جانۆ رۆژبەیانی:ئەگەر پشتگیری هەبێت، ئامادەم دیمەنەكانی بەرەی جەنگ و قارەمانیەتی پێشمەرگە نیشانی جیهان بدەم
• جانۆ رۆژبەیانی زیاتر لە سینەما ناسراوە، چۆن بوو لە رێگەی زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتی بە ناوی (پەناگەی هیوا) رووت لە تەلەفزیۆن كرد؟
- یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئەوەیە من زۆر نیگەرانم كاتێك دەبینم میللەتی كورد بە دراما بیانییەكانەوە گرێدراوە، بەتایبەتی ئەو درامایانەی بێ ئەوەی ئێمە وشیار بین و لە ماناكەی بگەین بە رێگەیەكی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دژی میللەتی كورد بەرهەم هاتوون، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە ئەو دراما كوردییانەی لێرە بەرهەمهاتوون، نەیانتوانیوە بینەری كوردی بۆ خۆیان رابكێشن، چونكە لە ئاستی دراما بیانییەكان نەبووە، هۆكاری سێیەمیش ئەوەیە كە زۆربەی فیلمەكانم دەربارەی توندوتیژی كۆمەڵایەتییە، دوای فیلمی (یەك مومك دوو مومك) بیرم لە بەرهەمهێنانی درامایەكی كۆمەڵایەتی كردەوە كە خەڵك خۆیان تێدا بدۆزنەوە و كاریگەریی لەسەر بیر و هزری بینەر هەبێت، لێرەدا هەوڵمداوە دوو ئامانج بپێكم، یەكەمیان ئەوەیە كە درامایەكی كوردی بەرهەم بهێنم، دووەمیشیان ئەوەیە كە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی زۆر گرنگ بخەمەڕوو بۆ ئەوەی جۆرە وشیارییەك لای جەماوەر دروست بێت، هەروەها ئامانجێكی دیكەشم ئەوەیە كە بتوانم نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە وڵاتانی رۆژهەڵات و ئەفریقیا و ئاسیا نمایش بكرێت و دیمەنێكی جوان و پێشكەوتووی كوردستان لەم رووەوە نیشان بدەین، چونكە دەبینین لە رێگەی دراما توركییەكانەوە زۆرترین ژمارەی گەشتیاری عەرەبی روو لەو وڵاتە دەكەن، كوردستانیش لەرووی سروشتەوە زۆر جوان و سەرنجڕاكێشە، هەروەها شارەكانیشمان زۆر پێشكەوتوون، ئەگەر بە رواڵەتیش بێت، كەواتە بۆچی ئێمە زیاتر لە جیهان نەناسرێین، دراماش باشترین چارەسەرە بۆ ئەم بابەتە و بە وەرگێڕانی دراماكان ئەم كارە ئەنجام دەدرێت.
• لە كۆمەڵگەی كوردستانی دەیەها كێشە هەن كە هەوێنی كاری هونەری و درامان، چۆن ئەم بابەتەت هەڵبژارد؟
- یەكەم فیلمم (ژیان) دەربارەی هەڵەبجە بوو، فیلمی (چاپلنی چیاكان) ئەویش دەربارەی بازرگانی كردن بوو بە كچانی كورد لەسەردەمی بەعس كە كەس باسی نەكردبوو، زۆریش گرنگ بوو، دواتر فیلمی (یەك مومك دوو مومك)م بەرهەمهێنا، چونكە پێم باش بوو تەنیا فیلمەكانمان سیاسی نەبن، بەڵكو پێویستە لایەنی كۆمەڵایەتیش گرنگی پێ بدرێت، هەروەها چەند بابەتی دیكەشم ئامادە كردووە، یەكیان دەربارەی شاری كەركووكە بەناوی (ماڵی ئاگر)، بەڵام بودجەی بۆ دابین نەكراوە، فیلمێكی دیكەش دەربارەی ژیانی هونەرمەند و رۆشنبیرە نەمرەكانی میللەتە و ئەویش ئامادەیە.
• (پەناگەی هیوا) چ جیاوازییەكی دەبێت لەگەڵ دراماكانی دیكە یاخود چی نوێت هێناوەتە نێو ئەم بوارەوە ؟
- جیاوازیی زۆرە، لەوانە: شێوازی دراماكە، چونكە شێوازێكی ئەوروپی و رۆژهەڵاتی نییە، بەڵكو زیاتر شێوازێكی ئەمریكییە، هەوڵ دەدەم كەلتووری زنجیرە دراماكان لە كوردستان بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی لە دواڕۆژیكی نزیكدا بە دەیان زنجیرە دراما بەرهەم بهێندرێن و دەرهێنەرانی دیكەش بێنە مەیدان و دەست بە كاری دراما بكەن، بەڵام بە مەرجێك كەناڵەكانمان وەریان بگرن و پشتگیری و سپۆنسەریان هەبێت، چونكە ئەگەر پشتگیری و سپۆنسەر نەبوو، دراما بەرهەم ناهێندرێت، چونكە خەرجییەكانی زۆرە و بۆ زانیاریتان ئەو دراما بیانیانەی دەیانبینن خەرجی هەر بازنەیەكی 100-500 هەزار دۆلارە، ئێمە دەتوانین بەو پارەیە 40 بازنە بەرهەم بهێنین، بۆیە داوا لە فیلمسازە كوردییەكان دەكەم لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە فیلمەكانیان بدەن بۆ ئەوەی تەنیا لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان وەربگیرێن، با هەوڵ بدەن میللەتی خۆمان وشیار بكەنەوە، با فیلمیش هەبێت، بەڵام بۆچی 10 درامای سەركەوتووشمان نەبێت كە كاریگەرییان بەسەر دراما بیانییەكانەوە هەبێت؟ بۆ ئەوەی پێش بكەوین، مەرجیش نییە لە ئەوان زیرەكتر بین.
• ئەم زنجیرەیە پەیوەندی بە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشنبیری و ئەنجوومەنی باڵای خانمانەوە هەیە، ئەوان هیچ هاوكارییان كردووی؟
- نەخێر، من پارساڵ سەردانی ئەنجوومەنی خانمانم كرد، ئەگەرچی پێیانم راگەیاند كە من تەنیا پشتگیری مەعنەویم دەوێ، وتیان ئەم كارە زۆر گەورەیە و بە ئێمە ناكرێ، من رێزم بۆ كار و خزمەتی ئەوان هەیە، بەڵام دیارە ئەو كەسەی ئەم قسەیەی كرد لە گرنگی و گەورەیی ئەم كارە تێنەگەیشتووە، وەزارەتی رۆشنبیری بە هیچ شێوەیەك نەهاتۆتە پێش، لە فیلمی (یەك مومك دوو مومك) ساڵێك پێش ئێستا كاتێك كە بڕیارم دا بە یەكجاری ئەم وڵاتە جێبهێڵم، بانگیان كردم و هاوكارییان كردم، بەڵام زۆر كەم بوو، نیوەی ئەو بودجەی بوو كە بۆ فیلمە سەقەتەكان تەرخانیان دەكرد، فیلمی (چاپلنی چیاكان)یش من بە پارەی خۆم درووستمكرد، دوای ئەوەی خانووەكەی خۆم فرۆشت.
• ئەی بۆ ( پەناگەی هیوا) بودجەكەت چۆن پەیدا كردووە؟
- بۆ یەك ئەڵقە نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكارییان كردووم، ئێستاش كاتی ئەوە نییە داوای بودجە لە حكومەت بكەیت، چونكە كێشەی بودجەی ئێمە لەگەڵ بەغدا خۆی تراژیدیایەكە.
• بە حوكمی ئەوەی زۆربەی كارەكانت باس لە توندوتیژی دەكەن، بیرت لەوە نەكردۆتەوە فیلمێك دەربارەی كچان و ژنانی شنگال بەرهەم بهێنی؟
- بەڵێ بیرم لەوە كردۆتەوە فیلمێكی دیكیۆدراما، یان دیكیۆمنتی لەسەر ئەم كێشەیە دروست بكەم، بۆ ئەوەی لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆڕ و كۆبوونەوە جیهانییەكان نمایش بكرێت، تاكو ئەم كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزیدی هات بە جینۆساید بناسرێت، ئێستا بە دوای دۆزینەوەی پشتگیریم بۆ ئەم كارە، هەرچەندە كاری زۆریش كراوە لەم رووەوە، بەڵام تا ئێستا شتێكی وا نەكراوە كە وەك دیكیۆمنتی بمینێتەوە و لە جیهان نمایش بكرێت، هەروەك چۆن فیلمی (گۆڕە بە كۆمەڵەكان) لە ئەمریكا نمایش كرا، تەنانەت جۆرج بوش لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكادا ئەم فیلمەی بەكارهێنا، من ئامادەم لەم چركەساتەدا دەست بەكاربكەم ئەگەر پشتگیری هەبێت.
• داوای پشتگیریت لە كەس كردووە؟
- لەگەڵ چەند لایەنی دەرەوەی هەرێم قسەم كردووە و پرۆپۆزەڵم بۆیان ناردووە لە ئەمریكا و ئەوروپا، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئابووریی كوردستان داوام لە كەس نەكردووە و ئەو قەیرانەم رەچاو كردووە.
• ئێستا بەرەی جەنگی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستان زیاتر لە چەند هەزار كیلۆمەترە، بۆچی سینەماكارانی كورد ئەمەیان نەقۆزتۆتەوە بۆ ئەوەی لە دووتوێی چەند فیلمێكی دوكیۆمنتییەوە زیاتر قارەمانییەتی پێشمەرگە نیشانی جیهان بدەن و بە زیندوویی بمینێتەوە؟
- ئەمەیان راستە و پێویستیشە، بەڵام هەندێك كار هەیە بە ئاسانی ئەنجام نادرێن، بێگومان زۆر فیلمسازی كورد دەیانەوێ ئەم كارە ئەنجام بدەن و یەكێك لەوانە منم، بەڵام ئەم كارە گەورەیە و پشتگیریی گەرەكە، دەبوایە یەكێك لە وەزارەتەكان، یان حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگی هەموو فیلمسازە كوردەكانی كردبا و پێیانی راگەیاندبایە كە هەر فیلمسازێك كارەكی لەو جۆرە ئەنجام بدات، هاوكارییان دەكەن، ئەگەر پشتگیریم بكرێت، من بەیانی دەچم و چەند مانگێك لە بەرەكانی جەنگ دەمینێمەوە، بەڵام ئەو پتشگیرییە نییە، چونكە تا ئێستا لە كوردستان سینەما بە جددی وەرنەگیراوە و زۆر لە رۆشنبیرانمان تا ئێستا لە سینەما نەگەیشتوون و گرنگی پێنادەن و نازانن كە سینەما لە هەموو شتێك گرنگترە و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كێشەكەمان دەبێت و لە میدیاكانی جیهانیش زیاتر ناساندنی كورد دەخاتە بەرباس، مەرج نییە حكومەت پشتگیری بكات، ئەگەر بیزنسمانێكیش پشتگیری بكات، ئاساییە، بەر لە ماوەیەك لە رۆژنامەیەك بابەتێكم خوێندەوە كە لە كوردستان كەسێك بە نیازە خانوویەك دروست بكات بە 20 ملیۆن دۆلار، كەسێك بتوانێت خانوویەك بەم بڕە پارەیە بۆ خۆشی خۆی درووست بكات، بۆچی 100 هەزار دۆلار نادات بە فیلمسازێك بۆ ئەوەی فیلمێك بۆ كوردستان درووست بكات و بە ناوی خۆیشیەوە بێت، هەروەها بەپێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كوردستان 30 ملیاردێر و زیاتر لە 3 هەزار ملیۆنێر هەن، ئەگەر هەر یەك لەمانە بڕە پارەیەكی زۆر بچووكیش بدەن، ئێمە دەتوانین هەزار فیلم بەرهەم بهێنین، چۆن جوولەكەكان توانییان هەزاران فیلم دەربارەی هۆلۆكۆست بەرهەم بهێنن و كارەساتەكەیان بە جیهان بناسێنن، بۆچی ئێمەش نەتوانین ئەم كارە بكەین لە كاتێكدا كارەساتەكانمان لە هۆلۆكۆست كەمتر نین، كێشەكە لەوەدایە ئەگەر داوای پتشگیری لە كەسێكیش بكەی، یەكەم پرسیاری ئەوەیە: قازانجی چییە لەو كارە؟ واتە تەنیا بیر لە قازانج دەكاتەوە و بیر لەوە ناكاتەوە كە كارێكی نەتەوەییە و خزمەت بە میللەتی خۆی دەكات، لەلایەكی دیكەوە لە كاتی نمایشكردنی فیلمیش خەڵك دەیەوێ بە خۆڕایی فیلمەكە ببینن و نازانن ئەم فیلمە بە چ دەردەسەری و ناخۆشییەك بەرهەم هاتووە و چەندین شەونخوونی و ماندووبوونیان پێوە بینیوە، داوا دەكەن فیلم بە خۆڕایی ببینن، بەڵام دەزانن ناتوانن كیلۆ تەماتەیەك بە خۆڕایی لە دووكانێك ببەن، بۆیە كێشەكانمان زۆرن و هەموویان دەخنە خانەی تێنەگەیشتن لە سینەما، ئەگەر لە گرنگی سینەما بزانن، دڵنیام ئێمە زۆر پێش دەكەوین، زۆر جار وتوومە من و سینەماكارە كوردەكان ئەگەر ئەرمەنی، یان جوولەكە بواین، لەوانەیە ساڵانە فیلمێكمان هەبووایە، ئەویش بە پشتگیری میللەت، نەك حكومەت، چونكە پێویست ناكات حكومەت پشتگیری هەموو شتێك بكات.
• لە كوردستان زەمینەیەكی باش بۆ فیلم هەیە، بەڵام ئایا بینەر یان بڵێین خەڵك ئەویش بەرپرس نییە لەو كەمتەرخەمییەی لەو بوارەدا هەیە؟
- بێگومان بەرپرسێكی سەرەكییە، چونكە كاتێك فیلمەكانی خۆمان لە دەرەوە نمایش دەكەین، بەشی هەرە زۆری بینەران بیانی بوون، ئەو كوردانەی ئامادە بوون بە پەنجەی دەست دەژمێردران بۆ نموونە لە نمایشكردنی هەردوو فیلمی خۆم (یەك مومك دوو مومك و چاپلنی چیاكان) ئەمەم زۆر بە باشی بەدی كرد، بەپێچەوانەوە كاتێك عەرەبێك، یان ئێرانییەك فیلمێكی خۆی نمایش دەكات، هۆڵەكە پڕ دەبێت لە عەرەب و ئێرانی، كورد زیاتر بە دوای فیلمە بازرگانییەكانەوەن، ئەگەر فیلمێكی خاوەن پەیام، یان سیاسی نمایش بكرێت، دوور نییە لە هۆڵەكەدا بخەوێت، چونكە ئەو رۆشنبیرییەی سینەمای لە لا نییە، بۆیە زەحمەتە سینەمای كوردی پێش بكەوێت، هۆكارێكی دیكەش ژمارەی كوردە، ئێمە 45 ملیۆن كەسین، هیچ سینەماكارێك ناتوانێت فیلمێك بە 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئەم ژمارە كەسە بەرهەم بهێنێت، چونكە رەنگە 10%ی ئامادە نەبێت سەیری فیلمەكە بكات، هەروەها لە بەشەكانی دیكەی كوردستان سینەمای كوردی رەنگە هەر قەدەغە بێت، میللەتانی عەرەب و تورك و فارس ئەم كێشەیەیان نییە، بۆیە پێویستە میللەت زیاتر هان بدرێت بۆ ئەوەی ئەم رۆشنبیریەیان لە لا هەبێت، هەروەها پێویستە حكومەت كەسانی شیاو لەو شوێنانە دابنێت كە لە سینەما تێبگەن و رۆشنبیر بن، كێشەكان زۆرن و ناكرێ ئێمە هەر دووبارەیان بكەینەوە، گرنگ ئەوەیە هەر یەكێك لە ئێمە لە شوێنی خۆی كار بكات.