هیوا سوعاد:دراماكانی رەمەزان بۆ هونەرمەند و بینەری كوردپێویستن

هیوا سوعاد:دراماكانی رەمەزان بۆ هونەرمەند و بینەری كوردپێویستن
بەرێوەبەری هونەری شانۆ لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان پێشكەش كردنی زنجیرە دراماكانی رەمەزان بە كارێكی پێویست دەزانێت، لەم بارەیەوە هیوا سوعاد دەڵێ: ئەوەی كەناڵە عەرەبییەكان ساڵانە لە مانگی رەمەزان پێشكەشی دەكەن لە زنجیرە دراما و بەرنامەی تایبەت بەم مانگە كارێكی زۆر پێویستە بۆ ئێمەش بە هەمان شێوە پێویستە لە چەند روویەكەوە لەوانە دوور خستنەوەی بینەر لە دابونەریت و بابەتی نەشیاوی دوور لە ئاكاری میللەت و كۆمەڵگای ئێمە، لەلایەكی دیكەوە زۆر گرنگە بۆ ناساندنی چەند بابەتێكی مێژوویی گەلەكەمان بە نەوەی نوێ و ئاشنا كردنیان و پارێزگاری كردن لە دابونەریت و پتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، سوودی سێیەمیش ئەوەیە كە هونەرمەندانی كورد سوودمەند دەبن و دەكرێ ببێتە هۆكارێك بۆ درووستكردنی بازاڕێك بۆ كاری هونەری، كەواتە بوونی ئەم درامایانە بۆ هونەرمەند و بینەری كورد گرنگ و پێویستە.
سەبارەت بەو بابەتانەی كە پێویستە لەو مانگەدا پێشكەش بكرێن، بەڕێوەبەری هونەری شانۆ دەڵێ: بە حوكمی ئەوەی دراما لە رێگای شاشەكانی تیڤییەوە دەچێتە هەموو ماڵێك، من پێموایە پێویستە ئەو بابەتانە پێشكەش بكرێن كە گوزارشت لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و خەم و پێداویستییەكانی خەڵك بكات و هەوڵ بدات هونەرێكی راستەقینە و پاراو پێشكەش بە بینەرانی بكات، بۆ ئەوەی خەڵكیش شانازی بە هونەر و هونەرمەندانی كوردەوە بكات لە هەموویشی گرنگتر پێویستە كارێك بێت كە كاریگەرییەكی باشی هەبێت لەسەر هەستی خەڵك و دوور نەبێت لە ئادابی گشتی و تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگای ئێمە رەچاو بكات لە هەموو روویەكەوە.
لە كۆتایی لێدوانەكەشیدا هیوا سوعاد جەختی لەسەر رەچاو كردنی لایەنی كۆمیدی لە كارە هونەرییەكان كردەوە و بە پێویستی دەزانێت كە گرنگی بە لایەنی كۆمەڵایەتی بدرێت، بەشێوەیەكی كۆمیدیا ئامێز، بەڵام كۆمیدیایەكی راستەقینەی دوور لە تەەریج و بریندار كردن.
Top