"erbil my love" ئەمڕۆ نمایش ده‌كرێ

دوای نزیكەی ساڵێك لە كاركردن بۆ فیلمێكی دیكۆمێنتاریی، لە ژێر ناوی "erbil my love"، واتە خۆشم دەوێی هەولێر، كە تەواوی چالاكییە هونەرییەكان و ڕووخساری جوانی هەولێری پایتەخت دەخاتەڕوو. كە لە دەرهێنانی "سامی كاكە"ـیە و بەرهەمی پارێزگای هەولێرە، بڕیاریشە ئەمڕۆ بۆ یەكەم جار لە كاتژمێر 6ـی ئێوارە ببێتە میوانی سینەمای سێڤن ئارت لە نێو مێگا مۆڵدا.
سەبارەت بە نیشاندانی بەرهەمەكەیش "سامی كاكە" دەرهێنەری فیلمەكە رایگه‌یاند: لەگەڵ دیاریكردنی هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی 2014، بیرۆكەی هێنانە بەرهەمی فیلمێكی دیكۆمێنتارییم لەلا گەڵاڵە بوو، لەو سۆنگەوەیش پێوەندیم بە پارێزگای هەولێر كرد، بۆ ئەوەی هاوكاربن لەبەردەم ئەو پڕۆژەیە، كە خزمەت بە هەولێر و هەولێرییەكان دەكات و دەبێتە باشترین نموونە بۆ ئەو گەشتیارانەی كە لە وڵاتانی دنیاوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بە سوپاسەوە دیارە "تاهیر عەبدوڵڵا" جێگری پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی بەرهەم هێنانی ئەو فیلمەی بە لاوە جوان بوو، بە خۆشحاڵییەوە ڕەزامەندبوو لە تەواوی هاوكارییەكانی ئەو فیلمە دیكۆمێنتارییە. بۆیە لەگەڵ یەكەم چركەساتی دیاریكردنی هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی هەڵسام بە وێنەگرتنی تەواوی چالاكییە هونەری و پڕۆژە یەك لە دوای یەكەكانی هەولێر لەو ماوەیەدا، كە ماندوبوون و شەونخونییەكی زۆری پێوە دیارە، تەنانەت بۆ جوانكردن و نیشاندانی دیمەنە دڵڕفێنەكانی پایتەخت، هەوڵمدا بە هەلی كۆپتەر لە ئاسمانەوە وێنەی ڕووخساری جوانی هەولێر نیشان بدەم. مایەی خۆشحاڵییە، كە ئەمڕۆ، لە ئێوارەیەكدا لە (سێڤن ئارت سینەما) بۆ یەكەم جار ئەو فیلمە دیكۆمێنتارییە بە هاوكاری ئەو سینەمایە لە كاتژمێر 6ـی ئێوارە دێتە نمایش كردن.
"سامی كاكە" لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: دەمەوێ ڕۆڵی ئەو كەسانە لەبیر نەكەم، كە هاوكاربوونە تا ئەو فیلمە هاتووەتە بەرهەم، كە لە وێنەگرتنی "عەبدولخاق جەودەت" و لە خوێندنەوەی خانمە ڕۆژنامەنووسی مەغریبی"ڕەشا ئەلشەرقاوی"ـیە و بەرهەمی پارێزگای هەولێرە، هیوادارم توانیبێنم لە سووچێكدا خزمەت بە بزوتنەوەی هونەر و شارەكەم بكەم، كە شایستە بێت بە جوانی پایتەختە ڕەنگینەكەی كوردستان.
Top