و نەهێشتنیان و پتەوكردنی لایەنە بەهێزەكانی گۆرانی و مۆسیقای كوردی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی دیكە.
* ئەی بە بەراورد لەگەڵ گۆرانی و مۆسیقای وڵاتانی دراوسێ، مۆسیقای كوردی لە چ ئاستێكدایە؟
- ئێمە نابێ بە پێی زانیاریی مۆسیقای توركی (بۆ نموونە) مۆسیقای كوردی هەڵبسەنگێنین، چونكە دوو شتی جیاوازن و هەریەكەیان بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە و لە هەلومەرجی جیاواز هاتوونەتە ئاراوە، واتە بە هەموو شێوەیەك لەیەكتری جیاوازن تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هاوسێی یەكتریش نین و زمانیشیان لە یەكتری دوورە، هەروەها هزر و فەرهەنگ و كەلتووری هەردووكیشیان جیاوازە بۆیە مەترسییەكانی دێنە سەر رێگەی مۆسیقا بۆ هەردوولا تورك و كورد وەك یەك نین، بۆ نموونە ئارابیسك بە مەترسییەكی گەورە دادەنرێت بۆ سەر مۆسیقای توركی، كەچی لەناو مۆسیقای كوردیدا هاڕراوە و بۆتە پارچەیەك لەو مۆسیقایە، بەڵام پۆپ هەتا ئێستا لەنێو مۆسیقای ئێمەدا بە شێوەیەكی دیار شوێنی خۆی نەگرتۆتەوە و بە توانا و هەوڵی تاكە كەسی ناكرێ گەشە بكات، هونەرمەندی كورد ئێستا خەریكی دابینكردنی ژیانی خۆیەتی و وەكو پێویست زانیاریی تەواویان لەسەر مۆسیقای جیهانی نییە، هەروەها پێویستە هونەرمەند شارەزایی لە مۆسیقای خۆی هەبێت، كاتێك زانیاریی دەبێت دەربارەی هونەری بیانی ئەو كات لە زمانی مۆسیقاش دەگات و كارەكانی ئاسانتر دەبن، بەم شێوەیە دەتوانێت سەرەدەری لەگەڵ مۆسیقای جیهانیشدا بكات، ئەوەی پێویستە لێرەدا ئەوەیە كە مرۆڤ نابێت هیچ كاتێك لە مۆسیقای نەتەوەی خۆی دوور بكەوێتەوە. ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە مۆسیقای ئێمەش وەك هەموو لایەنەكانی دیكەی ژیان لەسەر رێبازی راپەڕین پەروەردە بووە و پێشكەوتووە. من ئومێدم زۆرە بە دواڕۆژ بۆیە لە ئێستاوە دەڵێم پێویستە لە باشوورەوە دەست بەم كارە بكرێ و زوو مۆسیقا لەو بارەی ئێستای رزگار بكرێ و زیاتر ئەكادیمی ئەنیستیۆتی هونەری و مۆسیقا دابمەزرێن و مێزگرد و لێكۆڵینەوەی زیاتر دەربارەی مۆسیقا ئەنجام بدرێ، لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكاندا زیاتر بوار بە گۆرانیی كوردی بدرێت، تاكو رێگەی گەشەسەندنی مۆسیقاش خۆشتر ببێت، لە هەمان كاتدا كەناڵی تایبەت بە گۆرانی و مۆسیقا دابمەزرێنن.


Top