فەریبا وەیسی: واقیعی تاڵی ژیان هاندەری سەرەكیم بوو بۆ گۆرانی وتن
فەریبا وەك زۆر لە كچانی رۆژهەڵاتی كوردستان رێگای هونەر سەخت بووە و بە ئاسانی نەیتوانیوە خۆی پێ بگەیەنێت و دەڵێت: ئێمە بە رەچەڵەك خەڵكی دەڤەری كلاردەشتین، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە حكومەتی ئێرانی ئاستەنگی بۆ دروست دەكردین، خانەوادەكەم ناچار بووە زێدی بابوباپیرانی خۆیان جێبەێڵن و روویان لە شاری مازەندەران كردووە، ئەو بارودۆخەی خانەوادەكەم كاریگەریی بەسەر ژیانی هەموومانەوە هەبووە، من نەمتوانی لە تەمەنی یاساییدا بچم بۆ قوتابخانە و پاشەڕۆژی خۆم لە لایەنی زانستییەوە دیاری بكەم، ئەم هەموو گۆڕانكاری و سەختیانەی ژیان هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی من وەك كچە كوردێك رێگای هونەر هەڵبژێرم بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی خانەوادەكەم و كاریگەر بوونم بە دەنگ و هونەری سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی و چەند هونەرمەندێكی دیكەی كوردستان دەستم پێكرد و سەرەتاش بە ژەنینی سێ تار دەستم پێكرد و هەوڵمدا بە تەواوی لە رووی زانستییەوە زانیاری وەربگرم و فێربم و بە هەوڵی خۆم توانیم لە زانكۆ بڕوانامەی موزیك بەدەست بەێنم، سوپاس بۆ خوا ئێستا لە قۆناغێكم كە من خەڵك فێری ژەنینی مۆسیقا بكەم و جگە لەمە هیوا و ئاواتەكانم لە بواری هونەریدا بێ سنوورن، بۆیەش هونەرم هەڵبژارد چونكە دڵنیابووم لەوەی كە بە رێگای هونەرەوە دەتوانم هیوا و ئاواتەكانم بەدی بەێنم و هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی زاڵ بم بەسەر ئەو نەهامەتیانەی بەسەر من و خانەوادەكەم هاتبوون.
سەبارەت بەو تێكست و شیعرانەی كە دەیكات بە گۆرانی و ئایا هیچ مەرجێكی هەیە بۆ وتنی و زیاتر چ جۆرە هۆنراوەیەك دەكات بە گۆرانی دەڵێ:
پێویستە گۆرانی لە ناخ و ڕۆحی گۆرانیبێژەوە نزیك بێت و ئەگەر خۆی تێدا نەبینێتەوە زەحمەتە بتوانێت بیڵێت یاخود تێیدا سەركەوتوو بێت، من هەمیشە هەوڵمداوەئەو تێكستانە بكەم بە گۆرانی كە خۆمی تێدا بدۆزمەوە یان لە منەوە نزیك بێت، هەروەها من زۆر حەز لە وتنەوەی گۆرانی فۆلكلۆر دەكەم و بە گەنجینەیەكی دەوڵەمەندی هونەری كوردی دەزانم، ئەمەش رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە گۆرانی و مۆسیقا تەواوی ژیانی منی داگیركردووە و بە هیچ شێوەیەك ناتوانم لێی دووربكەومەوە و زەحمەتە خۆم دوور لە هونەر ببینمەوە یان بێ هونەر هەڵ بكەم.
دوور لەوەی كە لە خانەوادەیەكی هونەرمەند و هونەردۆست لە دایكبووە و هیچ كاتێك لە هونەر دوور نەبووە سەرەڕای سەختیی ژیان، بەڵام فەریبا گۆرانی و مۆسیقا بە پێداویستی ژیان دەزانێت بەتایبەتی لەلایەنی دەروونییەوە و پێیوایە مۆسیقا باشترین و سەركەوتووترین هۆكارە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەرووی دەروونییەوە بحەسێتەوە، فەریبا دەڵێ: لەم سەردەمەی ئێستادا گرفت و ئاستەنگەكانی ژیان زۆر بوون ئەمەش وایكردووە مرۆڤ زیاتر سەرقاڵ بێت لە هەمان كاتدا فشارێكی زۆر دروست دەبێت لەسەر مرۆڤ، لەم حاڵەتانەشدا مۆسیقا باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لەو فشارە رزگار بكەین، بەتایبەتی بۆ كەسانێك كە سەلیقەی هونەریان هەبێت و خوێندنیشی هەر لە بواری مۆسیقا بووبێت، راستیشیان وتووە كە مۆسیقا خۆراكی رۆحە وئارامی بە رۆح دەبەخشێ، ئێمە ناخۆشییەكی زۆرمان بینیوە لە ژیانماندا بۆیە خۆشەویستیم بۆ گۆرانی و موسیقا بێ سنوورە و زۆربەی گۆرانی و ئاوازەكانم رەنگدانەوەی ئەو واقیعەن كە من لە ژیانی خۆمدا بینیومە.
فەریبا پێی وایە جەماوەر بە سەرچاوەی گرنگی هونەر دادەنرێت و هونەرمەند بەر لە شتێك گۆرانی بۆ جەماوەر دەڵێت و هەر جەماوەریشە دەتوانێت سەنگی مەحەك بێت بۆ هونەرمەند، ئینجا هونەرمەند ئەو پەیام و نەێنییەی كە لەناخیدایە لە رێگای هونەر و گۆرانییەوە دەری دەبڕی و رەنگە جگە لە خودی هونەرمەند زۆر كەسی تریش هەبن خۆیان لەو گۆرانیانەدا ببیننەوە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر نزیك بوونەوەی هونەرمەند و جەماوەر.
لە بارەی جیاوازیی نێوان گۆرانییە نوێ و كۆنەكان و مانەوەی لە نێو جەماوەر فەریبا دەڵێ: بە رای من هەر گۆرانییەك شیعر و ئاوازێكی جوانی هەبێت و هونەرمەند بتوانێت بە جوانی پێشكەشی بكات ئەوا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. كاری مۆسیقاش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی گوێگر لە گۆرانییەكە بێزار نەبێت تام و چێژی لێ وەربگرێت، بۆیە پێویستە موزیسیانەكان زیاتر خۆیان ماندوو بكەن و سوود لە ئەزموونی كەسانی پێش خۆیان وەربگرن.
فەریبا گوێ لە دەنگی مامۆستا «عەلی مەردان، تاەیر تۆفیق، مەزەهری خالقی، هتد،دەگرێت كە خاوەن دەنگ و هونەرێكی ڕەسەنن.