نەتالیای هونەرمەند: گۆرانی وتنیش شۆڕشە بەدەنگ و هونەر
ناتالیا لەمبارەیەوە لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری گوڵان دەربارەی گرنگی هونەر و گۆرانی بۆ میللەتی كورد وتی: ئەوەی ئێمە گوێبیستین و بە درێژایی مێژوو بینیومانە هەمیشە میللەتی كورد لەلایەن دوژمنانی دووچاری كوشتن و ئاوارەیی و دەربەدەری بووەتەوە و خاك و وڵات و كەلتوور و زمانی بەر هێرشی داگیركەران كەوتووە و هەوڵی بنبڕكردنیان داوە، جگە لە گیانفیدایی و شۆڕشی چەكداری میللەتی كورد بەردەوام پەنای بۆ هونەر بردووە بۆ پاراستنی كەلتوور و زمان و فەرەەنگی خۆی و توانیویەتی زمان و كەلتووری خۆی بپارێزێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە گۆرانی وتن و هونەریش شۆڕشە، بەڵام شۆڕشە بە دەنگ و هونەر، ئەم كارە بۆ هونەرمەندانی وەكو ئێمە بە حوكمی ئەوەی لە دوورە وڵاتی دەژین تا راددەیەكی زۆر زەحمەت بوو، بەڵام لە هەمان زیاتر هانی دەداین كە بەردەوام بین لەسەر ئەو خەباتە.
ناتالیا پێیوایە ژیانی ئاسایی بۆ ئافرەتی كورد سەختە و كاتێكیش روو لە كاری هونەر و گۆرانی وتن بكات ئاستەنگ و گرفتەكانی زیاتر و چەند بارە دەبنەوە لەم بارەیەوە دەڵێ: بۆ ئافرەتی كورد بە گشتی ژیان سەختە و بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ و گرفت دەبێتەوە، ئەگەر ئافرەت بێت ئەوا ئاستەنگەكانی زۆرتر و سەختتر دەبن، منیش ئەگەرچی لە خانەوادەكەم زۆر هاوكارییان كردم بۆ بەردەوام بوون لە كاری هونەری، بەڵام دیسان ئاسان نەبوو، كاتێك رووم لە دەرەوەی وڵاتیش كرد ژیان ئاسان نەبوو و پێویستی بەوە بوو بژێوی ژیان پەیدا بكەم، لە هەمان كاتدا خۆشەویستیم بۆ هونەر وای لێكردم كە دەست لە كاری هونەری بەرنەدەم، چونكە دەمزانی لە ئەوروپا دەرفەتی زیاترم بۆ دەڕەخسێت كە بتوانم بەشێوەیەك پرۆفیشناڵ درێژە بە كاری هونەری بدەم، سوپاس بۆ خوا ئەو دەرەفەتم بۆ هاتە پێش و بووە هۆی ئەوەی ئاشنایەتیم لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی كورد لە ئەوروپا زیاتر بێت و تا ئێستاش بەردەوام لە كاری هونەری، بەڵام پەیدا كردنی بژێوی ژیان بۆ هونەرمەندێكی ئافرەتی كورد لە ئەوروپا كارێكی ئاسان نییە.
• وەك ئافرەتێك چ زانیارییەكت دەربارەی هونەرمەندانی كورد هەیە لە كوردستانی ئازاد؟
- بەداخەوە تا ئێستا ئەو دەرەفەتەم بۆ نەەاتووەتە پێش كە سەردانی كوردستان بكەم و لە نزیكەوە ئاگاداری ژیان و گوزەرانی كوردان بم، بۆیە ناتوانم بڵێم هونەری ئافرەتان لە كوردستان چ ئاستێكدایە ئەگەرچی ئەو ساڵانەی لە ئەوروپا ژیاوم تا راددەیەك ئاشنایەتیم لەگەڵ هەندێكیان پەیدا كردووە كە هونەرمەندی زۆر بە توانا و بەەرەن، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە پێمگەیشتوون كوردستان لە زۆر رووەوە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەتی لە رووی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە، ئێستا كورد حوكمڕانی وڵاتی خۆی دەكات و وڵات ئازادە، هەروەەا هونەریش پێشكەوتووە، بەڵام لە دڵەوە هیوادارم ئەم دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ و لە نزیكەوە ئاشنای وڵاتی خۆم بم و پێشكەوتنەكانی بەچاوی خۆم ببینم.
• ئەی هونەرمەندە كۆنەكان؟
- بێگومان هونەرمەندە نەمرەكان پیاو و ئافرەتان كاریگەرییان لەسەر ئێمە هەبووە، چونكە لە رێگای رادیۆی یەریڤانەوە گوێمان لە گۆرانییەكانیان دەبوو و بەردەوام دەمانگوتەوە و هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی كاری هونەری ئەنجام بدەین.
• ئاواتەكانت چین؟
- هیوادارم بتوانم درێژە بە كاری هونەری بدەم و لە رێگای هونەرەوە خزمەت بە كورد بە گشتی و ئافرەتی كوردی بەتایبەتی بكەم و كێشەی ئافرەتی كورد بە جیەان بناسێنم و بیسەلمێنم كە ئێمەی ئافرەتی كورد هیچمان لە ئافرەتانی دیكە كەمتر نییە ئەگەر بوار و دەرفەمان هەبێت، هەروەەا بتوانم لە نزیكەوە سەردانی كوردستان بكەم و دەستكەوتەكانی میللەتی كورد بەچاوی خۆم ببینم.