ئەنۆشكا شارمای ئەستێرەی سینەمایی بۆڵیۆد رایگەیاند كە هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكات كاتێك دەبینێت فیرات خولیی یاریزانی ناسراوی كریكێتی هیندی و خۆشەویستەكەی یاری دەكات و لە یارییەكاندا سەركەوتن بە دەست دەهێنێت، بەتایبەتی لەو یاریيانەی كە لە دەرەوەی هیندستان ئەنجامیان دەدات. لە میانەی هەڵمەتی پڕوپاگەندەكردن بۆ فیلمی» NH10» كە ئەنۆشكا رۆڵی پاڵەوانی تێدا دەبینێت، وتی: یاریی كریكێت لای ئێمە گرنگییەكی تایبەتی هەیە ومن وەكو هەموو هیندییەكان زۆر حەز لە سەیركردنی ئەم یارییە دەكەم و لە كاتی سەركەوتنیشدا ئاهەنگ دەگێڕم، بۆ منیش گرنگییەكی زیاتری هەیە، چونكە فیراتی خۆشەویستم یاریزانێكی بەتوانا و ناسراوە لە هیندستان و جیهان، بۆیە لە كاتی بینینی لە نێو یاریگە و سەركەوتنی لە یارییەكاندا، خۆشییەكەی من وەسف ناكرێت، بەتایبەتی ئەو سەركەوتنەی بەم دواییە هەڵبژاردەی هیندستان بەسەر پاكستاندا تۆماری كرد، خۆشی و شادییەكی بێ وێنەی پێ بەخشیم، چونكە فیرات ئەستێرەی یەكەمی یارییەكە و هۆكاری سەركەوتنی هەڵبژاردەكەمان بوو. ئەنۆشكا تا بەر لەماوەیەك ئامادە نەبوو باسی پێوەندی خۆی و فیرات بكات، ئەم جارەیان زۆر بە ئاشكرا لەبەردەم كامیراكان باسی كرد و وتی: خەڵك لەم پەیوەندییە تێناگەن و ناتوانن سنووریشی بۆ دابنێن.