بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێربە ترایلەرێك سەركەوتنەكانی پێشمەرگە نمایش دەكات
بە هونەر شان بەشانی برا پێشمەرگەكان خەبات دەكەین
«شاخەوان مستەفا» بەڕێوەبەری هونەریی سینەمای هەولێر دەربارەی ئەم كارە نوێیە كە خۆیشی وەك ئەكتەر تێیدا بەشدارە دەڵێت: لەو بارودۆخەی ئێستای كوردستاندا، كە تووشی شەڕێكی نەگریسی تاریكپەرستان هاتووە و ئێمەیش وەك توێژێكی باڵای كۆمەڵگە، دیارە چەكی دەستمان تەنیا بەرهەمهێنانی پڕۆژە هونەرییەكانە و بە ئەركی سەرشانی خۆمانمان زانیوە بۆ داكۆكیكردن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانیمان، لەم روانگەوە بە باشمانزانی شانبەشانی براكانمان لە بەرەكانی جەنگدا بین و، ئەركە پیرۆزەكەی خۆمان لە خزمەتی پێشمەرگە بەجێ بهێنین.
نابێ لە بارودۆخێكی لەم شێوەیەدا سینەماكاران بێدەنگ بن
«حەسەن عەلی»ی دەرهێنەر كە بە چەندین فیلمی بەرز خاوەن ژمارەیەك خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانییە و ئەركی دەرهێنانی ئەم كورتە فیلمەی لە ئەستۆ گرتووە، دەڵێت: ئێمەی هونەرمەندان چینێكی كارا و بەرچاوی نێو كۆمەڵگەین و لە كەسانی دیكە زیاتر هەست بە ناسكی و هەستیاریی ئەم بارودۆخە دەكەین، بۆیە ناكرێت لە بارودۆخێكی لەمشێوەیەدا بێدەنگ بین بەرامبەر بەو خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و، ئەو سەركەوتنە مێژووییانەی كە هەریەكێكیان داستانێكی نوێیە لە مێژووی قوربانیدانی گەلەكەماندا، من و هاوكارانم لە وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر، پڕۆژەیەكی خۆبەخشی تایبەتمان گەڵاڵە كرد، تا بتوانین گوزارشت لە خاكی بوونی ئەو هێزە قارەمانە بكەین، كە جارێكی تر ناوی گەلی كوردی خستەوە بەرگوێی جیهان، لە فیلمەكەیشدا هەوڵم داوە كۆكراوەی تەواوی بەرخۆدانی پێشمەرگە بخەمەڕوو.
قەرزاری بەیان عوسمانین
«بەیان عوسمان» كە بە ( وەنەوشە) ناسراوە ئەمە كاری یەكەمی نییە لەگەڵ حەسەن عەلی، چونكە پێشتر لە فیلمی (شیرین) رۆڵی پاڵەوانی بینیوە، ئەو خانمە هونەرمەندە هاوشانی هاوكارانی دیكەی لە بەڕێوەبەری هونەریی سینەمای هەولێر، بۆ یەكەمجار رۆڵی مامۆستا و خێزانی پێشمەرگەیەك بەرجەستە دەكات و لە یەكێك لە دیمەنەكانیشدا بە چاوێكی پڕ لە فرمێسكەوە خوداحافیزی لە هاوسەرە پێشمەرگەكەی دەكات، كە بەرەو جەنگ بەڕێ دەكەوێت و منداڵە بێنازەكەی بێ خەبەر بەجێ دێڵێت، وەك بەڕێوەبەری سینەمایش، ئاماژەی بۆ دەكات و دەڵێت: ئێمە قەرزاری «بەیان عوسمان»ـین بەوەی، كە پێمان گوت، ئێمە پڕۆژەیەكی وامان لا گەڵاڵە بووە، كە بچووكترین خزمەت بە خەباتی پێشمەرگە دەكەین، ئەو بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە ئامادەیی خۆی نیشان دا و، لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر كەوتەڕێ و بەشدار بوو لەگەڵمان و، لە ترایلەرەكەیشدا رۆڵی مامۆستایەكی خاكپەرست دەبینێت و لەگەڵ قوتابییە چاو پڕ لە فرمێسكەكانی هاوسەرە پێشمەرگەكەی بەڕێدەكات و، نزای بە بۆ دەكات بە سەلامەتی و بێ وەی بگەڕێتەوە.
گێڕانەوەی داستانەكان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا
رەنگە سەیربێت، كاتێك دەڵێین، ئەو هەموو قوربانیدانە و گێڕانەوەی ئەو خەباتە خوێناوییەی گەلی كورد لە كەمتر لە دوو خوولەكەدا شوێن بكرێتەوە، بەڵام دیارە دەرهێنەری فیلمەكە دەیەوێ ئەزموونی خۆی لە بواری سینەمادا، تەنیا لەو ماوە كورتەدا تاقی بكاتەوە، كە توانیویەتی تەواوی قۆناغەكان بە كەمترین ماوە نیشانی بینەر بدات.
كارێكی نوێ و جیاواز
وەك ئەوەی هەموو لایەك دەیبینین بەرپرسانی وڵات لەسەروی هەمووشیانەوە سەرۆك بارزانی لە پێشەوەی بەرەكانی جەنگدان و لە دژی شەمشەمەكوێرەكانی داعشدا دەجەنگن، «شاخەوان مستەفا» بەڕێوەبەری هونەریی سینەمای هەولێریش لەو ئەركەدا وەك پێشمەرگەیەك خۆی دەنوێنێ و، لە دوو قۆناغی جیاوازدا دوو رۆڵ دەنوێنێ، كە ئەو قۆناغانەیش سەردەمانی شەڕبوون لە دژی سیاسەتەكانی رژێمی پێشوو و ئێستا كە تیرۆرستان زۆر دڵڕەقانە بەربوونەتە گیانی پەپوولە ئاساكانی شەنگال و كۆبانێ، لە پاڵ ئەویشدا «بەهمەن حاجی» و «بەیان عوسمان» دەبینرێن، كە بوونەتە سێ پاڵەوانی سەرەكی لە فیلمەدا.
فیلمەكە بۆ هەموو كەناڵەكانە
ئەم كارە نوێیە لەبەرئەوەی لە سۆنگەی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتییەكی نەتەوەییە و بۆ تەواوی گەلی كورد دەبێتە موڵكی تەواوی كەناڵەكانی راگەیاندن، «جەمال جەباری» بەڕێوەبەری بەرهەمەكە گوتی: پڕۆژە هونەرییەكەی ئێمە، ئەمجارەیان جیاواز دەبێت و، سینەما جێدێڵێت و لە كەناڵەكانی راگەیاندن نیشان دەدرێت، بەو پێیەی كارێكی خۆبەخشانەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمە، دەبێتە كورتە فیلمێك لە شێوەی رێكلام بۆ گێڕانەوەی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد، بۆیە بڕیارمان داوە لە تەواوی كەناڵە ئاسمانی و نێوخۆییەكاندا نمایش بكرێت، رۆژانەیش چەند جارێك لە كەناڵەكاندا دووبارە بكرێتەوە، كە ئەمەیش گڕوتینێكی دیكە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبەخشێت، هاوكات هەستێكی نەتەوەیی لای بینەر و خەڵكی كوردستاندا دروست دەكات، كە هەمیشە چاوەڕوانی موژدەی سەركەوتن لەو هێزە دەكەن، رووپەڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە بە پێشمەرگە و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی براكانیانن كە ئێستا لە سەنگەردان لە دژی دوژمنانی ئەو گەلەدا.
وێنەكان لە دەربەندی گۆمەسپان گیراون
چەند هونەرمەندێكی بە توانا و خاوەن ئەزموون جگە لە ئەكتەرەكانی، لەم كارە نوێیەدا بەشداری دەكەن و هەر هەموویان بەبێ هیچ بەرامبەرێك لە كاركردن بۆ بەرهەم هێنانی ئەم فیلمە بەشداربوون، كە بریتی بوون لە «هاوكار فەرهاد» وێنەگر، «سیروان گلی» شاریۆ، «سەردار فكری» دەنگ هەڵگر.