ناهدە سوباعی خەریك بوو شەڕێكی گەورە بنێتەوە

ناهدە سوباعی خەریك بوو شەڕێكی گەورە بنێتەوە
خانمە ئەكتەری میسری ناهدە سوباعی ئاشكرای كە لەكاتی بەشداریكردنی لە خولی 65ی فیستیڤاڵی كانی سینەمایی بووە هۆی درووستبوونی مشتومڕێكی گەورە لە نێوان ئەستێرەی سینەمایی جیهانی برۆس ویلس و هونەرمەند باسم سەمرە و گفتوگۆكەیان گەورە بوو و خەریك بوو شەڕێكی گەورە لە نێوان ئەو دوو ئەستێرەیەدا روو بدات. ناهدە ئاشكرای كرد لەو خولەی (فیستیڤاڵی كان)دا بەشدار بوو بە فیلمی (بعد الموقعە) كە خۆی و باسم سەمرە پاڵەوانی فیلمەكە بوون، برۆس ویلس «موجامەلەیەكی زۆری» كردووە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی و خۆی بۆ نەگیرا. ئەم تووڕەبوونەش خەریك بوو ببێتە شەڕێكی توند لە نێوانیان ئەگەر هەندێك لە ئامادەبووان ناوبژییان نەكردبا، ناهدە هۆكاری سەرەكی تووڕەبوونی باسمی بۆ ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ وەفدی میسریی بەشدار لە فیستیڤاڵەكە گەڕاندەوە. ناهدە لەمیانەی بەرنامەی (ان الاوان) كە هالە سەرحان لە كەناڵی (محور) پێشكەشی دەكات، ئەوەشی ئاشكرا كرد دوای مشتومڕەكە بە دزییەوە چووەتە لای برۆس ویلس و بانگێهشتی كرد بۆ ئامادەبوون لە نمایشی فیلمەكە، بەڵام باسم زیاتر تووڕە بوو، ئەمەش وایكرد كە بچێتە لای و داوای لێبوردنی لێبكات.
Top