زۆر مرۆڤ هەیە پلانێك بۆ ژیانی خۆی دادەنێت و بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات لە پلانەكەی سەركەوتوو بێت و بە باشترین شێوە جێبەجێی بكات، ئەمەش ئەرك و ماندووبوون و بگرە شەونخونییەكی زۆریشی دەوێ، مرۆڤ تووشی فشارێكی دەروونی و جەستەیی زۆر دەبێت و زۆر لە هاوڕێ و دۆستە نزیكەكانیشی لەگەڵی ماندوو و خەریك دەبن بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بە شەوی بوكێنییەوە هەبێت دەیەوێ بە جۆرێك بێت كە تا لە ژیان لە بیری نەكات. ماریا ئاربا ماوەیەكە بووەتە باسی سەر زاری میدیاكانی بەریتانیا دوای ئەوەی پەنای بۆ كەناڵی بی بی سی برد بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بیگەیەنن بە هەر یەكە لە براد بێت و ئەنجلینا جۆلی، چونكە بە قسەی خۆیان ئەم دوو ئەستێرە هاوسەرە خەریكە خۆشترین رۆژی ژیانیان تێك بدەن. بەپێی چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی رایانگەیاند ئەربا و دەستگیرانەكەی پلانیان دانابوو ئاهەنگی هاوسەرگیرییان لە دوورگەی جۆزۆ لە وڵاتی مالتا ساز بكەن لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو، بەڵام لە بەدبەختیی خۆیان ئەم پلانەیان خەریكە دەبێتە خەون، چونكە ئەنجلینا جۆلی و براد بێت هەمان دوورگەیان هەڵبژاردووە بۆ وێنەگرتنی دیمەنەكانی فیلمی داهاتوویان كە بە یەكەوە رۆڵی تێدا دەبینن و ئەگەر لەو كاتەدا فیلمەكە وێنە بگرن ئەوا ناتوانن ئاهەنگەكەیان ساز بكەن، بۆیە دەیانەوێ لەگەڵ ئەنجلینا و براد قسە بكەن بۆ ئەوەی ئاهەنگەكەیان تێك نەچێت و چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ ئەم گرفتە.