یەلدا عەباسی:هەمیشە شوێنی كوردی خوراسان لە بۆنە و فیستیڤاڵەكانی هەرێمی كوردستان بەتاڵ بووە

یەلدا عەباسی:هەمیشە شوێنی كوردی خوراسان لە بۆنە و فیستیڤاڵەكانی هەرێمی كوردستان بەتاڵ بووە
خاوەن بەهرەیەكی زۆری هونەرییە و لە كاتی ژەنینی ئامێری دووتاردا ئاوێتەی هونەر و موزیك دەبێت و سیمفۆنیایەكی جوان لە هونەری رەسەنی دەڤەری خوراسان پێشكەش دەكات كە هەوڵێكە بۆ زیندووكردنەوەی هونەری رەسەنی كوردی خوراسان، سەرەڕای بچووكی تەمەنی، بەڵام هەست دەكرێ كە توانا و بەهرەكانی و خولیای بۆ بەرز راگرتنی هونەرەكەی زۆر لە تەمەنەكەی گەورەترن .
یەلدا عەباسی لە ساڵی 1987 لە شاری شیروان لە دایكبووە و لە شاری قووچان دەستی بە خوێندن كردووە تا بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە تەكنۆلۆژیای زانیاری بەدەست بهێنێت، كاتێكیش دەستی داوەتە گۆرانی وتن، بە زیندووكردنەوەی موزیكی رەسەنی باكووری خوراسان دەستی پێكردووە، يەلدا كە لە تەمەنێكی بچووكدایە و بە گەنجترین ژەنیارەكانی ئامێری دووتار دادەنرێت و چەندین جار لە پێشبڕكێیە جۆراوجۆرەكاندا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە لەوانە لە فیستیڤاڵی خوراسان و لە هەمان كاتدا گۆرانیبێژیشە، لە ساڵی 2008دا يەلدا بەشداری لە فیلمێكی دۆكیومێنتاریدا كرد بەناوی «تەرەقە» كە لە دەرهێنانی محەمەد حەسەنە و 6 خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە لەوانە خەڵاتی (فەیروز) و(سینەمای حەقیقەت)، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە رەزامەندی وەربگرێت بۆ بڵاوكردنەوەی یەكەم ئەلبوومی گۆرانی خۆی، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.



* پەیوەندی كوردی خوراسان بە هونەرەوە چۆنە؟
- هونەر تێكەڵە بە ژیانی كوردی خوراسان و بووەتە بەشێك لە پێكهاتەی ژیانیان، لە بەیانییەوە تا شەو كورد بە هونەرەوە ژیانیان بەردەوام دەكەن، لە وتنەوەی ئاوازەكانی مۆسیقا لەژێر لێوەوە تا دەگاتە چنین و نەخشاندنی وێنەكانی سەر فەرش و كەرەستەی دەستی، تەنانەت لایە لایەی دایك و هاواری باوكان، هەموویان هونەری تایبەتی كوردانی خووراسانن، لێرە ژیان بەبێ هونەر هیچ واتایەكی نییە، ئەوان لەگەڵ ئەم هونەرە بەجۆرێك تێكەڵن وەك چۆن ئەستێرەكان لە ئاسمان دەدرەوشێنەوە بە هەمان شێوەن.
* هونەری كوردی لە خوراسان و هونەری فارسی تا چەند لە یەكترییەوە نزیكن؟
-ئەم دوو هونەرە بە یەكەوە گرێ نەدراون، لەرووی رەسەنایەتییەوە بە تەواوەتی جیاوازن، هونەر لە لایەن فارسەكان لە خوراسانەوە زیاتر پیشەی دەستی و بەرگدرووییە، بە هۆی ئەوەی ئەم دوو هونەرە لە یەكەوە دوورن، شێوازی دورمانی جلوبەرگی كوردییش لە یەكتر دوورن، لەوانەیە كاریگەریی بچووكیان لەسەر یەكتری هەبێت بەهۆی نزیكی جوگرافی نێوانیان.
* ئەی هونەری كوردی بە گشتی چ پێوەندییەكی لەگەڵ هونەری ئێرانییەوە هەیە؟
- لە تەواوی دنیا هونەر هۆكاری رەسەنایەتی و بڕوابوونی نەتەوەیی بووە، لە باكووری خوراسان بە هۆی فرە نەتەوەیی، هونەر هەمیشە رووی جیاوازی نەتەوەكان نیشان دەدات، جیاكردنەوەی هونەر لەگەڵ دابونەریت و كەلتور كارێكی ئەستەمە، چونكە هونەر كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابونەریتەكان هەیە، لە باكووری خوراسان كورد هونەرێكی تایبەت بە خۆی هەیە بە هۆی بوونی فەرهەنگێكی دەوڵەمەند، كاریگەری لەسەر هونەری نەتەوەكانی دیكە هەبووە و بەسەریاندا زاڵ بووە.
* چۆن توانیوتانە فەرهەنگ و كەلتووری خۆتان بپارێزن؟
- ماوەیەك، بەتایبەت دوای جەنگ كەلتووری ئێمە رووبەڕووی قەیرانێكی گەورە بووینەوە، لەدوای ساڵانی 2000 بە هۆكاری پەیوەندی بە هێزی نێوان نەتەوەكانی خوراسان ئەو باوەڕەیان بۆ درووست بوو كە پێویستە بگەڕێنەوە سەر كەلتووری دەوڵەمەندی خۆیان و بیپارێزن.
* وەك كوردانی خوراسان تا چەند ئاگاداری پێشكەوتنەكانی هونەرن لە باشووری كوردستان؟
- لەبەر ئەوەی سەردانی كوردستانم نەكردووە، زانیاریی تەواوم نییە، چونكە لە خوراسان مەودای پێشكەوتنی هونەر بۆ ئافرەتان داخراوە.
* ئێوە زیاتر چ ئامێرێك بەكار دەهێنن؟
- هەر لە منداڵییەوە ئامێری دووتارم بەكارهێناوەو هەر لەسەر دووتار بەردەوام دەبم، بەڵام لەم ماوەیە بۆ تەواوكردنی خوێندنی موزیك پیانۆش دەژەنم.
* بۆچی دووتارت هەڵبژارد؟
- بەگوێرەی مێژوو دووتار پێشینەی چەند هەزار ساڵەی هەیە و دەتوانین بە دایكی تەنبوورو سێتاری دابنێین.لەبەر ئەوەی هەر لە منداڵییەوە گوێم بەم موزیكە ئاشنا بووە و بەشێك بووە لە ژیانم، دەنگی دووتار بەشێك بووە لە گێڕانەوەی مێژووی كەلتووری نایاب و دێرین، چونكە ئەمە لە خێزانەكەمان لە رێگای دایكمەوە پارێزراو بووە، منیش وەكو دایكم بڕوام بەم رێچكەیە هەبوو، دووتارم بە ئامێرێكی رەسەن زانیوە و هەڵمبژاردووە.
* بەشداریت لە هیچ گرووپێكی موزیكیدا كردووە؟
- بەڵێ من پێشتر هاوكاری گرووپی (گرایلی قوچان) كردووە یەكەم ئەزموونی كاری هونەریم لە تەمەنی هەرزەكاریدا بووە.
* هونەری كوردی لە خوراسان زیاتر گوزارشت لە چی دەكات؟
-زیاتر گوزارشت لە شێوازی ژیانی ئەوان دەكات لە سەرەتای هاتنیان بۆ خوراسان و كە شێوازی كۆچبەری بووە، هونەرەكەیان دەوڵەمەندە بەهۆی ئەو هەوراز و نشێوەی لە ژیانیاندا بینیویانە.
* ئەو گرفتانەی دێنە سەر رێگای هونەرمەندانی خوراسان چین؟
- هەر كارێكی لە ژیاندا گرفتی تایبەتی و جۆراوجۆری خۆی هەیە، بەتایبەتی لە بواری موزیكدا و و لەسەرووی ئەوانیشەوە موزیكی ئافرەتان گرفتیان زیاترە.
* بۆچی تا ئێستا سەردانی باشووری كوردستانت نەكردووە؟
- لەبەر ئەوەی من و گرووپەكەم داوەتی رەسمیمان بۆ نەهاتووە.
* كوردی خوراسان چەند سوودیان لە هونەری دیكە وەرگرتووە؟
- وەك پێشتر وتم كاریگەری هونەری ناوچەكانی ئینكاری لێناكرێ، بەتایبەت كوردەی خوراسان كە ئیمڕۆ لە هونەری دەوڵەمەندی ناوچەكانی دیكە سوودمەند بوون.
* هیوات بۆ هونەر چییە؟
- بە پشتیوانیی دایكم و ئەو كەسانەی كە هاندەرم بوون، هەوڵ دەدەم بگەم بە بەرزترین ئاستەكانی هونەر و موزیك.
* ئێوە هونەرێكی رەسەن پێشكەش دەكەن كە گوزارشت لە رەسەنایەتیی هونەری كوردانی خوراسان دەكات، بەڵام بۆچی تا ئێستا سەردانی كوردستانتان نەكردووە؟
-دیارە لە ساڵانی رابردوو چەندین فیستیڤاڵی هونەری و كۆنسێرت لە هەرێمی كوردستان ساز كراوە و لە هەموویشیان شوێنی هونەری كوردی خوراسان بەتاڵ بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی كەس بانگهێشتی ئێمەی نەكردووە، بەڵام هەر كاتێك ئێمە بانگهێشت بكرێین بە خۆشحاڵییەوە بەشداری دەكەین، چونكە لە دڵەوە حەز دەكەم بە جەماوەری خۆمان لە هەرێمی كوردستان شاد بم.
* چی بە جەماوەری خۆت دەڵێیت ؟
- من ماوەیەكی زۆرە كاری هونەری ئەنجام دەدەم، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووم لە كاتێكدا هەمیشە چاوەڕێی ئەوەم دەكرد پشتیوانیم بكەن وەك كچە كوردێك، چونكە ویستوومە دەنگی نەتەوەكەم بە دنیا بگەیەنم، لەگەڵ ئەم هەموو ئەمانەشدا ئێستاش سوپاسی هاوزمانەكانم دەكەم كە كەم، یان زۆر پشتیوانيیان كردم و هیوادارم بتوانم ئەركی خۆم بە سەركەوتوویی بە ئەنجام بگەیەنم، هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم كە بە سەربەستی لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا سەركەون و كۆتایی بە جەنگ و خوێنڕشتن بێت لە سەرتاسەری جیهان و میللەتان بە ئاشتی بژین.







Top