سەهیم (میسی) دەباتە ئۆسكار

سەهیم (میسی) دەباتە ئۆسكار
كورته‌ فیلمی "میسیی به‌غدا" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌، كێبڕكێ ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی ئۆسكاری باشترین كورته‌ فیلم.
سەهیم رايگه‌یاند، "میسیی به‌غدا" له‌ به‌شی كورته‌ فیلمه‌كانی ئۆسكاری 2015دا وه‌رگیراوه‌ و له‌گه‌ڵ نۆ فیلمی دیكه‌دا كێبڕكێ ده‌كا بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین كورته‌ فیلم.
ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، ساڵانه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار كورته‌ فیلم بۆ نووسینگه‌ی ئۆسكار ده‌نێردرێن و ته‌نها 10 فیلم بۆ به‌شی پێشبڕكێ هه‌ڵده‌بژێردرێن، گوتیشی "ئه‌مه‌ شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سینه‌مای كوردی".
روونیشی كرده‌وه‌، له‌ 15 مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر 2015، كۆمیته‌ی ئۆسكار له‌ هۆلیوود، له‌ كۆی ئه‌م 10 كورته‌ فیلمه‌ ته‌نها پێنج فیلم كاندید ده‌كات بۆ به‌شداریكردن له‌ رێوره‌سمی ئۆسكاردا كه‌ له‌ مانگی شوبات/ فه‌برایه‌ر 2015 له‌ هۆلیوود به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
"میسی به‌غدا" تا ئێستا 46 خه‌ڵاتی سینه‌مایی له‌ فێستیڤاڵه‌ جیهانییه‌كاندا وه‌رگرتوو، به‌مه‌ش توانیویه‌تی ریكۆردی وه‌رگرتنی زۆرترین خه‌ڵات له‌ كوردستان، عێراق و به‌لژیكا بشكێنێت.
ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مجار كورته‌ فیلمێكی كوردی له‌ به‌شی كێبڕكێی كورته‌ فیلمه‌كانی ئۆسكاردا كێبڕكێ بكات، پێشتر فیلمی كوردی "بێكه‌س" له‌ به‌شی پێشبڕكێی قوتابیاندا وه‌رگیراوه‌.
سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌ له‌ شارۆچكه‌ی زاخۆ له‌ دایك بووه‌، نیشته‌جێی وڵاتی به‌لژیكایه‌، هه‌ر له‌ وڵاته‌ بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ بواری سینه‌مادا به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ رێگه‌ی كورته‌ فیلمه‌كانی "خاكی پاڵه‌وانان"، "میسیی به‌غدا" و "نێچیرڤانی خراپ" چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ ئێستادا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ به‌رهه‌مهێنانی یه‌كه‌م فیلمی درێژی به‌ناوی "زاگرۆس".
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی فەرمی ئۆسکار بکە:
http://www.oscars.org/news/10-live-action-shorts-advance-2014-oscar-race
Top