نازێ عەزیزی:جاران خەڵك بە سروودەكان شەڕیان دەكرد، ئێستاش كەس نایڵێتەوە

نازێ عەزیزی:جاران خەڵك بە سروودەكان شەڕیان دەكرد، ئێستاش كەس نایڵێتەوە
ماوەیەكە خانمە هونەرمەند نازێ عەزیزی سەرقاڵی ئامادەكردنی بەرهەمێكی نوێیە كە سەرجەم گۆرانییەكانی بە زمانی فارسین، هەروەها بە نیازە كلیپێك بۆ شنگال و كۆبانێ لەگەڵ هونەرمەندێكی گەورەی ئێرانی تۆمار بكات، بۆ باسكردنی ئەم بابەتانە بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ساز بكەین.



* زۆربه ی هونه رمه ندان به م دواییه سروود و گۆرانییان بۆ پشتیوانیكردن له پێشمه رگه بڵاوكرده وه، نازێ بۆ پشتیوانیكردن له پێشمه رگه چی كردووه؟
- راستە بەشێك لە هونەرمەندان سروودیان بۆ پێشمەرگە گوت و زۆریشیان نەیانگوت، بەڵام زۆربەشیان تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ناوبانگ دەرخستنی زیاتر سروودیان گوت، یان نوێيان كردەوە، نەك بۆ پێشمەرگە، ئەمەش وای لە من كرد كە نەیڵێم، چونكە بە حوكمی ئەوەی لە نێو خەڵكدا بووم ئەم قسانەم لێیان دەبیست و دەیانگوت لە جیاتی ئەوەی بێن گۆرانییەك، یان سروودێك بڵێن كارێكی دیكە بۆ پێشمەرگە بكەن باشترە، بۆ نموونە كۆنسێرتێك ساز بكەن، یاخود كومەكێكیان بۆ كۆبكەنەوە، منیش ئەمەیانم پێ باشتر بوو لە وتنی سروودێك یان گۆرانییەك.

* كەواتە تۆ پێتوایە وەك پێویست جەماوەر پێشوازیی لەم سروودانە نەكردووە؟
- ئەوەی من تێبینیم كردووە ئەوەیە كە زۆربەی ئەوانەی سروودیان وتووە لەم ماوەیە، تەنیا مەبەستیان ناوبانگ پەیداكردنی زیاتر بووە.

* هەندێك لە هونەرمەندان پێشتر كە سروودیان دەوت، ژمارەیەكی دیكەیان سروودیان پێ باش نەبوو، كەچی ئێستا خۆیان دەستیان كردووە بە سروود وتن، یان دووبارەكردنەوەی، چی بەو ئەم هونەرمەندانە دەڵێی؟
- من كاتێك لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووم كە ژێردەستە و ئازاد نییە بە هۆی هەستی نەتەوایەتی و دوورەوڵاتى سروودم وتووە، بەڵام دوای ئەوەی هاتینە باشوور كە ئازادە، زۆر زۆر بەداخەوە بینیمان كە زۆر كەس قەدری ئەو ئازادییە و دەستكەوتەكانی نازانن، بۆ نموونە دەیانوت ئیدی تەواو جارێكی دیكە لە كوردستان شەڕ رووناداتەوە، بەڵام ئێستا خۆمان بارودۆخەكە دەبینین و دەزانین بەردەوام كوردستان رووبەرووی شەڕ و گێچەڵی حكومەتی بەغدا و هەڕەشەی دیكەیش دەبێتەوە، سەبارەت بە سروودیش من هەست دەكەم بەو شێوەیەی كە پێشبینییان كردووە لەلایەن خەڵكەوە پێشوازیی لێنەكراوە، بۆ نموونە زۆربەی خەڵك سروودەكانیان لەبەر نەكردووە، بەڵام پێشتر وانەبوو، هەموومان دەزانین كە پێشتر هونەرمەندان سروودیان وتووە و خەڵك شەڕی بەو سروودانە كردووە، من منداڵ بووم لە بیرمە كە خەڵك بە دەنگی محەمەد جەزا و شڤان پەروەر و ناسر رەزازی و میكایل شەڕی كردووە، بەڵام ئێستا وا نییە، باوەڕناكەم پێشمەرگە سروودەكانی ئێستایان لەبەر بێت و بزانن بیڵێنەوە، چونكە سروودەكان كاریگەرییان نییە و بە دڵ ناكرێ، بۆ نموونە دەچن لە بەرەكانی جەنگ چەند گرتەیەك تۆمار دەكەن و دەیكەنە ڤیدیۆ، نازانم بۆچی ناچن پارەی ئەم كلیپە پێشكەش بە پێشمەرگە و خانەوادەكانیان بكەن، یان بچن سەردانی خانەوادەی شەهیدەكان بكەن و سەرەخۆشییان لێبكەن، من وەكو نازێ لەم كارانە رازی نیم.

* جیاوازی چییە لە نێوان ئەو سروودانەی كە پێشتر لە سەردەمی شەڕی ئازادكردنی كوردستان بەو ئیمكانیاتە بچووكانەوە دەوترا لەگەڵ ئەو سروودانەی ئێستا دەوترێن؟
- پێشتر سروودەكان بە دڵ و تەنیا بۆ كوردستان دەكرا و گوزارشتی لە حەز و ئاواتی و هیواكانی میللەت دەكرد، بەڵام ئێستا تەواو پێچەوانەیە.

* ماوەیەك سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی فارسی بووی، ئێستا كارەكانی ئەم بەرهەمەت بە كوێ گەیشتوون؟
- من زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی ئەم بەرهەمە فارسيیەم، خەڵكێكی زۆر داوایان لێكردم بە فارسی گۆرانی بڵێم، منیش پێموابوو وەكو كچە كوردێك تا بە زمانی دیكەی غەیرە كوردی گۆرانی بڵێین، دەتوانین كاری زیاتر بكەین، من خۆم وەك نوێنەرێك دەبینم، چونكە كچە كوردێكم بە زمانی فارسی گۆرانی دەڵێم بۆ ئەوەی لە نێو فارسیش وەك كوردێك بناسرێم.

* لەو گۆرانییە فارسيیانە ئایا هیچیان گوزارشتیان لە كورد كردووە، یاخود پێوەندی بە كوردەوە هەبووە؟
- گۆرانییە فارسییەكانی من زۆربەیان گۆرانی ئەڤیندارین، بەڵام لە رێگەی جلوبەرگی كوردی، یان لە رێگای پەیجەكەمەوە دەزانن كە من كچە كوردێكم بە زمانی فارسی گۆرانی دەڵێم، سەركەوتنم لە گۆرانیی فارسیدا بە دەستكەوتێكی دەزانم بۆ كاروانی هونەری خۆم.

* گۆرانییەكانت بە كوردى سەركەوتوو بوون، ئایا چاوەڕێ دەكەی لە زمانی فارسیشدا بەم شێوەیە سەركەوتوو بی و هەمان دەنگ و سەدایان هەبێت؟
- بەڵێ من پێموایە گۆرانییە فارسییەكانیشم دەنگ و سەدای خۆیان دەبێت، چونكە ئێستا وەكو گۆرانیبێژ چەندین بەرنامەیان لەسەر گۆرانییەكانی من ئامادە كردووە، لە زۆر شوێنیش داوەت كراوم لەلایەن میدیا فارسییەكانەوە، ئێستاش چاوەڕێی كلیپی تازەی منن بە زمانی فارسی، هەروەها لە چەندین سایتی فارسی بینەرانی گۆرانییەكانی من لە زۆر هونەرمەندی فارسیش زیاترن.

* لە فارسەكان ئەوانەی یارمەتییان دای وەك تێكست و ئاواز زیاتر كێن؟
- رەنگە ئەو هونەرمەندانە لە كوردستان زۆر ناسراو نەبن، بەڵام لەگەڵ ئۆركێسترای زۆر باشی ئێرانی كارم كردووە.

* ئەی كارەكانی ئەم گۆرانيیانەت لە كوێ كردووە؟
- زۆربەی كارەكانم لە ئەمریكا و تاران ئەنجامداوە، رەنگە كلیپەكانیش لە كوردستان تۆمار بكەم.

* ئێستا كوردستان بە بارودۆخێكی سەخت و ناخۆشدا تێدەپەڕێت، چاوەڕێی ئەوە ناكەی پێشوازی جەماوەری كورد لە گۆرانییەكانت پێچەوانە بێتەوە كە دەبینن كچە كوردێكی خانەوادەیەكی شۆڕشگێڕ لەو كاتەدا بە زمانی فارسی گۆرانی بڵێ؟
- بێگومان رەنگە كارێكی وا رووبدات، بەڵام سپۆنسەرەكانم خەڵكی ئێرەن و دیارە شتێكیان بینیوە و پێیانخۆشە كچێكی كورد سەركەوتوو بێت و بەردەوام بێت لە گۆرانی وتن و كاری هونەری خۆیدا.

* بیرت لەوە نەكردۆتەوە دیۆیەك لەگەڵ هونەرمەندێكی فارس بڵێی بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی؟
- من ئێستا بەرنامەم هەیە بۆ ئەم كارە و چەند پێشنیارێكم پێشكەش كراوە لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی زۆر باش، بەڵام چاوەڕێی هەبوونی سپۆنسەرێك دەكەین.

* ئەو هونەرمەندانە لە چ ئاستێكدان؟
- یەكیان (موعینی ئەسفەهانی)یە كە پێویست بە ناساندنی ناكات و لە هەموو لایەك ناسراوە، ئەوی دیكەشیان هونەرمەند عارفە.

* گۆرانی ئەڤیندارییە؟
- نەخێر، گۆرانییەكە بۆ كوردستانە بۆ شنگال و كۆبانێ و بڕیار وایە ئەوان بە فارسی و منیش بە كوردی بیڵێم، ئێستا موزیكەكەی تەواو بووە و وەك وتم چاوڕێی بوونی سپۆنسەرێكین بۆ ئەوەی دەستی پێبكەین.

* هیچت بۆ ئافرەتانی شنگال كردووە؟
- زۆر بەداخەوە بۆ ئەو كارەساتەی لە شنگال روویدا، هیوادارم بتوانم كارێكی هونەری پێشكەش بەو ئافرەتانە بكەم كە لە ئاست گەورەیی كارەساتەكە بێت، من هەمیشە هەوڵ دەدەم كە ببمە هاواری ئافرەتانی كورد و میللەتی كورد لە رێگەی هونەرەوە.

* ئەندازیاری كشتوكاڵى و ئەمە چ پێوەندییەكی بە كاری هونەرييتەوە هەیە؟
- نەخێر ئەندازیاریی كشتوكاڵی هیچ پێوەندییەكی بە كاری هونەرییەوە نەبووە، بەڵام ئەمە كار و پسپۆڕی خۆمە، ئەگەرچی ماوەیەكە لەم بوارە دووركەوتوومەتەوە و كاتی خۆم بۆ كارە هونەرییەكان تەرخان كردووە.

* بەڵام پەیداكردنی بژێوی ژیان بۆ هونەرمەندێكی ئافرەت لە رێگەی هونەرەوە كارێكی زەحمەت نییە؟
- من هیچ كاتێك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان پشتم بە كاری هونەری خۆمەوە نەبەستووە.

* نەبوونی سپۆنسەر كارێكی زەحمەتە، چۆن دەتوانین ئەم گرفتە چارەسەر بكەین؟
- كۆمپانیا هونەری زۆرمان هەیە، بەڵام كار تەنیا بۆ هەندێك كەس دەكەن بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی پشت بە لەش و لاری خۆیان دەبەستن، منیش بۆ گۆرانییە كوردییەكان سپۆنسەرم نییە، بەڵام بۆ كاری فارسی سپۆنسەرم هەیە.





Top