مەریەم دۆستی:سینەمای كوردی دەتوانێ بەهێزتر بێت
مەریەم دۆستی پێی وایە سینەمای كوردی تا رادەیەك نوێیە بۆیە پێویستی بە كۆنتاكتی بەردەوام هەیە لەگەڵ سینەمای وڵاتانی دیكە و زیاتر دەڵێت: من هەندێك فیلمی كوردیم بینیوە كە لە ئاستێكی بەرزدا بوون و چاوەڕێی دواڕۆژێكی پرشنگداری لێدەكرێت، بەڵام پێویستە ئەوە بزانن كە هیچ سینەمایەك سەرەتا لە خۆیەوە درووست نەبووە بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی سینەمای دیكە وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی كە هەست دەكەن لە زۆر رووەوە لە یەكتر نزیكن، بۆ نموونە رەنگە زۆر خاڵی هاوبەش یان نزیك بە یەكتر لە نێوان نەتەوەی كورد و ئێرانی هەبێت لەرووی كۆمەڵایەتی و جوگرافی، بێگومان ئەمە لە سینەمای هەردوو نەتەوەكەشدا رەنگ دەداتەوە بە سوود وەرگرتن لەم ئەزموونە دەتوانن ببن بە خاوەنی سینەمایەكی زۆر باش، چونكە من پێموایە سینەمای كوردی هێشتا لە قۆناغەكانی سەرەتایە و دەتوانرێ زۆر بەهێز بێت.
ئەم ئەكتەر و نووسەرە ئێرانییە پێیوایە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سینەمای نەتەوەیەك ناكرێ ببێتە هۆی ئەوەی بە تەواوی خۆت بەو نەتەوە گرێ بدەیت، چونكە سینەما كارێكی كۆبەندییە و پێویستی بە هەماهەنگی هەیە، هەروەها پێویستە بە دیدێكی جیەانی نەك ناوچەیی دیاریكراو سەیری سینەما كوردی بكەین، هیچ جیاوازی نییە لەوەی تۆ سوود لە سینەمای ئەوروپی یان ئاسیایی و یان ئەفریقایی و ئەمریكاش وەربگری و دەكرێ لە هەر یەكێك لەم سینەمایانە سوود لە بەشێك وەربگری و هەموویان كۆبكەیتەوە و لە هەموو لایەكەوە سەیریان بكەی و ئەوەی پێویستت پێیەتی لە سینەمای كوردیدا بەكاری بەێنی بۆ ئەوەی بەهێز بێت.
بە حوكمی ئەو ناوبانگەی هەیانە و ئەو زانیاریانەی دەربارەی سینەماكارانی كورد هەیەتی و بیستوویەتی مەریەم پێیوایە سینەماكارانی كورد لە ئاستێكی بەرزدان و لەم بارەیەوە دەڵێ:
كە سینەمای كوردی سینەمایەكی نوێیە سینەماكارانی كورد دەتوانن زیاتر سوود لە ئەزموونی دیكە وەربگرن، چونكە سینەماكارانی كورد كە كەسانی بە توانا و لێەاتوون لە دەرەوە زیاتر بخوێنن دەربارەی زانستی سینەما و زانیاری و شارەزایی زیاتر وەربگرن و ئەوەی لە دەرەوە فێر دەبن و وەری دەگرن بێن لە كوردستان پیادەی بكەن، بە هەمان شێوە پێویستە دەرفەتێكی وا بڕەخسێت سینەماكارانی دەرەوە سەردانی كوردستان بكەن و لە نزیكەوە ئاشنای بارودۆخەكە بن، بۆ نموونە من خۆم بەر لەوەی ئەم جارە بێم دیدێكی دیكەم سەبارەت بە كوردستان هەبوو، وام هەست دەكرد كە كوردستان لەرووی ئەمن و ئاسایشەوە سەقامگیر نییە بگرە چەندین جار بە رەسمی داوەت كراوم نەمتوانیوە بێم، بەڵام ئەم جارە كە هاتم وێنەی راستەقینەی هەولێرم بینی كە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بۆیان باس كردبووم، وڵاتێكی ئاوەدانە و ئاسایش سەقامگیرە، پێویستە سەقامگیری و ئاسایش بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لەرووی فەرهەنگییەوە ئاڵۆگۆڕی زیاتر هەبێت لەنێوان كورد و هەموو گەل و نەتەوەكانی دیكە لەم نێوەندەدا سینەماش پشكی ئەم ئاڵۆگۆڕەی بەر دەكەوێت بە حوكمی ئەوەی كە پەیوەست نییە بە گەل و نەتەوەیەك بەڵكو ئاراستەی هەموو نەتەوەكانی جیەان دەكرێت و هەوادار و عاشقی خۆیشی هەیە لە هەموو شوێنێك بە كوردستانیشەوە.
مەریەم دۆستی هەروەها دەڵێت: بوونی فیلم و سینەماكارانی كورد لە فیستیڤاڵە جیەانییەكان و پەروەردە كردنی سینەمایی و نیشاندانی ئەو هەموو خاڵە بەهێزانەی كە هەیە لە سینەمای كوردیدا بە دەرەوە، ئەمانە هۆكاری سەرەكی و گرنگین بۆ بەجیەانی كردنی و بە بازرگانی كردنی سینەمای كوردی، هەروەها پێویستە دەست لەسەر گرنگترین خاڵەكانی سینەما دابنرێت، بۆ نموونە سیناریۆ كە زۆر گرنگە و پێویستە ئەمە چارەسەر بكرێت.