مهاباد ئیبراهیم: پێشمه‌رگه‌ زامنی پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستانه‌

مهاباد ئیبراهیم: پێشمه‌رگه‌ زامنی پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستانه‌
خانمە هونەرمەندی دوورە وڵات مهاباد ئیبراهیم لە پەیامێكدا بۆ پێشمەرگە خۆراگرەكانی كوردستان باس لەوە دەكات كە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە فێری خۆشەویستی نیشتیمانی و پێشمەرگە بوون بوون.
لە پەیامەكەی خاتوو مهاباددا هاتووە: هه‌ر كه‌ منداڵ بووین له‌ دایك و باوكمان ده‌بیست پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و شۆڕشگێڕ و پارێزه‌ری خاكی كوردستان و تۆقێنه‌ری دوژمن و ناحه‌زانه‌ و وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك قاره‌مانێك له‌ هزر و بیرمان نه‌خشێنرا بوو و ئه‌و وێنه‌یه‌ش رۆژ به‌ر رۆژ چه‌كه‌ره‌ی كرد ‌، كاتیكێش بینیمان كه‌سوكارمان هه‌موویان پێشمه‌رگه‌ن و هه‌میشه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌ستن بۆ پاراستنی خاكی كوردستان ئه‌م راستیه‌مان به‌ ته‌واوی بۆ ده‌رده‌كه‌وت كه‌ ته‌نیا پێشمه‌رگه‌یه‌ زامنی پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستانه‌، له‌ چه‌ندین قۆناغی مێژوویی و سه‌ختی گه‌له‌كه‌مان وله‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی چه‌ندین پیلانی دوژمنكارانه‌ی ناحه‌ز و دوژمنانی كوردستان، ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ بووه‌ كه‌ پیلانه‌كانی شكست پێ هێناوه‌ و گه‌وره‌یی و نه‌مری ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی نیشانی دوژمنان داوه‌ كه‌ تا پێشمه‌رگه‌ مابێت كورد و كوردستان هه‌ر ده‌مێنن و دوژمنان ناتوانن ده‌ست بۆ بستێكی خاكی پیرۆزی كوردستان درێژ بكه‌نه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت بیریش له‌مه‌ بكه‌نه‌وه‌.
له‌م قۆناغه‌ی ئێستاشدا كه‌ گه‌له‌كه‌مان رووبه‌رووی دوژمنێكی دژه‌ مرۆڤایه‌تی و هه‌موو ئایین و به‌هایه‌ك بووه‌ته‌وه‌، دڵنیام و پشت ئه‌ستوورم به‌وه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنن و ئه‌م پیلانه‌ی دوژمنانیش وه‌ك ئه‌وانی پێشتر شكست پێ ده‌هێنن و میلله‌تی كورد هه‌ر به‌ سه‌ربه‌رزی ده‌مینێته‌وه‌.
Top