راغیدە شەلهوب : ناتوانین ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ت بین

راغیدە شەلهوب : ناتوانین ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌ت بین
راغیدە بەوە ناسراوە كە خاوەن سەروسیما و رووخسارێكی سەرنجڕاكێشە و لە كاتی بەرنامەكەشیدا لەگەڵ میوانەكانی زۆر بە راشكاوانە رووبەروویان دەبێتەوە، هەرچەندە وەك خۆی دەڵێت هێڵێكی هێشتۆتەوە لەنێوان خۆی و بینەرانی و رێگا بە خۆی نادات بیبەزێنێت.
ده‌رباره‌ی نهێنی سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاندنكاره‌ لوبنانییه‌كان له‌ نێو راگه‌یاندنكاری وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی راغیده‌ ده‌ڵێ:من پێم وایە جیاوازییەكی زۆرمان لە نێواندا نییە، چونكە ئێستا بەهۆی شەپۆڵەكانی عەولەمەوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە جۆرە لێك نزیك بوونێك لە نێوانماندا هەبێت وەك پێشتر گوتم رەنگە من لە وڵاتێكی عەرەبی زیاتر ناسراو بم لەوەی لە لوبنان ناسراوم، لە هەمان كاتدا ئێمە یەك ئامانجمان هەیە كە كۆمان دەكاتەوە، سه‌باره‌ت به‌ زۆربوونی راگەیاندنكارە لوبنانییەكانە ئەوا دەتوانین بڵێین ئێمەی لوبنانی تێكەڵێكین لە نێوان رووحیەتی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی ئەمەش رەنگە جیاوازییەكی سەرەكی بێت كە لە راگەیاندنكارە عەرەبەكانی دیكە جیامان دەكاتەوە ئەگینا من زۆر جیاوازی نابینم بۆ نموونە ئەگەر سەیری بواری گۆرانی و مۆسیقا بكەین دەبینین هونەرمەندی لوبنانی بە شێوەزاری كەنداوی یان میسری گۆرانی دەڵێ.
راغیده‌ ده‌رباره‌ی گرنگیدانی بە سیاسەت و رۆڵی سیاسه‌ت له‌ ژیانی ئه‌ودا ده‌ڵێ:
- ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە هەندێك شوێنی وەك لوبنان و عێراق بەهیچ شێوەیەك ناتوانین دەستبەرداری سیاسەت بین، بەجۆرێك سیاسەت بووەتە بەشێكی نەپچڕاو لە ژیانماندا وەك نان و ئاوی لێهاتووە كە پێویستە هەمیشە هەڵیمژین، ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و كێشە زۆرەكان وای لێكردووین كە زیاتر لەوانەی بە كاری سیاسەت هەڵدەستن ئێمە لێی ئاگادار بین و بزانین چی هەیە و چی روودەدات، بۆیە سیاسەت بەشێكی زۆری لە ژیانی ئێمە داگیر كردووە.
Top