جانێ حەیران :گۆرانیم بۆ خۆشەویستەكەم وتووە

جانێ حەیران :گۆرانیم بۆ خۆشەویستەكەم وتووە
زۆر جار دەگوترێت بەردەوامبوونی دەنگبێژان لە وتنی گۆرانی لە ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانییەكاندا رەنگە نەبێتە هۆی ناسینی و دەركەوتنی دەنگخۆشی و توانا هونەرییەكان، یاخود كەسانێك پێیانوایە كاریگەریی دەبێت لەسەر كەسایەتیی خودی هونەرمەندەكە نەخاسمە ئەگەر گۆرانیبێژەكە ئافرەت بێت، لە هەمان كاتدا هونەرمەندی بە توانا هەن كە زیاتر لەم جۆرە ئاهەنگانە گۆرانیی دەڵێن لە هەمان كاتدا خودان توانا و بەهرەیەكی هونەری بێ سنوورن، جانێ كە زیاتر بە جانێ حەیران ناسراوە لە باكووری كوردستان دەستی بە كاری هونەری كردووە، بەڵام سەختی و پێداویستیی ژیان وای لێكردووە كە لە نێوان باكوور و رووسیا بگوزەرێنێت، ئەو یەكێكە لەو هونەرمەندە بە توانایانەی كە خاوەن دەنگێكی چیاییە و هەمیشە هونەر بە عەشق و خۆشەویستییەوە سەیر دەكات و ئامادە نییە لێی دووركەوێتەوە.
جانێ دەربارەی كارە هونەرییەكانی و سەرەتاكانی هاتنی بۆ نێو بواری هونەری كوردی دەڵێت: رەنگە سەیر بێت ئەگەر بڵێم من خاوەنی نزیكەی 70 گۆرانی و 8 ئەلبوومم، زۆربەی گۆرانییەكانیش نەتەوەیین و بۆ خاك و ئازادی و جوانی گوتراوە، هەروەها بە هۆی خۆشەویستیم بۆ هونەرمەندە نەمرەكان و پاراستنی هونەری رەسەنی كوردی، تا ئێستا چەندین بەرهەمی هونەرمەندە نەمرەكانی كورد و گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانم بە شێوازێكی نوێ وتوتەوە .
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە سەرەتا وەك حەزێك رووی لە گۆرانیی وتن كردووە و دەڵێ: دوای ئەوەی كە چەند كەسێك نزیك و هاوڕێم هەستیان بەوە كرد كە دەنگم بۆ گۆرانی وتن دەگونجێ و لە نزیكەوە ئاگادار بوون هانیان دام كە بەردەوام بم لە گۆرانی وتن و پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم، حەزی من و هاندانی ئەمان وایكرد كە بەردەوام بم و سوپاس بە خوا توانیم چەند بەرهەمێكی هونەری بڵاوبكەمەوە و لە رێگای ئەو بەرهەمانە ئێستا من خاوەن بەرهەمێكی هونەریم و گرنگتریش لەوە خاوەن جەماوەرێكی زۆرم، ئەگەرچی رەنگە بەرهەمەكانم وەكو پێویست بە دەست جەماوەر نەگەن، بەڵام بەڵێنیان پێدەدەم كە بێبەشیان نەكەم.
زۆر جار هونەرمەند هەیە گۆرانییەك دەڵێت، ئەو گۆرانییە گوزارشتە لە خەم و ئازارەكانی و تێیدا خۆی دەبینێتەوە، جانێش لەم جۆرە ئاگركردنەوە بێبەش نەبووە، بۆیە دەڵێت: بەڵێ، ئەوكاتیش ئەو كەسەی خۆشم دەویست لە ژیاندا بوو، گۆرانیم بە باڵای ئەودا گوتووە، هەمووكات هەستی بە خۆشەویستییەكی زۆر دەكرد، كە گوێبیستی ئەو گۆرانییە دەبوو، بەو گۆرانییەش زیاتر خۆشەویستی منی بۆ روون بۆوە، بەداخەوە كە 3 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەنەوە ماڵئاوایی لێكردم و فریای ئەوەش نەكەوت خوداحافیزیم لێبكات.
سەبارەت بە نوێكردنەوەی بەرهەمە رەسەنەكانی هونەرمەندە نەمرەكان و گرنگیی ئەم كارە لای ئەو، جانێ دەڵێ: زیندووكردنەوەی بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان، حەزی تایبەتی خۆ من، جگە لەوەیش هەمیشە هەوڵمداوە بەرهەمە رەسەنەكان، بە نەمری بهێڵمەوە و هەمیشە بیخەمەوە بەر گوێی خەڵكی هونەردۆست و عاشقانی دنیای گۆرانی كوردی، چونكە ئەوەی ئەوان لە رابردوودا لە كۆڕی گۆرانیی گوتندا پێشكەشیان كردووە، شۆڕشێك بووە، كە ئێمە ناتوانین لەبیری بكەین و دەبێ من و هونەرمەندانی دیكەیش، گۆرانییەكانی ئەوان بكەن بە كەرەستەی ئەلبووم و سەركەوتنی خۆیان، چونكە ئەوكات شیعر و ئاوازەكان هێندە ناسك بوون، لە دڵی هەمووماندا بە زیندوویی ماونەتەوە، بەڵام دەكرێ بە ستایلێكی نوێ و بە گۆڕانكارییەكی بچووك، وەك خۆشەویستیم بۆ هونەرمەندە نەمرەكان بڕیارمداوە یەكەم كلیپی من بریتی دەبێ لە نوێكردنەوەی سروودی (نەورۆز) كە هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك وتویەتی و سروودێكی ئیلهام بەخشە بۆ كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان و هێمای بەرخودانی نەتەوەی كوردە، هەڵبژاردنی ئەم سروودەش لەسەر خواستی بەشێكی زۆری جەماوەری من بووە كە زۆر داوایان لێدەكردم گۆرانیی حەسەن زیرەك و عەلی مەردان بڵێمەوە، هەروەها بۆ خۆشەویستیم بۆ هونەرمەندە رەسەن و نەمرەكانیش دەگەڕێتەوە.
هونەرمەندان هەمیشە بە یەكێك لە هونەرمەندانی پێش خۆیان كاریگەر یان بە ئیلهام بەخشی دادەنێن، جانێ لەم بارەیەوە دەڵێ: من عاشقی دەنگی خانمە هونەرمەندی نەمر عایشەشانم و هەر ئەو عەشقە بوو وایلێكردم گۆرانییەكانی بە بەردەوام بڵێمەوە و وەك هونەرمەندێك سوودی زۆرم لێیوەرگرتووە لە زۆر رووەوە، چونكە هۆكارێكی سەرەكی بوو لەوەی كە من روو لە كاری هونەری بكەم و بەردەوام بم لەسەر گۆرانی وتن.
جانێ لە كۆی 8 بەرهەم و زیاتر لە 70 گۆرانی، تا ئێستا كلیپی نییە ئەمەشی بۆ خراپی و سەختی بارودۆخی ژیان و نەبوونی هاوكاری و سپۆنسەر گەڕاندەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێ ئێستا بارودۆخی ژیانی باشتر بووە، بۆیە بیر لە چەند بەرهەمێكی دەنگ و رەنگ دەكاتەوە كە پێشكەشی جەماوەری خۆی بكات و بە جیددی هەوڵ دەدات كلیپێكی ئاست بەرز بێت لە هەموو روویەكەوە و شایەنی جەماوەری خۆشەویستی خۆی بێت، جانێ حەیران ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتی توركیا و رووسیا خەریكی بازرگانیكردنی چاویلكەیە و بە هۆی ئەو بازرگانییەوە بژێوی ژیانی پەیدا دەكات.
Top