هونه‌رمه‌ندێكی لوبنانی سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی كردو پشتگیری خۆی بۆ پێشمه‌رگه‌ راگه‌یاند

هونه‌رمه‌ندێكی لوبنانی سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی كردو پشتگیری خۆی بۆ پێشمه‌رگه‌ راگه‌یاند
كچه‌ شۆخ و شه‌نگی لوبنانی حه‌سنا مه‌ته‌ر وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی، سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی كردو ده‌ستخۆشی و پشتگیری خۆی بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان راگه‌یاند.
رۆژی پێنج شه‌ممه‌ 21.8.2014 كچه‌ هونه‌رمه‌ندی لوبنانی حه‌سنا مه‌ته‌ر به‌ یاوه‌ری شاندێك سه‌ردانی میحوه‌ری مه‌خمورو گوێری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن به‌رپرسان و فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌كانی سه‌نگه‌ر به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا.
كچه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ لێدوانێكدا سه‌باره‌ت به‌م سه‌ردانه‌ گوتی: وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی سه‌رشانم به‌ پێویستم زانی كه‌ سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان بكه‌م كه‌ گیانی خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری بژین، حه‌زم كرد له‌ نزیكه‌وه‌ بیانبینم و سوپاسگوزاری خۆمیانی پێ رابگه‌یه‌نم و ده‌ستخۆشیان لێ بكه‌م بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنانه‌ی به‌سه‌ر تیرۆریستان تۆماریان كردووه‌، راشیگه‌یاند: ئێوه‌ رووبه‌رووی ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی ده‌بنه‌وه‌، ئێوه‌ له‌ جیاتی هه‌موو جیهان دژی تێكده‌ران ده‌جه‌نگن و شه‌ڕی ئاشتی و ئازادی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش سه‌ربه‌رزییه‌كی مه‌زنه‌ مێژوو بۆ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تۆماری ده‌كات.
زیاتر گوتی: من له‌ لوبنانه‌وه‌ هاتووم تاكو سلاوی خه‌ڵكی ولاته‌كه‌متان پێ رابگه‌یه‌نم، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش سه‌ربازانی لوبنانی له‌ ناوچه‌ی عه‌رسال به‌ره‌نگاری چه‌كدارانی توندره‌و بوونه‌وه‌، ئه‌وانیش وه‌كو پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گیانی خۆیان فیدای خاك و نیشتیمان و هاولاتیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ جێی ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌موومان پشتگیریان بكه‌ین.
روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ شه‌هیدانه‌ی گیانی خۆیان بۆ خاكی كوردستان به‌خت كرد هه‌رده‌م له‌ دڵ و ده‌روونمانن و ئه‌وان زیندوون و نامرن، دوعاش بۆ برینداران ده‌كه‌ین به‌ زووترین كات چاك ببنه‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌ی پارێزگاری كردن له‌ شه‌ره‌ف و خاكی نیشتیمان.
وه‌ك پشتگیرییه‌كیش بۆ پێشمه‌رگه‌و به‌رز كردنه‌وه‌ی وره‌یان، كچه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سنا مه‌ته‌ر جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه‌ی پۆشی و ماوه‌ی 3 كاتژمێر له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان مایه‌وه‌و وێنه‌ی یادگاریان گرت.
لای خۆیانه‌وه‌، فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كان و پێشمه‌رگه‌كان سوپاسی هونه‌رمه‌ندیان كرد بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌و به‌لێنیان پێدا كه‌ نه‌هێڵن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك تیرۆریستان زه‌فه‌ر به‌ بستێكی خاكی كوردستان ببه‌ن و ئاماده‌ن گیانی خۆیان به‌خت بكه‌ن له‌ پێناو هاولاتیان و بۆ ژیانێكی خۆش و به‌خته‌وه‌ری كوردستان.
جێی باسه‌، هونه‌رمه‌ند حه‌سنا مه‌ته‌ر ماوه‌یه‌كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌ و چه‌ندین كاری هونه‌ری كردووه‌، له‌ ئێستاشدا خه‌ریكی گۆرانییه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی، هه‌روه‌ها له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوو كۆمه‌ك و هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كانی ئێزیدی و توركمان و مه‌سیحی بكات.
Top