شەوكەت ئەمین بە (بیرەوەرییەكانی سەر بەرد) دەچێتە كازاخستان
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" Memories On Ston لە نووسینی هاوبەشی "شەوكەت ئەمین كوركی" و "مەممەد ئەكتاش" و لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد "شەوكەت ئەمین كوركی" كە بەرهەمی ساڵی 2014ی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیایە لە دووەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان لە بەشی پێشبڕكێی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیا Eurasia لە وڵاتی كازاخستان نمایش كرا.
ئەم فیلمە كوردییە لەگەڵ 11 فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، كۆریای باشوور، ئاڵبانیا، ئستونیا، ئیسرائیل، كرۆواسیا، كازاخستان، ژاپۆن و ڕووسیا چووە سەر پەردەی سینەماكان.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی 200 فیلم لە سینەماكارانی 30 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، بەشی "تایبەت بە 30 ساڵ سینەمای كازاخستان"، بەشی تایبەت بە سەدەمین ساڵوەگەڕی لە دایكبوونی فیلمسازی ناوداری كازاخستانی "شاكیم ئیمانۆف"، بەشی "سینەمای كۆریای باشوور"، بەشی "شەوی كورتە فیلم"، بەشی "سینەما پردێك لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا"، بەشی "ڕووداوە تایبەتەكان" و بەشی "سینەمای وریای كازاخستان" لە ڕۆژانی 15 تا 20ی ئەیلوول / سەپتەمبەری 2014 لە شاری ئاڵمائاتی گەورەترین شاری وڵاتی كازاخستان بەڕێوە چوو.
"یێرمەك ئامانشایۆف" لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیا گوتی: ئەم فیستیڤاڵە لە هاوكاری نزیك لە نێوان فیلمسازانی كازاخستانی و وڵاتانی ئەورووپی و ئاسایی بۆتە یەكێك لە گرینگترین ڕووداوەكانی سینەمایی جیهان.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەكانی سەر بەرد" لە یەكەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوكەت ئەمین كوركی"، ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە "حوسێن حەسەن" و هەروەها نووسەر و بەرهەمهێنەری فیلمەكە "مەمەد ئەكتاش"، بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان لە بەشی "ئاسۆكان"ی چل و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كاڕڵۆڤی ڤاری لە وڵاتی چیك نمایشكرا و لە لایەن بینەران، ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسانەوە پێشوازیی لێكرا.