حەسنا مەتەر پشتیوانی لە پێشمەرگە دەكات

حەسنا مەتەر پشتیوانی لە پێشمەرگە دەكات
وه‌ك هانده‌رو پاڵپشتییه‌ك بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، خاتوو هونه‌رمه‌ندی لوبنانی حه‌سنا مه‌ته‌ر سه‌ردانی به‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد.
خاتوو مه‌ته‌ر له‌ سه‌ردانێكیدا بۆ میحوه‌ری خازری پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ستخۆشی و سوپاسی خۆی ئاڕاسته‌ی فه‌رمانده‌و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان كرد بۆ ئه‌و جوامێرییه‌ی به‌رامبه‌ر چه‌ته‌كانی (داعش) نواندوویانه‌و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان له‌سایه‌ی فیداكاری و به‌رگری پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ ئاسایش و ته‌ناهی ده‌ژین.
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یه‌وه‌، حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌ لێدوانێكدا رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تێكی ئه‌خلاقی به‌ باشمزانی سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان بكه‌م و جلوبه‌رگی ئه‌وان بپۆشم، پێشمه‌رگه‌ ئه‌مرۆ له‌ جیاتی هه‌موو جیهان شه‌ڕی تاریكپه‌رستی و تیرۆریستان ده‌كه‌ن و به‌جیهانیان راگه‌یاند كه‌ ئه‌فسانه‌ی (داعش) له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان تێكده‌شكێنرێت. گوتیشی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منیش له‌ كوردستان ده‌ژیم، بۆیه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم پاڵپشت و هانده‌ر بم بۆ برا پێشمه‌رگه‌كان و سوپاسی خۆراگری و فیداكاری ئه‌وانم، ژیانی ئاسووده‌ی ئێمه‌ له‌ سایه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌وانه‌.
له‌كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌یدا، حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ برا پێشمه‌رگه‌كان وێنه‌ی یادگارییان گرت و نانی نیوه‌رۆشی له‌گه‌ڵیان خوارد.
جێی باسه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ دووه‌م سه‌ردانی گۆرانیبێژی لوبنانیه‌ بۆ به‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، پێشتریش سه‌ردانێكی بۆ میحوه‌ری مه‌خمور ئه‌نجامدا بوو.
Top