به‌ دوو هه‌فته‌ چوار خه‌ڵات له‌ ئه‌مه‌ریکا، به‌ڕازیل و مه‌کسیك به‌ده‌ست ده‌هێنێت

به‌ دوو هه‌فته‌ چوار خه‌ڵات له‌ ئه‌مه‌ریکا، به‌ڕازیل و مه‌کسیك به‌ده‌ست ده‌هێنێت
که‌ی به‌هار خه‌ڵاته‌که‌ی پێشکه‌ش به‌ کۆبانی و کوردستان ده‌كات
له‌م مانگه‌دا فیلمی (من سامی)م له‌ نووسین و ده‌رهێنانی که‌ی به‌هار، فیلمکاری کوردی دانیشتوی به‌ڕیتانیا، به‌شداری کرد له‌ 11 فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ وڵاتانی هیندستان، ئیسپانیا، ئه‌مه‌ریکا، ئاوسترالیا، کوردستان، پێرو، پۆرتۆریکۆ، برازیل، مه‌کسیك و ئه‌رژه‌نتین. فیلمی (من سامی)م که‌ به‌رهه‌می هاوبه‌شی هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕیتانیایه‌ و له‌ شارۆچکه‌ی مه‌خمور به‌ به‌شداری ئه‌کته‌ران و کارمه‌ندانی کورد و بیانی وێنه‌ی گیراوه‌، له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردووی مانگی تشرینی دووه‌می 2014 چوار خه‌ڵاتی وه‌رگرت. خه‌ڵاتی ئودیانس چۆیس (هه‌ڵبژارده‌ی بینه‌ران)له‌ فێستیڤاڵی 24 فره‌یمس له‌ ئه‌مه‌ریکا، خه‌ڵاتی سێیه‌م باشترین فیلم له‌ فێسیتڤاڵی ولیامستۆن له‌ ئه‌مه‌ریکا، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی بیانی له‌ فێستیڤاڵی سینێمه‌کای له‌ به‌رازیل و خه‌ڵاتی گوڵه‌ ئۆرکیدی ئاڵتونی باشترین فیلم له‌ فێستیڤاڵی سینه‌مافێست له‌ مه‌کسیك. به‌م جۆره‌ هه‌ڵبژارده‌ی فیلمه‌که‌ له‌ فێستیڤاڵه‌کان ده‌گاته‌ 31 فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی و ژماره‌ی خه‌ڵاته‌کان 13 خه‌ڵات له‌ ماوه‌ی 6 مانگدا.
ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌، له‌ وڵاتی مه‌کسیك له‌ فێستیڤاڵی سینه‌مافێست له‌ شاری سان لویز پۆتۆزی فیلمه‌که‌ ڕێزیكی زۆر تایبه‌تی لێ گیرا، وه‌ك ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت:مه‌‌‌گه‌ر خه‌ڵاتی ئۆسکار وه‌رگرێت تا ئه‌وه‌نده‌ ڕێز له‌ خۆت و فیلمه‌که‌ت بگرن. جگه‌ له‌ نیشاندانی له‌ فێستیڤاڵه‌که‌ بۆ بینه‌رانێکی گه‌لێك زۆر، له‌ هه‌مانکاتدا به‌شێکی قوتابیانی دانشگا بینیان و له‌ چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كیش فیلمه‌که‌ نیشان درا، به‌گشتی گه‌یشته‌ 9 نمایش کردن له‌ ماوه‌ی 6 رۆژدا. هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵه‌که‌ کۆنفرانسی ڕۆژنامه‌گه‌ری تایبه‌تیان بۆ که‌ی به‌هاری ده‌رهێنه‌ر ئاماده‌ کرد و به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ری کورد توانی جگه‌ له‌ باس کردن له‌ فیلمه‌که‌ی و به‌رهه‌می داهاتووی، واته‌ فیچه‌ر فیلمی (پێڵاو چاوبه‌ست)، باسێکی تێروته‌سه‌ل بکات سه‌باره‌ت به‌ خه‌باتی کورد له‌ کۆبانی و له‌ کوردستان دژ به‌ تیرۆریستانی (داعش) و داوا له‌ حکومه‌تی مه‌کسیك و دانیشتوانی وڵاته‌که‌ بکات پشتگیری کورد بکه‌ن له‌ خه‌باتی شارستانی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.
كه‌ی به‌هارتوانی په‌یامه‌کانی بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنی نیشتیمانی و ناوچه‌یی، ڕۆژنامه‌کان، گۆڤار و ڕادیۆکانی وڵاتی مه‌کسیك. وه‌ك ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م فیلمه‌ توانی ده‌نگ و په‌یامی کورد و کوردستان بگه‌یه‌نێت و کاریگه‌ری هه‌بێت له‌ نێوان دانیشتوانی مه‌کسیك له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ که‌مه‌دا، باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ لایه‌نێکی سیاسی کورد تاکو ئه‌مڕۆ توانیبێتی ئه‌م کاره‌ بکات. بۆیه‌ هه‌قوایه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پشتگیری ته‌واو له‌ فیلمکاران بکات.
له کۆتایی فێستیڤاڵه‌که‌ و له‌‌ ئاهه‌نگێكی نازدارو ڕازاوه‌ی خه‌ڵات دابه‌شکردن، فیلمی (من سامی)م خه‌ڵاتی باشترین کورته‌ فیلمی گوڵه‌ ئۆرکیدی ئاڵتونی وه‌رگرت و له‌به‌رده‌م زیاتر له‌ 1000 که‌س له‌ میوانانی ئاماده‌بوو، له‌ سه‌ر شانۆی فێستیڤاڵه‌که‌، که‌ی به‌هار خه‌ڵاته‌که‌ی پێشکه‌ش به‌ کۆبانی و کوردستان کرد.
Top