كچە ئەكتەری كۆمیدی بەناوبانگی میسری مەی كەسان رایگەیاند كە یەكێك لەو تایبەتمەندی و سیفاتانەی خوای گەورە پێی بەخشیوە بریتییە لە رازی بوون و قەناعەت، ئەمەش وای لێكردووە لەگەڵ خۆی و خەڵكی راستگۆ بێت و خەڵك زیاتر رێزی لێ بگرن و هۆكارێكیش بوو بۆ ئەوەی كە لە خەڵكی نزیكتر بكاتەوە و بە یەكێك لە ئەكتەرە خۆشەویست و رۆح سووكەكان بناسرێت لەلای جەماوەر. مەی سەبارەت بە خۆشەویستیی جەماوەر دەڵێ: من جەماوەرەكەی خۆم زۆر خۆشدەوێ هەر ئەوانیش وایان كرد من لەگەڵ خۆم راستگۆ بم، ئەو راستگۆییە وایكرد من چۆن بم وا خۆم نیشان بدەم، بۆیە بە هەموو شێوەیەك لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری دووركەوتمەوە ئەگەرچی هەندێك جار هەست دەكەم پێویستم پێی هەیە ئەویش بۆ جوانكردن نییە، بەڵام بۆ چارەسەر كردنی هەندێك گرفتە، چونكە جوانیی رۆح لە پێشترە لە جوانیی رووخسار، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی حەز دەكات نەشتەرگەری بۆ كوێ بكات مەی وتی: هەندێك جار هەست دەكەم روومەتم گرفتم بۆ دروست دەكات، بۆیە بیر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی بچووك دەكەمەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارم نەداوە. دەربارەی كەسایەتیی خۆیشی مەی دەڵێ: من هەمیشە بە مرۆڤێكی سادە و ساكار ناسراوم، بە درێژایی ژیانی خۆم هیچ خاڵێكی رەشم نەبینیوە كە ببێتە مایەی شەرمەزاری بۆ خۆم و خانەوادەكەم، تەنیا یەك رەخنەم لە خۆم هەیە ئەویش ئەوەیە زۆر جار پەلە دەكەم لە بڕیاردان واتە بە خێرایی بڕیار دەدەم ئەمەش ناكرێ بە خاڵێكی رەش دابنرێت لە ژیانم.