ئاڵا رەیانی:بە گۆرانی و سینەما میللەتی كورد زیاتر بە جیهان دەناسرێت هیوادارم منیش بەشێك بم لەو كارە

ئاڵا رەیانی:بە گۆرانی و سینەما میللەتی كورد زیاتر بە جیهان دەناسرێت هیوادارم منیش بەشێك بم لەو كارە
ئاڵا رەیانی كچە كوردی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە، خاوەن دەنگ و توانایەكی بەرزی هونەرییە و ئەگەرچی لە سوید دەژی و بە حوكمی گۆرانی وتنی بە زمانی ئینگلیزی و سویدی ئاشنایەتییەكی زۆری لە بارەی گۆرانی و موزیكی كوردی نییە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی وتنی گۆرانیی كلاسیكی كوردییە و ئەندامێكی گرووپی موزیكی دەنگەكانە وەكو گۆرانیبێژ و لە گشت كۆنسێرتەكانی ئەم گرووپەدا بەشداری كردووە، لە هەمان كاتدا وەك ئەكتەریش لە دوایین فیلمی دەرهێنەری ناوداری كورد شەوكەت ئەمین كوركی بەشداری كردووە، لەم دیمانەیەشدا وەڵامی چەند پرسیارێكی بەشی هونەری گۆڤاری گوڵان دەداتەوە.



• چۆن بوو پەیوەندیت بە (گرووپی دەنگەكان)ـەوە كرد؟
دەتوانم بڵێم بە رێكەوت بوو، چونكە كەسێكی ناسیاومان كە دەنگی منی بیستبوو، سەبارەت بە دەنگی من قسەیان لەگەڵ مامۆستا وریا ئەحمەد كردبوو، ئەویش داوای كرد من ببینێت، بەڕێزەوە كاتی خۆی بۆ من تەرخان كرد منیش چەند گۆرانییەكم بۆ گوت، دوای بیستنی دەنگی من وتی: پێمخۆشە لەگەڵ یەكتر كار بكەین، ئەوە بوو هەفتانە رۆژێك دەچوومە لای بۆ مەشق و كاركردن لەسەر دەنگ.
• پێش ئەوەی پێوەندی بەم گرووپەوە بكەی لە كوێ گۆرانیت وتبوو؟
- من لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستم بە گۆرانیوتن كردووە و شیعریشم نووسیوە و میلۆدیم ئامادە كردووە بە زمانی ئینگلیزی، هەمیشەش خەونم بەوەوە دەبینی بتوانم بە زمانی كوردیش گۆرانی بڵێم، بەڵام ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە كە لەگەڵ هونەرمەند و موزیسیانی دیكەی كوردی كار بكەم، ماوەی 4 ساڵە من زیاتر ئاشنای گۆرانی و شیعر و هونەرمەندی كوردی بووم، هەروەها گۆرانی وتن بە زمانی ئینگلیزی و سویدی پێویستی بە تەكنیكی تازە و جیاواز هەیە لە تەكنیكی كوردی و بە حوكمی ئەوەی من لە سوید گەورە بووم، بۆ من ئەمە كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام پێش دوو ساڵ بڕیارم دا بێمەوە كوردستان بۆ ئەوەی كەسێك بدۆزمەوە كە یارمەتیم بدات و كار لەسەر دەنگی من بكات، كار كردنم لەگەڵ مامۆستا وریا دەرفەتێكی باشی بۆ رەخساندم بۆ ئەوەی خەونەكەم بێتەدی.
• ئەی بە فارسی گۆرانیت نەوتووە؟
- نەخێر گۆرانیم بە فارسی نەوتووە، چونكە هەمیشە هەوڵمداوە ئاشنایەتی و شارەزاییەكی زیاترم دەربارەی موزیك و گۆرانیی كوردی هەبێت، باوكم سەنتوری دەژەنی و دایكیشم لە هونەرەوە نزیك بووە، بۆیە بۆ من شتێكی نوێ و نامۆ نەبوو تەنیا ئەوە نەبێت گۆرانیم بە زمانی كوردی نەوتبوو، كاتێك دەستم پێكرد بۆ ئەوەی بیڵێم، لەو كاتەشەوە گوێم لە گۆرانیی فارسیش گرت و مەشقم لەسەر فارسیش كرد و كەمێك بە فارسیش گۆرانیم دەوتەوە.
• پێش ئەوەی لەگەڵ مامۆستا وریا كار بكەی هیچ بەرهەمێكی بڵاوكراوەت نەبوو؟
- نەخێر تەنیا بە ئینگلیزی گۆرانیم وتووە، بەڵام ئەمساڵ گۆرانییەكم بڵاو كردۆتەوە كە گۆرانییەكی سویدییە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، دەنگی گۆرانییەكە و كلیپەكەیشم هەر لە كوردستان تۆمار كردووە، بەڵام موزیسیانەكان لە سوید بوون و دەرهێنەری كلیپەكەش هەر لە سویدەوە هاتبووە هەولێر تەنیا بۆ تۆماركردنی ئەو گۆرانییە، بۆیە دەتوانم بڵێم كلیپەكە تێكەڵێكی جوانە لە نێوان سوید و كوردستان و داهاتی كلیپەكەم پێشكەش بە ئاوارەكانی كوردستان دەكرێ، ئەوانەی ئێستا لە كەمپەكاندا بە ناخۆشترین كات ژیانیان دەگوزەرێنن.
• تا ئێستا هونەری ئینگلیزی، یان فارسی كاریگەریی بەسەر تۆوە هەبووە؟
- زمان و گۆرانی فارسی بە زۆر كاریگەری بەسەر منەوە نەبووە، رەنگە ئینگلیزییەكە تا راددەیەك كاریگەری هەبووبێت، ئەگەرچی گۆرانیشم بە زمانی كوردی نەبووە، بەڵام كاریگەریی هونەری كوردی بەسەر منەوە هەیە، چونكە كاتێك گۆرانییەكی ماملێ، یان حەسەن زیرەك دەبیستم هەست دەكەم جۆرە پەیوەندییەكم بە بیر دەهێننەوە لە نێوان من و دایك و باوكم و كوردستان و رەچەڵەكی خۆم كە كوردییە.
• بە حوكمی ئەوەی زانیاری و شارەزاییت لە هونەری ئینگلیزی و سویدی هەیە هەستت كردووە دەتوانی سوود لەم هونەر و موزیكە وەربگری و لە هونەری كوردیدا بەكاریان بهێنیت؟
- بێگومان سوودی دەبێت و پێموایە لە هەر بوارێكی دیكەی ژیان شارەزایی دەربارەی كەلتووی هەر نەتەوەیەك هەبێت، هیوادارم بتوانم ئەو شارەزاییەی هەمە لە بەرهەمەكانی داهاتووم سوودی لێ وەربگرم و بە تەواوی رەنگ بداتەوە و ئیزافەیەكی دیكە بخاتە سەر كاروانی هونەریم و كاتێك كەسێك گوێ لە گۆرانییەكانم بگرێت هەست بەوە بكات كە جگە لە هونەری كوردی شارەزاییم لە هونەری گەلانی دیكەش هەیە، بەڵام سەرەتا حەز دەكەم لە گۆرانی و موزیكی كوردی زیاتر ئاشنا بم ئەو كاتە ئەو ئەزموونەی لە هونەری بیانی هەمە بە تەواوی رەنگ دەداتەوە و جەماوەریش هەستی پێدەكات.
• بۆ ئەوەی ئاشنایەتی زیاترت درەبارەی هونەری كوردی هەبێت، چ هەنگاوێكت ناوە، یان بە نیازی لە داهاتوودا چی بكەی ؟
- لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی تایبەتی مامۆستا وریا ئەحمەد و گرووپی (زیرۆبەم) بكەم كە زۆر خۆیان لەگەڵ من ماندوو كردووە و ماوەی ساڵ و نیوێك لەگەڵیان مەشقم كردووە و لەو ماوەیەدا هەفتانە چەندین جار چوومەتە لایان، هەر لەم ماوەیەدا هەستم كرد كە پێویستە زیاتر لاسایی هونەرمەندانی كوردی بكەمەوە و گوێ لە گۆرانییە كوردییە جیاوازەكان بگرم و ئەمەش بە بەشێكی دیكەی فێربوون و ئاشنا بوونم بە گۆرانی و موزیكی كوردی دەردەخات و پێویستە زیاتر فێر ببین، چونكە من كە بە زمانی ئینگلیزیش گۆرانیم وت، رووم لە كلاس كردووە و بە شێوەیەكی ئەكادیمی لە بوارەی گۆرانی و هونەری ئینگلیزی خوێندوومە و پێموایە هونەرمەند پێویستە بەردەوام لە بواری هونەر بخوێنێ و شارەزایی هەبێت و فێری تەكنیكی نوێی گۆرانی و موزیك ببێت، ( گرووپی دەنگەكان)یش بۆ من دەرفەتێكی باشە تاكو زیاتر فێر بم بەتایبەتی لەژێر دەستی مامۆستایەكی گەورەی وەك وریا ئەحمەد، چونكە بە هەموو شێوەیەك هاوكاری و پشتیوانیم لێدەكەن.
• دەربارەی موزیك و گۆرانی هیچت خوێندووە؟
- من هەر لە تەمەنێكی زوودا بۆ ماوەی شەش ساڵ گیتارژەن بووم، دواتر لە قوتابخانەی دەنگ خوێندوومە بۆ ئەوەی بتوانم لە رووی زانستیشەوە سوود لە دەنگی خۆم ببینم.
• ئێستا لە سەرەتای كاروانی هونەری خۆتی بە زمانی كوردی، چیت لە بەرنامەدایە بۆ ئەوەی ئاڵا رەیانی زیاتر لای جەماوەری كوردی بناسرێت ؟
- من بڕوام بەوە نییە كە هونەرمەند لە ماوەیەكی كورتدا بناسرێت و ناوبانگ پەیدا بكات، بێگومان ئەو رۆژەی كە جەماوەر حەزی لە دەنگی هونەرمەند بێت، ئەو رۆژە هەر دێت، ئەگەر هونەرمەندەكە خۆی ماندوو بكات و كاری جوان پێشكەش بكات، دەبێ جەماوەر خۆی هونەرمەند بناسێت و دەنگ و كارەكانی لای پەسەند بێت، ئەمەش بە رۆژێك و دوو رۆژ نایەتە دی، لەوانەیە چەند ساڵێكی پێویست بێت، منیش دەستم پێكردووە و قۆڵم لێی هەڵماڵیوە و لەگەڵ گرووپی دەنگەكان بەردەوام دەبم، چونكە پشتیوانیی هونەرمەندان زۆر گرنگە بۆ هونەرمەندێكی وەكو من، لە بەرنامەمدایە جارێكی دیكە بێمەوە كوردستان بۆ كاری زیاتر و لەلایەن خۆشمەوە بەردەوام دەبم لە مەشقكردن لەسەر گۆرانییە كوردییەكان.
* بیستوومانە جگە لە گۆرانی، بەشداریت لە كاری نواندنیشدا كردووە، دەكرێ هەندێك باسی ئەو لایەنەشمان بۆ بكەی؟
- ئەو دوو ساڵەی لە كوردستان بووم سوودێكی زۆری بۆ من هەبوو هەر ئەو ماوەیە بەشداریم لە فیلمێكی درێژی دەرهێنەر شەوكەت ئەمین كرد بەناوی (بیرەوەری لەسەر بەرد) كە چەند خەڵاتێكیشی بەدەستهێناوە و بڕیارە لە فیستیڤاڵی یۆتۆبۆری لە سویددا بەشداری بكات، ئەمەش بۆ من ئەزموونێكی زۆر باش بوو، چونكە كوردانی هەموو پارچەكان تێیدا بەشدار بوون، هەر لەوێشەوە بۆ من دەركەوت كە بەرهەمهێنانی فیلم لە كوردستان چەند سەختە بە بەراورد لەگەڵ كورتە فیلمێكی بچووك كە لە شوێنێكی وەك سوید بەرهەم بهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سینەماكارانی كورد كاری زۆر جوان پێشكەش دەكەن، من هیوادارم بتوانم لە بواری سینەماشدا بەردەوام بم، چونكە بە گۆرانی و سینەما میللەتی كورد زیاتر بە جیهان دەناسرێت هیوادارم منیش بەشێك بم لەو كارە، حەز دەكەم باڵانسێك لە نێوان گۆرانی و موزیك و سینەمادا درووست بكەم، بەڵام حەز دەكەم وەكو گۆرانیبێژ بناسرێم، چونكە گۆرانی بۆ من خەونی منداڵی بووە و خەریكە ئێستا ئەو خەونەم دێتەدی.


Top