یەحیا نەقاش:پیشانگەیەكی كەرەستە گرانبەهاكان دەكەمەوە كە تا ئێستا لە كوردستان نەكراوەتەوە
*كەی و چۆن دەستت بە كاری نەخشەسازی و نەقاشی كرد؟
- لە سەرەتای ساڵی 1993 تامەزرۆی كاری خۆشنووسی و نەخشەسازی بووم لە لای مامۆستای ناوداری خۆشنووسی نەجات ئەنوەر لە هەولێر دەستم بەكاری خۆشنووسی كرد، بەڵام كاری نەقاشی و كاركردن لە بواری زێڕ و زیو لەلای برای ئازیزم كاك سەعدوڵلا فێربووم و لە ناو بواری زێڕینگریدا كاری نەقش و كاری هونەریم هەڵبژارد، لەبەرئەوەی لە بواری هونەری خۆشنووسی و نەخشەسازیی خۆم زۆر نزیك بوو و توانیم پەرە بەم لایەنە بدەم.
* نەخشاندنی زێڕ و زیو چ پەیوەندییەكی بە بە خۆشنووسییەوە هەیە؟
- لەبەرئەوەی لە ناو كار و پیشەی زێڕینگری بواری نەخشە و دیزاینی جۆراوجۆری تێدا هەیە، توانیم هەردوو لایەن كە هونەری خۆشنووسی و كاری زێڕینگرییە بە یەكەوە ببەستمەوە و تێیدا داهێنان بكەم و بیكەم بە پیشەی سەرەكیی خۆم، لەناو بواری كار و پیشەی زێڕینگری ئەم دوولایەنە تەواوكەری یەكترن كە خەڵكانێكی زۆر تامەزرۆی كاری دەستین.
* زیاتر كاری زیو، یان زێڕ دەكەی ؟
-زیاتریان كاری زێڕ، چونكە من پیشەی سەرەكیم زێڕینگرییە.
* ئەی كریستاڵ؟
- كریستاڵ كار و پیشەی ئێمە نییە، چونكە خەڵكانی ئیمە زۆر حەزیان بە كریستاڵ و بەردی بەنرخ نییە لە ناو كاری زێڕدا، لە بەرئەوەی ئەم كریستاڵانە كە ئێمەی زێڕینگر پێی دەڵێین (زركۆن) بە زێڕ دەنرخێت و لە كاتی فرۆشتنی زێڕ لەلایەن خەڵكانێك ئەم بەرد و كریستاڵانەی لێ دەردەهێندرێت.
* زانیومانە بەنیازیت كارێك درووست بكەیت كە بە ناوی كوردستان، وردەكاری ئەو كارەت چییە؟
-بەڵێ پڕۆژەیەكم لەبەردەستە ئەویش دروستكردنی نووسینێكە لەسەر شێوەی بەریكەر كە وشەی پیرۆزی كوردستانە، ئەگەر لایەنی بەرپرس بوار بدەن لە شوێنێكی ناو جەرگەی هەولێر دابنرێت و بە شانازییەوە هەموو رۆژێك ئەم وشە پیرۆزەی كوردستان لە بەردەم خەڵك بەرجەستە بكرێت، هیوادارم ببێتە رەمزی میللەتی كورد هەروەكو میللەتانی جیهان.
* ئایا بە نیاز نیت پیشانگەیەك بۆ كارەكانت بكەیتەوە؟
- بەڵێ بە نیازم پیشانگەیەك بۆ كارەكانم بكەمەوە و تێیدا چەند تابلۆیەك نمایش دەكرێت كە بە كانزا و ماددەی گرانبەها درووستكراوە، لە ساڵی 2011 ـەوە خەریكی خۆ ئامادەكردنم بۆ پیشانگەكە، پێموایە تا ئێستا پیشانگەی لەم جۆرە لە كوردستان نەكراوەتەوە.