نیان عەبدوڵڵا: سروود وتن لە گۆرانی زەحمەتترە
* لە ئێستادا و بە حوكمی بارودۆخی كوردستان زۆربەی هونەرمەندان روویان لە وتنی سروودی نیشتمانی كردووە كە گوزارشت لەو بارودۆخە دەكەن، بەرامبەر بەم هەنگاوەی هونەرمەندان رات چییە؟
- پێویستە هەموو گەلی كورد هەر یەكە لە شوێن و پێگەی خۆیەوە پشتگیری لە پێشمەرگەی كوردستان بكات، هونەرمەندانیش وەك تاكێكی كاریگەری كۆمەڵگە بە هونەر و سروودەكانیانەوە هەستی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر بە پێشمەرگە و كوردستان، بێگومان ئەمەش كارێكی پیرۆزە، هەرچەندە كەمیشە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئەركەی ئێستا پێشمەرگە دەیبینێت بۆ بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و كەرامەتی تاكی كورد دژی دوژمنانمان، ئەمەش ئەركێكی ئەوەندە پیرۆزە كە وەسفكردنی ئاسان نییە، هەروەها دەستخۆشی لە هونەرمەندانیش دەكەم كە سروودیان بۆ پێشمەرگە وتووە، بەڵام ئەوەی لای من سەیرە و تێبینیم كردووە لە نێو ئەم سروودانە كاری كرچ و كاڵیش هەیە، سروود هەر ئەوە نییە هۆنراوەیەك بۆ پێشمەرگە وترا بێت، بچیت ئاوازێكی بۆ دانێیت و تۆماری بكەیت، سروود زۆر لەوە گەورەترە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەو كەسەی سروودێك دەڵێت، پێویستە لە بارەی شیعر و ئاوازەكە گونجانێك درووست بكات لە نێوانیان لە كاتی وتنی سروودەكە، هەروەها حەماس و رۆحیەتێكی تێدا بێت كە ببێتە هۆی ئەوەی حەماس بە گوێگر ببەخشێت، بۆ نموونە كاتێك ئێمە گوێمان لە سروودەكانی شڤان پەروەر و محەمەد جەزا و هونەرمەندانی دیكە دەگرت، جۆرێك لە رۆحییەتی شۆڕشگێڕی لە ناخی ئێمە درووست دەبوو، پێشمەرگە قارەمانەكانیش پێویستیان بەم جۆرە سروودانە بوو، بەردەوامیش گوێیان لێدەگرت، هەر ئەمەش دەبووە هۆی بەرزكردنی ورەی پێشمەرگە، بەڵام باوەڕ ناكەم ئێستا پێشمەرگەكان گوێ لەو سروودە كرچ و كاڵانە بگرن.
* ئەم جیاوازییەی باسی دەكەی پەیوەندیی بە زەمەنەوە هەیە، یان بە هونەرمەندان خۆیان؟
- بێگومان زۆر شت دەگرێتەوە خەڵك بە گشتی وەك جاران نییە، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بە هەستی نەتەوەییەوە هەبێت، من دەڵێم لەبەر گەورەیی ئەو كارەساتەی بەسەر كورددا هاتووە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كە بە رای من زۆر لە رژێمی سەدام دڕندەتر و خوێنمژترن و دوژمنی هەموو مرۆڤایەتین، پێویستە خۆشەویستیی خەڵك تا ئەو پەڕی پەیوەست بێت بە خاك و نیشتمانەوە، هەروەها ئەگەر كاری هونەرمەندانیش كاری كرچ و كاڵ بێت، یان كارێك پێشكەش بكەن كە لە ئاست گەورەیی ئەو كارەساتەدا نەبێت، ئەوا پێشكەشی نەكەن زۆر باشترە، من بۆخۆم ئەگەر لە سروودێك دڵنیا نەبم و بەدوایدا نەگەڕێم، ئەوا ئامادە نیم بیڵێم، چونكە بە رای من سروود زۆر لە گۆرانی زەحمەتترە.
* كەواتە پێتوایە پەخشكردنی كلیپەكان لە كەناڵەكان پێویستی بە فلتەرێك بۆ جیاكردنەوە كاری باش و كاری خراپ هەیە ؟
- ئەگەرچی ئەم پرسە تایبەتە بە كەناڵەكانەوە، بەڵام پێویستە فلتەرێكی لەو جۆرە هەبێت، جاران كەناڵەكان بە دەگمەن و تەنیا لە یاد و بۆنە نیشتمانییەكان سروودیان پەخش دەكرد، هەروەها هونەر بە گشتی لاواز بووە، مەبەستم لە لاوازی ئەوەیە كە ئێستا بە هۆی بارودۆخەكەوە بەرهەمی هونەری كەم بووەتەوە، بۆیە سروودەكان پەخش دەكرێن بە باش و خراپەوە، بەداخەوە ئەمەش وا دەكات كە كارە باشەكانیش خراپ بكرێن و گوێگر لێكیان جیا نەكاتەوە، من ئامادە نیم وەك هونەرمەندێك گوێ لە شتێك بگرم كە بزانم سەقەتە و هیچ سوودی نابێت.
* هونەری كوردی خۆی لە قەیراندا بوو، ئەم بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەی ئێستا لە كوردستان هەیە، لەسەر هونەری كوردی بە گشتی چ كاریگەرییەكی دەبێت ؟
-لە رووی هونەرییەوە بارودۆخەكە ئاساییە، من باسی كاری هونەری دەكەم، ئەگەر هونەرمەند خۆی توانای هەبێت، لە هەمان كاتدا خۆشەویستیی بۆ كارەكەی هەبێت، بارودۆخ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت وهەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام بارودۆخەكە بووەتە هۆی وەستاندنی كاری هونەری وەك هەموو بوارەكانی دیكە لە كوردستان، ئەگەر بە گشتی بڕوانینە هونەر دەبینین هونەری لاواز زیاترە لە هونەری باش و باوەڕناكەم بارودۆخ كاریگەریی لەسەر ئەو هونەرە هەبێت كە خۆی لاوازە.
* وەكو نیان هیچ كارێكی هونەری تایبەتت هەیە كە لە ئێستادا بیڵێیت و گوزارشت لە گەورەیی پێشمەرگە و كوردستان بكات؟
- من لە دڵەوە حەز دەكەم بە سروودێك كە گوزارشت لە پێشمەرگەی كوردستان بكەم، بەڵام وەك لە پێشتر باسم كرد، دەمەوێ كارێك پێشكەش بكەم كە هەموو هونەرمەندان و شارەزایانی بواری هونەری لێی رازی بن و دەستخۆشیم لێ بكەن، نامەوێ كارێك پێشكەش بكەم و دواتر كرچ و كاڵ دەرچێت و كەسیش سەیری نەكات، سەرەتا بە دوای هۆنراوە و ئاوازێكی گونجاودا دەگەڕێم، دواتر ئەگەر لە رووی ماددییەوە پاڵپشتییەكی باش بكرێم، ئەوا بڵاوی دەكەمەوە، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی و هاوكاریی نەكرێم، ناتوانم ئەم كارە بكەم، چونكە هەر كارێك بۆ پێشمەرگە و كوردستان بێت پێویستە لە ئاستێكی زۆر بەرزی هونەریدا بێت، لانیكەم دەبێ لە هەموو كارەكانی پێشووم باشتر بێت.