سینەما و كورد و كاربەدەستان
راستە! فیلمێكی كوردی سەد ساڵ پێش ئێستا لە لایەن حەمو بەگی نەزەریان، لە ناو سنووری سیاسیی سوڤیەتی پێشوو دروست كرا و دواتریش ئەم دەرهێنەرە چەند كارێكی دیكەی لە سەر كورد ئەنجامدا.
راستە! ساڵی 1983دا یەلماز گۆنای بە فیلمی (رێگا) بەشداری لە میهرەجانی (كان) كرد، تا رێگاكان بەرەو (كان) و میهرەجانە گرنگەكانی جیهان بۆ دەرهێنەرە كوردەكان خۆش بكرێت.
راستە! لە سەدەی رابردوودا لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان لە ژێر ئاڵای رژێمە داگیركەرەكاندا، سینەماكارانی كورد سینەمایان كردووەتە ئەو چرایە جادووییەی خواستی گەلەكەیان بێنێتەدی.
بەڵی! ئەمانە راستن، (بەڵام) هەموویان هەوڵی تاكە كەسین كە دوور بوون لە پلان و بەرنامەی درێژخایەنی داڕێژراو.
بەڵام لەم سەردەمەدا، سینەما پتر لەوەی هونەرو بازرگانی بێت، ئامرازی پروپاگەندەی سیاسییانەیە. هەنووكە، سینەمای (هونەری - مرۆڤایەتی)، مۆركی ناسیۆنالیستیانەی وەرگرتووە و، بووەتە هۆكاری گواستنەوەی كلتوور و، گواستنەوەی هەستی نەتەوایەتی، تا رادەی چەسپاندنی.
جێی دڵخۆشییە لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەوە، گۆڕانێكی گەورە لە رەوتی بەرهەمهێنان و روانین بۆ سینەما لە لایەن كورد و ئەم پارچەی كوردستان بە تایبەتی هاتە ئاراوە. كەسانی خەمخۆر لەپاڵ حكومەتی هەرێم، سینەمایان كردە ئامرازی گواستنەوەی خواست و خەونە مەزنەكانی گەلە خێر لەخۆ نەدیتووەكەیان. لەكاتێكدا دەیان كێشەی گەورەی خزمەتگوزاری لە ئارادابوون، بوێرانە یارمەتی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییاندا. هەرچەندیشە، ئەم یارمەتیدانە گازندەی ناوخۆیی زۆریشی لێدەكەوتەوە، چونكە ناسینی سینەما پێویستی بە رۆشنبیرییەكی گشتیی بەرفراوان هەبوو كە بەداخەوە تەنانەت بەشێكی زۆری نوخبەو بەربژێرەكانیشمان لێی بێبەش بوون. دیسانیش، ئەم خەمخۆرانە كۆڵیان نەدا و، پاڵپشتی خۆیان دەردەبڕی. بەمەش، ئەو رێگایەی كە تەنانەت دەوڵەتە خاوەن كیان و خاوەن سەرمایەی زەبەلاحەكانیش بە سەد ساڵ نەیانتوانیبوو بیبڕن، ئێمەی بێ دەوڵەت كە بە هەموو شێوەیەك كلتورو هزرو رابردوو داهاتوویان شێواندین، بە چەند ساڵ رێگەیەمان بڕی.
فیلمەكانمان بەشداریان لە ڤیستیڤاڵگەلێكی جیهانی كرد كە بەشداریش تێیدا سەروەرییەكی نەتەوەیی گەورەی لە چەشنی مۆندیالی تۆپی پێیە و، دەوڵەتەكان ئامادەنە لە پێناوی خۆ دیتنەوە تێیدا هەموو جۆرە مانۆرو تاكتیكێكی ئابووری و سیاسییانە ئەنجام بدەن. بەڵام ئێمە توانیمان بە پاڵپشتییەكی ساكارانە، تەنیا بە پشتگەرمی خەون بینین و، هەوڵی ماندوو نەناسانە و پێشمەرگەئاسانە، بە خێرایی پێلیكانەكان بەرەو سەركەوتن ببڕین، تاكو جیهان خەونەكانمان ببینێت.
سەركردە سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكانی نیشتمانە پارچە كراوەكەم! ئەم بەشدارییانە وایكرد تا لە سایتی تایبەت بە (كان)، لە كاتی ناردنی فیلم، بتوانی زمان (كوردی) هەڵبژێری و، بۆ نەتەوەش (كورد)، ئەمەش شاكاری نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە كە زۆر لە خاوەن دەوڵەتەكانیش خەونی پێدەبینن. لە 2007تا 2009دا، كوردی بێ دەوڵەت چوار فیلمی لە بۆرسەی فستیڤاڵە بەناو بانگەكاندا هەبوو، نەتەوەكانی خاوەن چەند دەوڵەتیش ئەوەیان پێنەكرا. لە زۆر فستیڤاڵی ناودار، حەفتە و بەشی سینەمای كوردی دانرا.
راستە! دڵمان بەم سەركەوتنانە خۆشە. هەنووكە سێ بەرێوەبەرایەتیی سینەما لە سێ پارێزگای هەرێمەكەمان هەیە. شانازیە! دەیان گەنج لە ناو پیشەی سینەمادا پەروەردە بوونە. ئاسوودەشین بەشی سینەما لە زانكۆدا هەیە و، كۆمپانیای كەرتی تایبەتیش لەدایكبوون. وێڕای ئەوەی تێگەیشتن لە هەمبەر سینەما لە كوردستاندا هێندە لە دواوەیە كە باروودۆخەكەی بۆ سینەماكارانمان چەند قات دژوارتر كردووە.
ئەمە راستییە! هەندێك بە ناو هونەرمەند، هەلەیان قۆستەوە كە پرۆسەی بەرهەمهێنان لە خزمەت خۆیاندا بێت!. بەڵام ئەگەر سیستەمێكی توكمە هەبووایە، سینەما لەوەش پتر هەنگاوی دەهاوێشت. ئەو كات لە پاڵ بەرهەمهێنان، سینەما بە ئەركی پەروەردەكردنی ناوخۆیش هەڵدەستا. بەڵام نەبوونی یاسا، وایكرد دەگمەن كەس هەبێت هەست بە غەدر نەكات. هەرچەندە هەوڵی پچر لە ئارادا بووە، بەڵام یاسا بۆ سینەما پێویستی بە پشوودرێژی هەیە. چونكە ئێستا، سینەمایە كە مرۆڤ پەروەردە دەكات. سینەماش پلان و بەرنامەو یاسا و ستراتیژی پێویستە.
سینەما خۆی وەزارەتێكە، كاری هەرەوەزیی سەدان كەسی گەرەكە. سینەما بەشێكە لە ئاسایشی نەتەوەیی، وەكو دەزگا ئەمنییەكان سەدان كەسی پێویستە. مرۆڤ پەروەردە دەكات و سەدان پەروەردەكاری گەرەكە. مێژوو ئەدەبیات و هونەرو سیاسەت و پیشەسازییە. چیرۆك و رۆمان و مێژو و فەلسەفەو زانستەكان و دراماو شانۆ و سەرمایە و پلان و پاڵپشتی و بازارو راگەیاندنە. رەنگ و دەنگ و رۆیا و تەكنۆلوژیا و سەدان مژار و پسپۆرییە، بۆیەشە بە دوو سێ كەس بەڕێوە ناچێت.
سینەما واتە پیرۆزی و سەروەری، كۆی خەونەكانی رابردوو ئێستا و ئایندەی گەلێكە كە چەند ساڵێكە لە ژێر ئالایەكەی خۆی، دەرفەتی بۆ رەخساوە وەكو زۆربەی گەلان، بە مەبەستی دەربڕین لە ناخی، سینەما لە باوەش بگرێت. بۆیەشە بەرپرسیارییەتێكی مێژوویی دەكەوێتە ئەستۆی ئێوەی كاربەدەست و بەربژێرەكانی هەرێمەكەم...