كامەران رەئوف :چەند ناهونەرمەندێك بوونەتە رێگر لەبەردەم هونەری راستەقینە
• باوكتان لە بواری سەربازی كاری دەكرد، چۆن بوو ئێوە رووتان لە بواری هونەر و نواندن كرد؟
- رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە دوكانی حاجی مەجید توتنچی باپیرم لە بەرامبەر سینەما سیروان بوو، هەموو بەیانیان باپیرم لەگەڵ خۆی دەبردم بۆ دوكان بۆ ئەوەی لە كۆڵان شەڕ نەكەم لەگەڵ منداڵان، كە سەیری شیتی فیلمەكانم دەكرد وەك خەونێكی پەمەیی بوو لە لام، هەروەها باپیرم زۆر جار لەگەڵ مامم دەیناردم بۆ سینەما، یاخود لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت كە منداڵ بووین دایكم شەوان چیرۆكی بۆ دەگێڕامەوە، ئیتر من دەچوومە نێو جیهانی چیرۆكەكان و وشەكانی دایكم دەكردە وێنە و لە واقیع دادەبڕام.
• كە دواتر رووت لە هونەر كرد چ وەك دەرهێنان، یان وەك ئەكتەر، مامۆستا ئەحمەد سالار لە پێگەیاندنتا وەك هونەرمەند چ رۆڵێكی هەبوو؟
- كە بڕیارم دا بچم بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەكان پرسیارم كرد ئەو خاڵانە كە پێویستە ئەو قوتابییە دەچێتە پەیمانگە پێویستە بیزانێت، وتیان پێویستە دیمەنێك ئامادە بكەیت و دیمەنێكی پانتۆمایمی بێ گفتوگۆ پێشكەش بكەیت، هەروەها پێویستە ئاستی رۆشنبیریت بەرز بێت لە بواری شانۆدا، بۆیە چووم بۆ لای مامۆستا ئەحمەد سالار كە بۆ ماوەی 2-3 مانگ راهێنانی پێكردم و چەند خاڵێكی گرنگی بۆ شیكردمەوە و پێی ئاشنا كردم بۆ ئەوەی بزانم لە رۆژی چاوپێكەوتن چیبكەم، ساڵانێكی زۆریش لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد سالار كاری هونەریمان كردووە و بە مامۆستایەكی ئازیزی خۆمی دەزانم.
• باوكت دەیزانی كە مامۆستا ئەحمەد سالار یارمەتیت دەدات، دەڵێن سەربوردەیەكی خۆشیان هەیە بە یەكەوە ئەمە چۆن بوو؟
- باوكم لە تەجنیدی سلێمانی بوو، رۆژێكیان لەگەڵ مامۆستا حیكمەت هیندی بە یەكەوە چوون بۆ تەجنید، كاتێك باوكم ناوەكەی بینیوە و ناسییەوە و دەیزانی كە راهێنانم پێدەكات، بۆیە زۆر رێزی گرتبوو، دواتر پێی گوتبوو تۆ بڵێی كامەران ببێ بە ئەكتەرێكی ناودار وەك ئەكتەرەكانی هۆڵیود، مامۆستا ئەحمەدیش زۆر بە باشی باسی منی كردبوو، پێی گوتبوو كە من هەستێكی باشم هەیە بۆ كاری هونەری و لە بوارەكەدا سەركەوتوو دەبم.
• هۆی چییە زۆربەی ئەكتەرەكان بە كار كردن لەگەڵ تۆدا ئاسوودەن؟
- باشتر وایە ئەمە لە هونەرمەندەكان خۆیان بپرسی، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت كە من مرۆڤێكم عاشقی كارەكەمم و بە جددی كاری بۆ دەكەم و لە رۆژانی راهێنان خۆم بە تەواوی ئامادە دەكەم و لە هونەر دەگەم و دەزانم هونەرمەند چییە و رێزێكی تایبەتیشیان دەگرم، بەڵام وەڵامی زیاتری ئەم پرسیارە لای ئەوانە.
• باوكت لە كەسایەتییە ناسراوەكانی شاری سلێمانییە، ئەو ناوبانگەی باوكت هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ناساندنت وەك هونەرمەند هەبووە؟
- لەو باوەڕەدا نیم، چونكە من پەیمانگە و ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانم لە بەغدا تەواو كرد و جیهانی سەربازی و هونەری پەیوەندییەكی زۆیان بەیەكەوە نییە.
• بە حوكمی ئەوەی لە بەغدا بووی لەگەڵ هونەرمەندە عەرەبەكانیش كارت كردووە، نهێنی ئەو سەركەوتنەی تۆ لە كوردستان و بەغدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- من كە لە بەغدا بووم قوتابی بووم و ئێستاش خۆم بە قوتابی هونەر دەزانم، چونكە هونەر جیهانێكی زۆر فراوانە، هونەرمەندە عەرەبەكان و مامۆستاكانم هەستیان بەوە كردبوو كە من بە بەردەوام دەمەوێ فێر بم، ئەوانیش مامۆستای گەورە بوون و دەرچووی ئەمریكا و رووسیا و ئیتاڵیا و بەریتانیا بوون و نهێنی و سیحری هونەریان دەزانی، بۆیە ئەو كەسانەیان خۆشدەویست كە هەمیشە خۆیان بە قوتابی بزانیبایە و بە جددی هەوڵ بدات و عاشقی كارەكەی بێت و قووڵ بێتەوە لە هونەر و لە هەمان كاتدا بە سادەیی سەیری ئەم جیهانە قووڵە نەكات، دەتوانم بڵێم نهێنی سەركەوتنم لەمەدا بووە و ئێستاش مامۆستاكانم وا باسم دەكەن كە قوتابییەك بووم هەوڵمدەدا فێر بم.
• كە لە بەغدا بووی هەستت بە كەموكوڕییەكانی هونەری كوردی و بەتایبەتی نواندن كردووە بە بەراورد لەگەڵ هونەری عەرەبی یاخود عێراقی؟
- ئەوسا شانۆی كوردی ئەو رێچكە زانستییەی وەرنەگرتبوو كە پێویستە هەبێت، زۆر لە برا هونەرمەندەكان لە دەرەوەی خوێندن و ئەكادیمی بوون هاتبوون، پێویستە ئەوانەی لە بواری نواندن و هونەردا كار دەكەن ئەو شارەزایی ورۆشنبیرییە هونەری و كۆمەڵایەتییەیان هەبێت كە بتوانن لەگەڵ بینەر قسە بكەن و گوتارێكیان بۆی هەبێت، ئەو ململانێیە هەبوو لە نێوان ئەو چەند كەسە بچكۆلە كەمەی كە لە ئاستێكی باشدا بوون و پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدایان تەواو كردبوو لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی كە بە زەوق و سەلیقە ببوون بە هونەرمەند، ئەمە كێشەی شانۆی كوردی بوو لەو سەردەمە.
• زیاتر لە نواندن سەركەوتوو بووی یان لە دەرهێنان؟
- هەر بوارێك كە بتوانم هەناسەیەكی قووڵی تێدا هەڵبمژم، هەندێك دەق هەیە من حەز دەكەم كاری نواندنی بۆ بكەم، لە بەرامبەردا هەندێكی دیكە حەز دەكەم دەرهێنانی تێدا بكەم چ لە بواری شانۆ، یان لە بواری سینەما.
• ئێستا تەكنۆلۆژیا هاتووەتە نێوا بواری هونەریش وەك هەموو بەشەكانی دیكەی ژیان كە لەسەردەمی پێشوو ئەمە نەبوو، بەڵام لە جیاتی ئەوەی سوود لە تەكنۆلۆژیا وەربگرین، هەست دەكەین هونەری كوردی لە پاشەكشێدایە، ئەم پاشەكشێیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەگەر سەیری مێژووی كورد و كوردستان بكەین، دەبینین بە درێژایی مێژوو لە ژێردەستی دوژمن بووە، جا تورك، یان عەرەب، یان فارس بێت، دوژمن بەر لەوەی خاك داگیر بكات، هەوڵی لەناوبردنی هونەر و كەلتوور و رۆشنبیری ئەو میللەتە دەدات و ئەو بەهایانەی كە مرۆڤایەتی شانازییان پێوە دەكات، زەوتیان دەكات، دوای راپەڕین و ئازادبوونی كوردستان ئەو بارودۆخە ناهەموار و نەخوارزاوەی كە لە كوردستان درووستبوو، بووە هۆی ئەوە كە هیچ پلان و بەرنامەیەك نەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هونەری و رۆشنبیری كوردی كە دوژمنان زەوتیان كرد بوو، هەر ئەمەش بووە هۆی كە لە رێگەی وەزارەتەكانی وەك رۆشنبیری و پەروەردە هەندێك كەس لە بواری هونەرییەوە بێنە مەیدان و باڵادەست بن، كەوا باكگراوەندێكی هونەری و رۆشنبیرییان نییە و هیچ پلانێكیان نەبێت بۆ ئەوەی چیبكەن و چۆن ئاسەواری داگیركردنی عەقڵی كورد بسڕنەوە و ئاستی هونەری بەرز بكەنەوە، لە كاتێكدا دەبینین ئەوەی وڵاتان شانازیی پێوە دەكەن، ئاستی رۆشنبیری و هونەرییانە، چونكە هونەر بەو رۆحە دادەنرێت كە دەكرێت بە جەستەی كۆمەڵگەدا.
• ئەو پاشاگەردانییەی كە هەیە هەموو بۆ بارودۆخ دەگەڕێتەوە، یاخود بینەریش لە هەندێكی بەرپرسە؟
- نەخێر بینەر هیچی ناكەوێتە ئەستۆ، بەڵكو هۆكارەكەی دوولایەنی دیكەیە، یەكەمیان دەوڵەتە كە پلانێكی روون و ئاشكرای نییە و لایەنی دووەمیش هونەرمەندانن كە كار دەكەن دەبینین دەستبەرداری بەها جوانەكان دەبن، هەروەها لە هەموو بوارەكانی هونەریدا دەبینین لەشكرێك ناهونەرمەند هاتوونەتە ناو هونەر و دەبنە رێگر لەبەردەم هونەرە راستەقینەكە، چونكە ئەوان دەزانن لە چ سووچ و كونەبەرێكەوە دێنە نێو بوارەكە، بەڵام ئەو هونەرمەندەی رێز لە خۆی و لە هونەرەكەی دەگرێ، دوورەپەرێز دەبێت و لەوانەیە بە درێژایی مێژوو واز لە هونەریش بهێنێت، چونكە رەنگە نەتوانێت بگاتە ئەو شوێنانەی كە بودجە بۆ كارەكەی دەستەبەر دەكەن.
• پەیوەندیی نێوان خودی هونەرمەندان ئێستا و جاران چ جیاوازییەكی هەیە؟
- دەتوانم بڵێم جاران پتەوتر بوو، چونكە ئامانجێكمان هەبوو كە لەگەڵ كارە هونەرییەكە جۆرێك لە خەبات هەبوو، ئەو رۆحییەتە هەبوو كە تۆ چی پێشكەش بە كۆمەڵگە بكەی و چۆن بگەینە ئاستی شۆڕشگێڕی و خۆڕاگری، ئەو كات ئێمە لە بودجەی خۆمان و بە پارەی خۆمان كارمان دەكرد، بەڵام ئێستا سەیر دەكەی شتەكان گۆڕاون، ئەو هونەرمەندانەی ئەوسا یەك دەست و یەك دڵ و هاوبیر بوون، ئێستا دژی یەكترین و ئەو هەوڵە دەدەن كەوا كامیان زیاتر بچێتە پێشەوە.
• وەك كامەران رەئوف زیاتر لە كام هونەرمەند نزیكتر بووی؟
- من زیاتر لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد سالار بووم، رۆژانە لەگەڵ تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردی و مامۆستا كەمال سابیر و حەمە رەشید هەرەس و ئازادی حەمە بچكول، پاشان مامۆستا ئەحمەد سالار تیپی شانۆی سالاری دانا و منیش یەكێك بووم لە دامەزرێنەرانی لەگەڵ كەمال هەنجیرە و مامۆستا بەدیعە دارتاش، ئێمە زیاتر پێكەوە بووین و رۆژانە گفتوگۆمان دەكرد لەسەر بەرهەمە هونەرییەكان.
• ئەو سەردەمە رۆڵی ئافرەت لە هونەردا چۆن بوو بەتایبەتی لە سلێمانی؟
- بە گشتی زۆر باش بوو، هیچ كاتێك نەبووە كە كچێكمان دەست نەكەوتبێت بۆ رۆڵێكی دیاریكراو، لە سەرەتای شەستەكان رەنگە ئەم گرفتە هەبووبێت، بەڵام چەند كوڕێك هەبوو كە رۆڵی ئافرەتیان بینیوە، لەوانە كاك عومەر چاوشین و كاك وەهاب، ئەگینا لە كۆتایی حەفتاكان و تاكو ئێستاش ئەم گرفتەمان نییە.
• لە كۆتاییدا چی ماوە بیڵێی؟
- دەمەوێ باسی ئەوە بكەم كە مامۆستا ئەحمەد سالار كاتێك چوو بووە لای باوكم تۆزێك ترسی هەبوو باوكم گلەیی لێ بكات كە هانیدا بم بچم بۆ پەیمانگە، چونكە كاتێك چوومە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان باوكم ئەمەی رەتكردەوە و دەیوت ببە بە دكتۆر، پارێزەر، ئەندازیار، ترسی مامۆستا ئەحمەد لەوە بوو، كاتێك چووم بۆ تاقیكردنەوە چەند حەبێكم خواردبوو و تەلەفۆنم بۆ برادەرێكم كردبوو بە ناوی سالار فەخری و پێم وت كە من تاقیكردنەوەم ئەنجامداوە و حەبیشم خواردووە، ئەویش ئۆتۆمبێڵێكی هێنا و منی برد بۆ نەخۆشخانە و تا درەنگانی شەو لە نەخۆشخانە مامەوە و بڕێك خوێیان دەرخوارد دام بۆ ئەوەی بڕشێمەوە و حەبەكان بێنمەوە، سەیرەكە لەوەدا بوو كە كەوتبووم كارمەندێك هات وتی دكتۆر ژووری نەشتەرگەری ئامادەیە، منیش كە گوێم لێ بوو وامزانی سگم هەڵدەبڕن یەكسەر هەستامەوە و وتم دكتۆر پێویست بە نەشتەرگەری ناكات، من باشم، دكتۆرەكە وتی: مەترسە نەشتەرگەری بۆ تۆ نییە، منیش لە بیرم چوو، دووبارە خۆم وەك مردوو لێكردەوە .
پڕۆفایل
هونەرمــــەند (كامـــــەران رەئوف مەجید) لە 11/6/1955ـدا لە شاری كەركووك لە دایك بووە.
بە هۆی بارودۆخی سیاسیی ئەو سەردەمە، ماوەیەك لە شارەكانی كەربەلا و حلە و دیوانییە و بەغدا نیشتەجێ بوون، بەڵام دواجار هەر لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوونەتەوە.
قۆناغی خوێندنی ناوەندیی لە ناوەندی شۆڕش تەواو كردووە و پاشان لە ساڵی 1972_ 1973ـدا چووەتە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان و ساڵی 1976 _1977 خوێندنی لە پەیمانگە تەواو كردووە و بە یەكەم دەرچووە و پاشان چووەتە پاریس و لە زانكۆی سۆربۆن وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی هەندێ هۆكاری تایبەتەوە نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە خوێندن و گەڕاوەتە بۆ كوردستان و لە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكان وەرگیراوە و ساڵی 1982_1983 خوێندنی تەواو كردووە.
نزیكەی (50) بەرهەمی شانۆیی و (20) بەرهەمی درامی و تەمسیلی و سینەمایی هەیە و ئێستا بە پلەی شارەزا فەرمانبەرە لە وەزارەتی رۆشنبیری.