شەوكەت لە مەكدونیا سینەمای كوردی درەوشاندەوە

شەوكەت لە مەكدونیا سینەمای كوردی درەوشاندەوە
شەوكەت ئەمین كوركی" بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" خەڵاتی باشترین دەرهێنانی لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" لە وڵاتی مەكەدوونیا بەدەست هێنا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد "شەوكەت ئەمین كوركی" و لە نووسینی هاوبەشی "مەممەد ئەكتاش" و "شەوكەت ئەمین كوركی"، بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی "مەمەد ئەكتاش" كاتژمێر 7ی ئێوارێی ڕۆژیی 21 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" Cinedayes لە سینەما فرووسینا لە وڵاتی مەكەدوونیا نمایشكرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە "شەوكەت ئەمین كوركی" دەرهێنەری ئەم فیلمە كوردییە بەخشرا كە بە نوێنەرایەتیی ئەم سینەماكارە كوردە، "مەمەد ئەكتاش" خەڵاتەكەی لە دەستی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە وەرگرت.
"بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ كۆمەڵێك فیلم لە وڵاتانی ئیتالیا، ڕووسیا، نەمسا، توركیا، ئەڵمانیا، كۆماری چێك، ئۆكڕانیا، جورجیا، ڕومانیا و ئیسپانیا لە ڕكابەریدابوو و وەكوو بەرهەمێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا لەم فیستیڤاڵەدا بەشدار بوو.
بەشی پێشبركێی سەرەكی ئەم فیستیڤاڵە تەنها بو فیلمەكانی وڵاتانی ئەورووپا یان بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ ئەورووپا تەرخان كراوە كە هەموو ساڵێك لە وڵاتی مەكەدوونیا بەڕێوە دەچێت.
ئەندامانی بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی سینەدایز كە بریتی بوون لە: "كریستیان دۆلاۆفێر" ـ مامۆستای زانكۆ و لێكۆڵەری سینەما لە وڵاتی نەمسا، "لیدیا مێلۆ" ـ سینەماكار لە وڵاتی بڕازیل و "ئیدواردۆ وینسپێر" ـ سینەماكار لە وڵاتی ئیتاڵیا دوای بینین و هەڵسەنگاندیی فیلمەكانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمیان بە فیلمی "تیر" لە دەرهێنانی "ئالبێرتو فاسولو" لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین دەرهێنانیان بە "شەوكەت ئەمین كوركی" بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" لە هەرێمی كوردستان و هەروەها خەڵاتی باشترین سیناریۆیان بە سیناریۆی فیلمی "مێژووی كوێر" لە وڵاتی جۆرجیا بەخشی.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەدایز لە چەندین بەشی "پێشبڕكێی سەرەكیی" و بەشی "پێشبڕكێی وڵاتانی" باڵكان، بەشی "دەرەوەی پێشبڕكێی"، بەشی "گاڵا"، بەشی "لاوەكی"، بەشی "كورتە فیلم"، بەشی "فیلمە دیكۆمێنتارییە وەرزشییەكان"، بەشی "گوند"، بەشی "وێنەگرانی بڕازیلی"، بەشی "سینەمای لیسبۆن"، بەشی "بەڕێوەبردنی كارگەی هونەری سینەما" و چەندین بەشی دیكە لە ڕۆژانی 13 تا 22 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری ئیسكۆپییە لە مەكەدوونا بەڕێوە چوو.
Top