كوردستان دەبێتە میوانی سەرەكی فیستیڤاڵی فاس
شەیما بن عەبدولڵا سەرۆکی فستیڤاڵی سینەمایی فاس ئاماژەی بەوەدا، لە ئایندەیەکی نزیکدا فستیڤاڵێکی سینەمایی لە شاری فاسی مەغریب بە بەشداری هەرێمی کوردستان وەکو میوانی سەرەکی فستیڤاڵ بەڕێوە دەچێت و لە ئێستاوە چاوەڕوانی بەشداری کارای هونەرمەندانی کوردن بۆ بەشداریکردن لەم فستیڤاڵە.
سەرۆکی فستیڤاڵ نیشانیدا هەر لەم مانگەدا فستیڤاڵێک لەرەباتی پایتەختی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو کورتە فیلم وتیایدا پرسی توندوتیژی کۆمەڵایەتی وروژێندرا وئاماژەی بەوەشدا کە ئەویش ئاگادارە لە کوردستان بۆ هەمان مەبەست ساڵانە فستیڤاڵی سینەمایی دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا لەم فستیڤاڵەدا چەندین پەیامی گرنگ دووپاتیان لێکرایەوە بەوەی کە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی پێویستە بە شێوەیەکی جدی لەدژی توندوتیژی بوەستێت ولەناوی ببات چونکە ئەم پرسە هیچ مەسەلەیەک چارەسەر ناکات.
هاوکات دووپاتیشیکردەوە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لە فستیڤاڵ فاسی سینەماییدا هەموولایەک چاوەڕوانی ئامادەبوونی شاندی کوردین وچاوەڕوانی نمایشی بەرهەمەکانی کوردستانن تا ناسیاویەکە زیاتر بێت وکۆمەڵگەی مەغریبیش بزانێت کوردستان لە چ بارودۆخێکدایە ولەهونەری سینەمادا بەکوێ گەیشتووە وتاچەند گەشەی سەندووە.
شیاوی باسە لە مانگی مایسی رابردوودا لەرۆژێکی تایبەت بە فیلمی کوردی لە رەباتی پایتەختی مەغریب فیلمێکی تایبەت بەخەبات وبەرخودانی بارزانی نەمر بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی هونەرمەند وسینەماکارانی ئەم وڵاتە نمایشکرا، ئەمە جگە لە نمایشکردنی چەندین فیلمی دیکەش لەبارەی مێژوو وئێستای گەلی کورد.