ئاڵا رەیانی (كێ دەزانی) بڵاودەكاتەوە

ئاڵا رەیانی (كێ دەزانی) بڵاودەكاتەوە
گۆرانیبێژ و ئارتیستی کورد ئاڵا رەیانی یەکەمین گۆرانی خۆی بە ناوی "کێ دەزانێ" بڵاو دەکاتەوە. ئاڵا، کە لە وڵاتی سوید گەورە بووە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری مهاباد لە دایکبووە بەر لە دوو ساڵ لە پێناو وەدیهێنانی خەونە هونەرییەکانی دا نیشتەجێی شاری هەولێر بووە.
ئێستاس ئاڵا لە ژێر باڵی هونەرمەندی بە ناوبانگ مامۆستا وریا ئەحمەد و گرووپەکەی لە هەولێر بە ناوی "زیر و بەم" دایە. وریا ئەحمەد ئەوی وەک گۆرانیبێژی گرووپی "دەنگەکان" هەڵبژارد کە گرووپێکە لە مۆسیقاڤانانی فەرەنسا و کوردستان پێکهاتووە و، گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەڵێنەوە. هەتا ئێستا کۆنسێرتێکیان لە کوردستان و دووشیان لە فەرەنسا ئەنجامداوە.
ئەم گۆرانییە لە بنچینەوە گۆرانییەکی سویدییە و گۆرانیبێژی سویدی لیسا ئێکداڵ گوتوویەتی و هەر بەم بۆنەوە بە شەوێک بوو بە ئەستێرەیەکی هونەری لە سوید، ئێستا ئەم گۆرانییە وەرگێردراوەتە سەر زمانی و بڵاوكراوەتەوە
دەرهێنەری ئینگلیزی، ئیمیلی لوسییەن كاری دەرهێنانی كلیپەكەی ئەنجامداوە وبۆ ئەم مەبەستەش سەردانی شاری هەولێری كردبوو، چونكە كلیپەكە لە هەولێر وێنەی گیراوە و سیناریۆكەی جۆرێكە لە نیشاندانی خۆشەویستی بۆ کوردستان و پایتەختەکەی هەولێر ، ئاڵا لە ناو بازاڕ و شەقام و پارکە پڕ لە منداڵ و بەساڵدا چووەکان دا دەگەڕێت و گۆرانییەکەی خۆی دەڵێت.
ئاڵا کە ماوەی چەند مانگە گەڕاوەتەوە ستۆکهۆڵم بەردەوام هەوڵیداوە کە لە ئاست ئەو کارەساتە مرۆڤایەتییەی لە کوردستان رووی داوە، خەڵکی سوید ئاگادار بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی کەمپەکانی پەنابەرانی كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بارودۆخی یەکجار نالەباریان ببینێت و وێنەیەكی راستەقینەی ئاوارەكان بۆ كۆمەڵگای سویدی بگوازێتەوە
ئاڵا لەم بارەیەوە رایگەیاند: دوای تەواو بوونی كلیپەكەی بڕیاردرا کە داهاتی ئەم بەرهەمە بۆ هەزاران منداڵ و لێقەوماوانی دەربەدەر تەرخان بکرێت و، لە رێگەی رێکخراوی "کوردیش دیاسپۆرا"وە بگەیەندرێتە لێقەوماوان لە کەمپەکانی لە باشوری کوردستان
شایەنی وتنە ئاڵا لە فیلمی سینەمایی دەرهێنەر شەوکەت ئەمین کۆرکی بە ناوی "بیرەوەری سەر بەرد" دەردەکەوێت و تێیدا رۆڵی هاوسەری نەزمی کیرکی کایە دەبینێت. ئەم فیلمە ئێستا لە فیستیڤالەکانی نێونەتەوەیی فیلم لە جیهان نیشان دەدرێت.
Top