هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان:ئەوەی سروودێك بڵێت لە ئاست گەورەیی ناوی پێشمەرگە نەبێت، نەیڵێت باشترە
*ئەو سروودانەی ئێستا لەلایەن هونەرمەندانی كوردستانەوە پێشكەش دەكرێن، لەرووی ئاواز و هۆنراوە و وتنەوە لە چ ئاستێكدان و چۆنیان دەبینی؟
- دیارە لە ئێستادا كوردستان رووبەڕووی دوژمنێكی دڕندەی سەرسەخت بووەتەوە كە بڕوای بە هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی نییە و هەڕەشە لە بوونمان دەكات وەك نەتەوە، هونەرمەندیش وەك تاكێكی سەرەكی و هەستیاری ئەم كۆمەڵگەیە زیاتر هەست بەمە دەكات و ئەركی خۆیەتی لە شوێنی خۆیەوە دژی ئەم دوژمنانە بوەستێتەوە و بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكات، پێشمەرگە ناوێكی پیرۆزە و هەرچییەكی بۆ بكرێت لە ئاست ناو و پێگەی پێشمەرگە هەر كەمە، چونكە ژیان و بوونمان وەك نەتەوە و وڵات پەیوەستە بە پێشمەرگە، ئێمە رووبەرووی دوژمنێك بووینەتەوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتی وێنەی كەمە لە دڕندایەتی، لەم كاتەشدا هونەرمەند بە سروود دەتوانێت خۆشەویستیی خۆی بۆ كوردستان و پێشمەرگە دەرببڕێت، بەڵام هەموو كەسێكیش هونەرمەند نییە كە ئێستا ئەم ناوەی لە خۆی ناوە بەجۆرێك مرۆڤ هەست بە شەرمەزاری دەكات كە بە هەندێكیان بڵێت هونەرمەند، بۆیە ئەوەی سروودێك بۆ پێشمەرگەش بڵێت دەبێ سروودەكە شایەنی ئەو ناوە بێت لەرووی ئاواز و تێكست و ئەدایەوە و تا چەند كاریگەریی هەیە، ئەگەر وا نەبێت نەگوترێت زۆر باشترە، بەڕای من هەموو كەسێك پێویست ناكات سروود بڵێت، چونكە زۆر لەو سروودانەی ئێستا پێشكەش دەكرێن مەرجە زانستی و ئەكادیمییەكانی سروودیان تێدا بەدی ناكرێت، با ئەو كەسە سروود بڵێت كە بە تەواوی كاریگەریی بەسەر پێشمەرگە هەبێت و ببێتە هۆی بەرز كردنەوەی ورەیان.
* مەرجەكانی سروود چین بۆ ئەوەی هونەرمەندان زانیارییان لەسەر هەبێت و پەیڕەوی بكەن؟
- سروود لە گۆرانیی ئەڤینداری، یان كۆمەڵایەتی جیاوازە، لەو كاتەدا دەوترێت كە رووداوێكی گرنگ و گەورە لە نێو میللەتدا هەبێت، وەك شۆڕشێك، یاخود پێشكەوتن، یان شەڕێك كە بە سەر میللەتدا سەپێندرابێت، بەجۆرێك ئەو كەسەی گوێی لێ بێت، ورەی بەرزتر بێتەوە و ئامادە بێت لە پێناو كێشە رەواكەی گیانی خۆی بكاتە قوربانی، بۆیە پێویستە تێكستەكەی زۆر بەهێز و كاریگەر بێت و بە وردی هەڵبژێردرابێت و شیاو ئەو رووداوە بێت كە بۆی وتراوە مێژوو سیاسی و خەبات و شۆڕش و كەلتوور و قارەمانێتی نەتەوەكەی لە سروودەكەدا ببینرێ و هەستی پێ بكرێت، ناكرێ هەر كەسێك بێتو تێكستی سروودێك بنووسێتەوە و كەسێكی ناسراو بێت كە ناو و سەنگی خۆی هەبێت، ئاوازەكەیشی دەبێ كاریگەریی لەسەر هەستی پێشمەرگە و هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە هەبێت، ئەو كەسەی كە سروودەكە دەڵێت لە چ ئاستێكی هونەریدایە كە شایەنی ئەوەی بێت ئەو تێكست و ئاوازە پێشكەش بكات، ئایا مێژوو و ناوبانگی ئەو هونەرمەندە لە نێو میللەت لە چ ئاستێكدا، تەنانەت رووخساری هونەرمەندیش لە وتنی سروود زۆر گرنگە، هەروەها زۆر گرنگە ئەو سروودە چۆن تۆمار دەكرێت و دابەشكردنەكەی چۆنە، سروود خۆش و كاریگەر سەرنجی گوێگر رادەكێشێت بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرێت.
* زاخۆ بە شاری هونەرمەندان ناسراوە لەسەر ئاستی كوردستان، ئێستاش بە دەیان هونەرمەند لەو شارەدا هەن، ئایا ئەوانەی ئێستا هەن توانیویانە شوێنی ئەیاز و ئەردەوان و هونەرمەندانی دیكە پڕبكەنەوە؟
- دیارە هونەری كوردی لەسەر دەستی چەند كەسێكەوە بەردەوام بووە كە لە رۆژە تاڵ و سەختەكاندا بەرگرییان لە هونەری كوردی كردووە، بوونی هونەرمەندانیش بە بەردەوامی لە شاری زاخۆ، بەهرەیەكە خوای گەورە بەو شارەی بەخشیوە، بەڵام موستەحیلە هیچ هونەرمەندێك بتوانێت شوێنی ئەردەوان، یان ئەیاز بگرێتەوە، رەنگە لە زۆر رووەوە ئاستیان لەوان بەرزتر بێت، بەڵام كەس ناتوانێت شوێنی كەسی دیكە بگرێتەوە، ئەو رۆڵەی ئەیاز و ئەردەوان لە سەردەمی خۆیان بینییان بە جۆرێك بوو كە تا هەتایە كارەكانیان بە زیندوویی بمێنێتەوە لای هەر تاكێكی كورد و ئێمەش سەربەرزین پێیان.
* كاریگەریی دەوروبەر لەسەر هونەری دەڤەری ئێوە هەیە؟
- بێگومان نەك تەنیا لە دەڤەری ئێمە، بەڵكو ئەم كاریگەرییە لە سەرتاسەری كوردستان هەستی پێدەكرێت، پێشتر ئێمە تەنیا پشتمان بە كەلتوور و فۆلكلۆری خۆمان دەبەست بۆیە كارەكانمان پاك و بێگەرد بوو، ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە بەهۆی تەكنۆلۆژیاوە هونەرمەند دەتوانێت گوێ لە هونەری هەموو نەتەوەكانی دیكە بگرێت و تێكەڵ بە هونەری كوردیی بكات، هەروەها ئەوەندەی گرنگی بە چەندایەتی دەدەن ئەوەندە گرنگی بە چۆنایەتی نادەن كە ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە و زیانیش بە خۆیان و هونەری كوردیش دەگەیەنێت.
* هیچ هۆكارێكی دیاریكراو هەبوو كە ئەم هەموو هونەرمەندە لە زاخۆ هەڵبكەون؟
- من پێموایە ئەمە پەیوەندی بە خەڵكی شارەكەوە هەیە، لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول هونەریش لە زاخۆ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، پێشتر محەمەد عارف و مریەم خان و حەسەن جەزراوی هەبوون كە لە جزیرەی بۆتانەوە هاتن لە زاخۆش چەند هونەرمەندێك هەبوون تاهیری سەعید عەبۆ و مەجیدی عیسا، بەڵام لەو ئاستە بەرزە نەبوون كە لە سەرتاسەری كوردستان بناسرێن، بە گشتی وەك گوتم ئەمە پەیوەندی بە پەیوەست بوونی خەڵكی زاخۆوە هەیە بە دۆزە رەواكە، هەروەها هێرشە بەردەوامەكانی دوژمنیش بوونە ئەگەرێك بۆ برەودان بە هونەر، من لەبەر هۆكاری سیاسی دوورخرامەوە بۆ باشووری عێراق، ئەم دوورخستنەوەیە بووە هۆی ئەوەی كە هەستی خۆم بەرامبەر بە وڵات و ئەو دۆخە دژوارەی تێیكەوتین لە رێگای شیعرەوە دەری ببڕم، هەروەها سروشتی جوانی زاخۆ و رووباری خابوور و هەڵكەوتەی جوگرافیی كە نزیكە لە جزیرەی بۆتان كە لە هونەردا زۆر پێشكەوتووە، ئەمانە هەموویان ئەگەر بوون بۆ دەركەوتنی هونەرمەندی بە توانا لەو شارە و هیچ پەیوەندییەكی بەوەوە نییە كە هەندێك كەس پێیان وایە ئاوی خابوور هۆكارێكە بۆ دەنگخۆشی خەڵكی زاخۆ، هەروەها بۆ مێژوو دەیڵێم چۆن كوردایەتی و نیشتمانپەروەری بەستراوەتەوە بە ناوی (بارزانی)یەوە و هۆكارێك بووە بۆ ناساندنی میللەتی كورد لەسەر ئاستی جیهان، بە هەمان شێوە ئەگەر ئێمە چەند كەسێك نەبوینایە ئەوا ئەم هەموو هونەرمەندە لەو شارە دەرنەدەكەوتن.
* تا چەند لە ئاستی هونەرمەندانی زاخۆ رازیت؟
- من هاوكاری زۆر لە هونەرمەندانم كردووە و تا ئێستا گۆرانیم داوەتە 63 هونەرمەند، بەڵام لە ئاستی هەموویان رازی نیم، هەندێكیان لە ئاستێكی زۆر باشدان و لێیان رازیم، بۆ نموونە رێكیش یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە چاوەڕێی دواڕۆژێكی باشی لێدەكرێت، كەسێكی بەتوانایە لە رووی دەنگ و رەوشتی و كەسایەتییەوە و پێشبینی دەكەم بگاتە ئاستی ئەردەوان و ئەیاز، حاجی زاخۆیی خاوەن دەنگێكی زۆر خۆشە، بەڵام خەریكە گەورە دەبێت، عەبدولقەهار خاوەن دەنگێكی زۆر خۆشە، بەڵام بەداخەوە خۆزگە گوێی لە ئامۆژگارییەكانی من دەگرت، چەندین هونەرمەندی دیكەشمان هەیە لە ئاستێكی بەرزدان، خۆزگە پەیمانگایەكی هونەرە جوانەكان لە زاخۆ بكرابایەوە بۆ لە خۆگرتنی ئەم هەموو هونەرمەندانە.