ئالین بە سیدییەك خۆشەویستی خۆی بۆ دایك دەردەبڕێت
دایك ناوی نوێترین ئەلبوومی گۆرانی خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان (ئالین)ە كە ئێستا لە ئەوروپا و باكوور و رۆژئاوای كوردستان بڵاوبووەتەوە بەو بەرهەمە و لە ڕێگای خۆشەویستی بۆ دایك هەستی خۆشەویستی خۆی بۆ كوردستان دەربڕیوە، هەروەها یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەم بەرهەەمەشی بە ڤیدیۆ كلیپ بڵاو كردۆتەوە.
دەربارەی ئەم كارە نوێیەی ئالین لە لێدوانێكدا وتی: ئەم ئەلبوومە سێیەمین ئەلبوومی منە و لە 13 گۆرانی جیاجیا پێكدێت كە ئەمانەن:
دایك، كەیفا من ژ تەرە تێن، بلبلێ دلشاد، لە رێگایە (بە زاراوەی سۆرانی)، ئەز ژ ڤان گەوران حەز دكەم، ئەڤینی، خەم و خەیاڵ، عەفرین، هۆنلی ( بە زمانی سریانی)، هەی بیلم، ئەزێ هەرم ناڤ باخچێ گولا، خالخالوك.
دەربارەی بوونی گۆرانی بە زمانی سریانی لە نێو ئەلبوومەكەیدا ئالین وتی: زۆر جار ئەم پرسیارەم لێدەكرێت، منیش ئەم كارە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێنمەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە رۆڵەكانی میللەتی كورد بە هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی ئێستا رووبەرووی دوژمنێكی نامرۆڤانە بووەتەوە كە خۆی لە داعشدا دەبینێتەوە بە هاوكاری دوژمنە فاشیستەكانی كە بە هەموو شێوەیەك دژی گەلەكەمان هانیان دەدەن و پشتیگرییان دەكەن بۆ تێكدانی ئەزموونی میللەتەكەمان، ئەم حاڵەتە بێ وێنەیە و خەبات و بەرگری قارەمانانەی میللەتەكەمان و پێشمەرگەی كوردستان و رۆڵی حەكیمانەی سەركردایەتی كورد لە مامەڵە كردنیان لەگەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوە و ئەو هێرشە دڕندانەی كە كراوەتە سەر كوردستان، هۆكاری دووەمی ئەم هەنگاوەش ئەوەیە دەمویست گیانی بەرگری و حەماسی نیشتمانی و نەتەوەیی لە نێو تاكی كورد كە بۆ ئەم قۆناغە بە پێویستی دەزانم.
دەربارەی كاری داهاتووی و ئەو ئەلبوومەی كە بە نیاز بوو بە چەند زمانێكی بیانی بڵاوی بكاتەوە ئالین وتی: وەك پێشتر رامگەیاندبوو كە بە نیازم لە داهاتوودا ئەلبوومێك بە چەند زمانێك بڵاوبكەمەوە، ئێستا زۆربەی كارەكانی ئەم ئەلبوومە تەواو بووە، بۆیە چوارەم ئەلبوومی تایبەتی خۆم بە چەند زمانێك دەبێت لەگەڵ زمانی كوردی و ئەمەش هەندێك وردەكاری زیاتری دەوێ و تا راددیەك جیاوازە لەگەڵ كارەكانی پێشووم و بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی سێیەمم، بڕیارمداوە ئەلبوومی چوارەمم لە كۆتایی ساڵی 2015 بڵاو بكەمەوە.
ئەلبوومی دایك ئێستا لە باكووری و ئەوروپا بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان وەك پێویست بڵاونەبووەتەوە، لەم بارەیەوە ئالین وتی: لەبەر ئەوەی دەزگای میر میوزیك تاكە دەزگایە كە كاری دابەشكردنی بەرهەمە هونەرییە كوردییەكان بەشێوەیەكی ئەكادیمی ئەنجام دەدات، ئەلبوومەكەی منیش لەلایەن هەمان دەزگاوە بڵاو دەكرێتەوە و تا ئێستا بەشێوەیەكی بەرفراوان لە ئەڵمانیا و ئەوروپا و باكوور و رۆژئاوای كوردستان بڵاوكراوەتەوە و بەم نزیكانەش لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و رووسیا بڵاودەكرێتەوە.
لە كۆتاییدا ئالین وتی: وەك هەموو كارەكانی دیكەم ئەم ئەلبوومەم پێشكەشە بە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و خۆراگری رۆڵەكانی گەلەكەم لە شنگال و كۆبانێ، دڵنیام و گەشبینم بە داهاتووی پرشنگداری گەلەكەمان و پەنا بە خوا بە یەكگرتوویی و یەكریزی هەموو لایەك گشت خەونەكانمان دێتە دی.
هەولێر- خەلیل سلێمان