ئالان عومه‌ر: پێشمەرگە نەبێ ئێمە نین

ئالان عومه‌ر: پێشمەرگە نەبێ ئێمە نین
خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئالان عومه‌ر وه‌ك دڵسۆزی و وه‌فادارییه‌ك په‌یامێك پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان ده‌كات كه‌ ئێستا له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی تیرۆریستان ده‌جه‌نگن و هیوا ده‌خوازێت ئه‌ویش بیتوانییبا ئێستا له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ شان به‌ شانیان چه‌كی به‌رگری هه‌ڵگرتبا.
بەداخەوە من ئێستا لەم دۆخەدا لەکوردستان نیم، بۆیە هەرچی بڵێم رەنگە وەک قسەی بێکردار هەژمار بکرێت، بەڵام لەدڵەوە دەڵێم هەمیشە رۆحم، دڵم لای پێشمەرگەکانی کوردستانە، سوپاسگوزاری قارەمانی و ماندوبونیانم، ئەوان سەلماندیان، کە هەتا ئەمرۆ ئەگەر پێشمەرگەی کوردستان نەبێ، هێزێک هەیەعەقڵێک هەیە لەسەر پێیە بۆ پەلاماردانی کوردستان، تموح هەیە بۆ داگیرکردنی کوردستان، بۆ بەتاڵانبردنی سەروماڵی کورد، بۆ بردنی شەرەفی کورد، کەوایە رووداوەکانی ئەم دوایە دیسان سەلماندییەوە پێشمەرگە پارێزەری نیشتیمان و نەتەوەو شەرەف و ناموسی وڵاتێکە، پێشمەرگە ناسنامەی مانەوەی کوردستانە.
بۆیە وەک تاکێکی کورد خۆم بەقەرزاری پێشمەرگە ئەزانم، هەمیشە دڵم لایانە، هیوای سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەخوازم، پێیان دەڵێم ئەگەر دوێنێ وەخت بوو سەرقاڵی بەژیانەوە لەبیرمان بباتەوە پێشمەرگە نەبێ ئێمە نین، ئەوە هێرشی جەهل لەم دوایەدا و قارەمانی ئێوەی پیشمەرگە پێی وتینەوە بیری خستینەوە، ئێوە پشت و پەنا و پارێزەرمانن ئێوە ناسنامەمان.
سڵاوم هەیە بۆ خۆراگری و قارەمانیەتی و ماندوبونی پێشمەرگە، هیوای زوو چاک بونەوە بۆ بریندارانی پێشمەرگە، هەمیشە سەرم نەوییە لەبەرانبەر خوێنی شەهیدانی پێشمەرگەو بنەماڵە سەربەزەکانیان.
شەنگال برینێکی گەورەی رۆحی هەموو کوردێکە، پەڵەیەکی شەرمەزاری گەورەیە بەرووی جیهانەوە ئەوانەی بەناوی پاراستنی یەک پارچەیی عێراق خۆیان ئەبوارد لەهاوکاریکردنی پێشمەرگەی کوردستان.
لەم دوورە وڵاتەوە، لەگەڵ گریانی هەر ژنێکی ئاوارەبووی ئێزیدیدا دەگریم، لەگەڵ هاواری هەر مناڵێکیان رۆحم پارچە پارچە دەبێت، لەگەڵ خورپەی هەر کچە رێفێنراوێکی کورددا لەو ناوچەیە دڵە خورپەمە، ئاخر چ ویژدانێک رێگا ئەدات لەساڵی 2014 خەڵک ئەنفال بکرێ؟، کۆمەڵکوژیی بکرێت، جگە لەو سوپا جەهلەی هێرشی هێناوە بۆ سنورەکانی کوردستان.
بەهیوام و بڕوام بەوە هەیە پێشمەرگە تۆڵەی خەڵکی کوردستان لەدوژمنانی ژیان و ئینسان دەکەنەوەو ریسوای بەردەم قۆنەرەی ئاوارە ئێزیدییەکانیان دەکەن.
بەداخەوە باردۆخ و کارەساتەکانی شەنگال پێی وتین، تاکو ئیستاش دۆستی یەکەمی ئێمە چیاکانی کوردستانن، راستە دۆستی زۆر بەدەممانەوە هاتن و ئێستا هاوکاریمان دەکەن، بەڵام ئەگەر چیای شەنگال نەبوایە پەڵەی شەرمی سەرناوچەوانی جیهان زۆر گەورەتر دەبوو لەوەی کە ئێستا بەرانبەر بەشەنگال بەنێوچاوانیانەوەیە، کارەساتی شەنگال ئەوەندەی تاوانی دوژمنانی کوردە، ئەوەندەش تاوانی ئەو دۆستانەمانە، کە خۆیان دەبوارد لەهاوکاری و پڕچەککردنی پێشمەرگە، ئەو هێزەی کە لەناوچەکەدا تەنها هێزی پارێزەری ئینسانیەتە.
بەهیوام بەهەموومان بەهەموو کورد هاوکار بین بۆ سڕینەوەی فرمێسکی ئێزیدییەکان، بۆ دڵدانەوەو هاوکاریکردنیان لەسەرکەوتن بەسەر خەم و ئازارەکانیاندا، بەهیوام حزبەکانی کوردستان لەسەر پرسی شەنگال و ئێزیدییەکان حزبایەتی نەکەن و کوردانە لەبەرانبەر ئەو کارەساتە بوەستن.
Top