دونیا شه‌هیدی: پێویسته‌ كار له‌سه‌ر تێكستی فارسیش بكه‌ین

دونیا شه‌هیدی: پێویسته‌ كار له‌سه‌ر تێكستی فارسیش بكه‌ین
له‌ شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چه‌ندین گرووپی هونه‌ری بوونیان هه‌یه‌ كه‌ موزیكی ره‌سه‌نی كوردی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ رێگای كاره‌كانیانه‌وه‌ زیندووی بكه‌نه‌وه‌، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و گرووپ و تیپانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ژه‌نیاره‌كانیان ئافره‌تن و ئه‌و ئامێرانه‌ ده‌ژه‌نن كه‌ زیاتر پیاوان پێی ناسراون وه‌ك ده‌ف و ده‌هۆڵ، دونیا شه‌هیدی یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ف ژه‌نه‌ ناسراوه‌كانی شاری كرماشان و گرووپی دایراك خاتوون كه‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ئافره‌تن.
دنیا لە بارەی تێكەڵ كردنی هونەری كوردی و فارسی و سوود وەرگرتنی كوردان لە هونەری فارسی بە گشتی و گۆرانی و موزیك بە تایبەتی دەڵێ:
ئێمە زیاتر گرنگی به‌ پێشخستنی ته‌مموره‌ ده‌دەین كەكۆڵەگەیەكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ مه‌قامه‌كانی، بۆیه‌ تا ئێستا كارێكی وامان نه‌كردووه‌ كه‌ تێكسته‌كه‌ی فارسی بێت، به‌ڵام پێویسته‌ كار له‌سه‌ر تێكستی فارسیش بكه‌ین، چونكه‌ زۆر له‌ گروپه‌ به‌ناوبانگه‌كانیش كاریان له‌سه‌ر تێكستی فارسی كردووه‌.
كه‌چی له‌ هه‌ندێك گرووپی دیكه‌ له‌گه‌ڵ مۆسیقای كوردی كاری سووننه‌تیشیان كردووه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌و رادده‌یه‌ی كاره‌كانیان به‌جۆرێك بێت كه‌ هه‌ردوو موزیكی كوردی و فارسی تێكه‌ڵ بكرێت و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوانیاندا هه‌ستی پێ ناكرێت.
دنیا هاوڕایە لەگەڕ ئەوەی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ گرنگی به‌ مۆسیقای سووننه‌تی ده‌درێت بە بەراورد لەگەڵ پارچەكانی دیكە دەڵێ:
ئەم بابه‌ته‌ تا راددەیەكی زۆر راست و لە جێگایە، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ پێویسته‌ له‌و شوێنه‌ بژین و به‌و حوكمه‌ش ئه‌و موزیكه‌ كوردییه‌ی گوێمان لێی ده‌بێت و ده‌یژه‌نم و فێری ده‌بم هه‌موو موزیكی سووننه‌تییه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی تێكه‌ڵ بوونی ئێمه‌ به‌و موزیكه‌ و راهاتنی گوێچكه‌مان به‌و ئاواز و موزیكه‌ و له‌ هزر و بیری ئێمه‌دا جێگای خۆی كردۆته‌وه‌.
Top