شەیما عەباسی:پێویستە سینەما پەرەی زیاتری پێ بدرێت
* ئەو رۆڵانەی دەیبینی هیچ پێوەندییەكیان بە سەما كردنەوە هەیە؟
- هەرچەندە من لە بواری سەماكردنیش كارم كردووە، بەڵام ئەو رۆڵانەی تا ئێستا بینیومن لە سینەما هیچ پێوەندییەكی بە سەما كردنەوە نەبووە، هەر بۆیەش سیناریۆی فیلمێكم پێشكەش كراوە كە باس لە ئافرەتێكی سەماكار دەكات.
* كەواتە سوودت لە سەما كردن بینیوە لە سینەما و شانۆ؟
-بێگومان لەرووی جەستەیی و ئیستعیرازییەوە سوودێكی زۆرم لێ بینووە، چونكە نواندن پێویستی بە جەستەیەكی گونجاو هەیە كە بتوانێت بە ئاسانی جوڵەكان ئەنجام بدات.
* زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت كە وروژاندن و گرتەی سەرنجڕاكێش دوو تایبەتمەندیی سینەمای مەغریبین، ئەمە تا چەند راستە؟
- سوپاس بۆ خوا سینەمای مەغریبی بەردەوام لە سەركەوتندایە و پێش دەكەوێت، بۆیە ئەم تۆمەتانە بۆ من گرنگ نین و كاریگەرییان بەسەر منەوە نییە.
*پێتوایە وروژاندن كارێكی پێویستە بۆ سەركەوتنی كاری سینەمایی؟
-نەخێر، چونكە سینەما واقعی نیشان دەدات بە هەموو مانایەكەوە بە گرتەی سێكسی و وروژاندنیشەوە، راستە مەرج نییە چیرۆكی هەموو فیلمەكانی واقعی بێت، بەڵام وروژاندن كارێكی پێویست و سەرەكی نییە بۆ ئەوەی فیلم سەركەوتوو بێت.
* هیچ بابەتی كۆمەڵایەتی هەیە كە پێویستی بە وروژاندن بێت بۆ ئەوەی بگاتە جەماوەر وەكو پێویست؟
- نەخێر وەكو پێشتر وتم مەرج نییە بابەتە كۆمەڵایەتییەكان بە وروژاندن بگاتە جەماوەر و پێشوازیی لێ بكات .
* كەواتە بۆچی سینەمای مەغریبی بەمە تۆمەتبار دەكرێت؟
- دڵنیام تەنیا ئیرەیی پێ بردنە، ئێستا كەسانێكی زۆر ئیرەییمان پێ دەبەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەبینن سینەمای مەغریبی بەردەوامە لە سەركەوتن.
* تۆ خۆت ئامادەی ئەم جۆرە رۆڵانە ببینی؟
- نەخێر بە هیچ شێوەیەك ئامادە نیم و ئەم جۆرە كارانە لای من رەت دەكرێنەوە تەنانەت بیریشیان لێ ناكەمەوە.
* بۆچی جەماوەری سینەما و شانۆ رووی لە كەم بوونەوەیە؟
- چونكە ئێستا نوێترین فیلمەكان لە ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان دەدزرێن.
* بەڕای تۆ چارەسەر چییە؟
- بە رێگا گرتن لەم دیاردە ناشیرینە، بەشێوەیەكی گشتی پێویستە سینەما لە هەموو روویەكەوە پەرەی زیاتری پێ بدرێت.
* سوودتان لە سینەمای فەڕەنسی وەرگرتووە؟
- من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە، بەڵام من وەكو شەیما تا ئێستا لە هیچ كارێكی سینەمایی فەڕەنسیدا كارم نەكردووە.
* من مەبەستم سینەمای مەغریبییە بەشێوەیەكی گشتی؟
- بێگومان ئەمە تا راددەیەك راستە، چونكە لە مەغریبدا كەلتووری فەڕەنسی بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو جومگەكانی ژیاندا بڵاوبووەتەوە.
* بە رای تۆ سینەمای مەغریبی پێشكەوتووترە یان سینەمای میسری؟
- من ماوەیەكە زیاتر گرنگی بە سینەمای مەغریبی دەدەم، چونكە سینەمای میسری وەكو جاران نەماوە.
* چی دەزانی دەربارەی سینەما و فیلمی كوردی؟
- لە فیستیڤاڵێكی سینەمایی لە مەغریب ژمارەیەك فیلمێكی كوردیم بینی و لە زۆر رووەوە سەرنجیان راكێشام و فیلمی سەركەوتوون.
* زیاتر چ لایەنێكی فیلمە كوردییەكان سەرنجیان راكێشای؟
- ئەوەی تێبینیم كرد زۆر بە قوڵەوە هەوڵ دەدرێت كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە وردی بخرێتە روو و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، هیوادارم ئاشنایەتی زیاترم دەربارەی فیلمە كوردییەكان هەبێت بەتایبەتی ئەوانەی لە مەغریب نمایش دەكرێن.