هیلی لۆڤ رۆڵی پێشمەرگە دەبینێت

هیلی لۆڤ رۆڵی پێشمەرگە دەبینێت
«مەردان» یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری لاوی کورد «بەتین قوبادی» دوای کورتە فیلمی «لە با بپرس»ـنە کە خەڵاتی ورچی بلۆرینی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلینى لە ساڵی 2010 بەدەستهێنا، لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی «دۆزینەوەکان» Discovery بە ناوونیشانی «داهاتووی سینەمای جیهان» لە 39یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
«مەردان» کە چیرۆکی پێشمەرگەیەکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سازکراوە و تیایدا ئەکتەری ناوداری کورد «حوسێن حەسەن»، گۆرانیبێژی کورد «هێلانە عەبدوڵڵا» (هێلی لۆڤ)، «ئیسماعیل زاگڕۆس»، «فەیاز دۆمان»، «میر موراد بەدرخان» و چەندین ئەکتری دیکە رۆڵیان بینیوە، لە سێ سانسی جیاوازدا لەوانە: لە رۆژانی 6، 8 و 14ی ئەیلوول / سێپتەمبەری 2014 لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ نمایش كرا و لەو فیستیڤاڵەدا هیلی لۆڤ بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە بەشدار بوو.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری تۆرێنتۆ بەڕێوەچوو، لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە بە فەرمی راگەیاندرا کە «مەردان» دوایین بەرهەمی «بەتین قوبادی» لە نێوان فیلمگەلێک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڕژەنتین، نەمسا، نەرویژ، ئوسترالیا، پاکستان، هێندستان و چەندین وڵاتی دیکە لە بەشی «دۆزینەوەکان» بە ناونیشانی «داهاتووی سینەمای جیهان» وەرگیراوە.
فیستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ کە یەکێکە لە فیستیڤاڵە گرینگ و پلە یەکەکانی سینەمای جیهان و زۆربەی فیلمە بەرچاوەکانی سینەما لەم رێگایەوە چوونەتە ناو فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە جیهانییەکان و ئەکادیمیای ئۆسکارەوە، لەم خولەی خۆیدا بە نمایشی 300 فیلم لە فیلمسازانی زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان لە بەشەکانی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری، ئەزموونی و ئەنیمەیشنی و بە ئامادەبوونی سینەماکارانی بەئەزموون و ئەستێرە ناودارەکانی سینەمای جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی «فیلمسازە سەربەخۆکان»، بەشی «دۆزینەوەکان»، بەشی «مامۆستایان»، «کەشفی بەهرەمەندان» و بەشی «دیکۆمێنتاری» لە رۆژانی 4 تا 14ی ئەیلوول / سەپتەمبەری 2014 لە شاری تۆرێنتۆ لە کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
لە پوختەی سیناریۆی فیلمی «مەردان»دا هاتووە: پێشمەرگەیەکی کورد کە لە منداڵیدا چیرۆکێکی ناخۆشی بۆ دێتە پێشێ دەبێتە مرۆڤێکی دوورەخراو، تەنیا و دوورەپەرێز، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە نێوان شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت.
«بەتین قوبادی» ساڵی 1979 لە شاری بانە لە دایک بووە. ساڵی 1995 بە شێوەکاری چووە دنیای هونەرەوە و ساڵی 1997 بە سازکردنی کورتە فیلمی «شێوەکاری» بۆ تەلەڤیزیۆنی سنە دەستی بە چالاکی فیلمسازی کرد.
ئەم هونەرمەندە تا ئێستا 6 کورتە فیلمی چیرۆکی سازکردووە، لەوانە: کورتە فیلمی «شێوەکاری»، کورتە فیلمی «حەتمەن ئەمڕۆ» لە ساڵی 1997، کورتە فیلمی «لێرە ئانتین نادات» لە ساڵی 1998، کورتە فیلمی «سەربازێک کە شکا» لە ساڵی 2000، کورتە فیلمی «ئامادە بۆ مردن» لە ساڵی 2008 و هەروەها کورتە فیلمی «لە با بپرسن» لە ساڵی 2009.
بەتین لە تەمەنی 23 ساڵیدا بۆ کامڵبوونی چالاکییە سینەماییەکانی خۆی بەرەو پاریس سەفەری کرد و ئەم شارەی وەکوو زانکۆیەک هەڵبژارد. ئەو چەندین کورتە فیلمی لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا سازکرد. ساڵی 2010 بە کورتە فیلمی «لە با بپرس» توانی خەڵاتی ورچی بلۆرینی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
هیلێ لۆڤ بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە بەشداری لە فیستیڤاڵی فیلمی تۆرنتۆ دەكات
هێلی لۆڤ كە وەك كچە گۆرانیبێژێك بۆ یەكەم جارە لە كارێكی سینەماییدا بەشداری دەكات كە لەسەر پێشنیار و راسپاردەی بەهمەنی قوبادی بووە و لەم فیلمەدا رۆڵی هاوسەری پێشمەرگە دەبینێ و وەك پاڵەوانی فیلمەكە بە جلوبەرگی كوردی بەشداری لە فیستیڤاڵی تۆرنتۆدا كرد، لە بارەی ئەم فیلمەوە هیڵی لۆڤ دەڵێتت:وەك پشتگیرییەك و دڵسۆزیەکم بۆ برا پێشمەرگە قارەمانەکان کە ئێستا لە بەرەکانی جەنگدان بە جلی پێشمەرگە بەشداریم کرد لە فیستیڤاڵی تۆرێنتۆ بۆ فیلم لە وڵاتی کەنەدا.
سەبارەت بە جلوبەرگەكانی لە كاتی گەشتنی بۆ شوێنی فیستیڤاڵەكە دەڵێت «زۆر بە شانازییەوە پێش ئەوەی دەست بە قسەکانم بکەم لەسەر فیستیڤاڵ و فیلمەکەمان بە ئامادەبووانم وت ئەمە جلی پێشمەرگە قارەمانەکانی كوردستانە كە ئێستا لە جەنگێکن شەڕ بۆ ئاشتی و ئازادی هەموو جیهان دەکەن نەک تەنها بۆ کوردستان و لێرەوە رێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرم و پێیان دەڵێم لە هەر شوێنێک بم ئێوە لەنێو دڵمدان.»
Top