هونەرمەندان بە دەنگ و ئاواز پشتگیری لە پێشمەرگە دەكەن
شڤان پەروەر بە (پێشمەرگەینە) دەگەڕێتەوە
كەس نییە بە گۆرانی(وا هاتن پێشمەرگێن مە)ی هونەرمەند شڤان پەروەر ئاشنا نەبێت، شڤان پەروەر كە هەمیشە گۆرانی و سروودەكانی جۆش و خرۆشیان بە میللەتی كورد بەخشیوە و دوژمنان حیسابیان بۆ كردووە، لە ئێستادا بۆ جاری دووەم گۆرانی (وا هاتن پێشمەرگێن مە) تۆمار دەكاتەوە.
دووبارە تۆمار كردنەوەی ئەم سروودە هاوكاتە لەگەڵ ئەو رووداوان ئێستا لە ئارادایە بەتایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچە دابڕاوەكانی هەرێم، ئەم جارەیان شڤان پەروەر سروودێكی دیكەی بۆ پێشمەرگە تۆمار كرد بە ناوی (پێشمەرگەینە) كە لە ئاواز و تێكستی خۆیەتی، شڤان پەروەر نایەوێ پێشمەرگە لە هونەر و دەنگی خۆی بێبەش بكات بۆ ئەوەی هەروەك چۆن لە رابردوودا وابووە ئەم جارەش ورەی پێشمەرگە بەرز بكاتەوە و ستایشی پێشمەرگەكان بكات بۆ ئەو سەركەوتنانەی بەم دواییە بەدەستیانەێنا و سەرتاسەری باشووری كوردستان خراوەتە ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە كە بە گیان و دڵ خەڵكی ئەم ناوچانە بە هەموو پێكەاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانەوە دەپارێزن.
حەسەن شەریف و ئەمین بۆتانی بە «كورد هاتن» بەشداری لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دەكەن
سروودی «كورد هاتن» لە تێكست و ئاوازی شاعیر ئەمین بۆتانی و لە وتنی هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن شەریفە، كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان گوتراوە و بەم نزیكانە بڵاودەكرێتەوە.
حەسەن شەریف كە وەك پێشمەرگە بەشداری كردووە لە خەباتی چەكداری میللەتەكەمان و تا ئێستا چەندین سروودی بۆ كوردستان و پێشمەرگە تۆمار كردووە و لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەكانی میللەتەكەمان بەشدار بووە، دەربارەی ئەم سروودە نوێیەی دەڵێ: ئەم سروودە لە تێكستی ئەمین بۆتانییە كە ناوەرۆكێكی زۆر جددی هەیە و ئاوازێكی زۆر خۆش و جیاوازە و رۆح و ستایلێكی كوردیانەی هەیە، بۆ رەوشی ئێستای كوردستان گوتراوە و رووناكییەكە بۆ بەرەو دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی، گوتیشی «ئێمە ئەم بەرهەمە دەكەینە دیاری بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان، كە قۆناغێكی رووناك و ئومێد بەخشە».
ئەم سروودە بەناوی «كورد هاتن»ـە، لە ئەستەنبۆل كاری تۆماركردنی بۆ كراوە، حەسەن شەریف گوتی «لە ئێستادا بەنیازە بچێتە وڵاتی توركیا بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بخاتە سەر موزیكەكە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا بەرهەمەكە بۆ بڵاوكردنەوە ئامادە دەبێت».
شەریف، پێشتر سروود و گۆرانی دیكەی پێشكەش بە نیشتمان كردووە، لەبارەی جیاوازی ئەم بەرهەمەیەوە گوتی «هەموو كوردێك لەم بەرهەمەدا خۆی تێدا دەبینێت، مزگێنییەكە بۆ گەلی كورد، بۆ شەهید و بۆ سەركردایەتی كورد و بۆ بەرەو سەربەخۆیی كوردستان».
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوان لە رووی داراییەوە توانای ئەوەیان نییە ڤیدیۆ كلیپێكی باش بۆ بەرهەمەكە بەرهەم بێنن، بەڵام لە رێگەی دەرهێنەر شینوار كەمال رێكەوتونە كە سوود لە ئەرشیف و وێنە وەربگرن وەك بەرهەمێك بۆ كەناڵە بینراوەكان.
حەسەن شەریف، كە بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی بەرەكانی جەنگی بەرگری كردن لە خاك و و گیانی كوردانی ئەم ناوچە كوردستانیانە دەكەن كە تا ئێستا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون و بە سروودەكانی ورەی پێشمەرگەری بەرزتر كردەوە وسڵاوی خۆیشی ئاراستەی پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان كرد كە بەرگریكاری نیشتمانن بۆ ئەوەی هەموو لایەك بە ئازادی و خۆشی بژین.
ئالین بە گۆرانییەك پشتگیری لە پێشمەرگە دەكات
بەر لە ماوەیەك خانمە گۆرانیبێژی رۆژئاوای كوردستان ئالین، بە سەردانێكی چەند رۆژە هاتە كوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند كارێكی هونەری، لەوانە تۆمار كردنی دوو كلیپ كە یەكێكیان سروودێكی نیشتمانی بوو پێشكەشی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان دەكات
لەو بارەیەوە ئالین دەڵێ: بەر لە چەند رۆژێك كلیپێكی نوێم بڵاوكردەوە كەسروودێكی نیشتمانیەو زیاتر ئاراستەی گەنجان و نەوەی نوێی كوردستان كراوە، سروودەكە بە ناوی (چیا بەفر و دۆمانە) كە لە ئاواز و تێكستی هونەرمەندی گەورە شڤان پەروەرە و دوای ئەوەی لە كوردستان بەشێوەی كلیپ تۆمارم كرد لە دەرەێنانی شۆڕەشڤان صدیق، بڕیار وایە لە نزیكترین دەرفەتدا لە كەناڵە كوردییەكان بڵاوبكرێتەوە.
ئالین هەروەها دەڵێ: هەر تاكێكی كورد لە هەر شوێنێك بێت پێویستە پشتگیری و پشتیوانی لە پێشمەرگەكانی كوردستان بكات، چونكە بە خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە ئەم ئازادییەی ئەمڕۆ لە ئارادایە بە دەست هاتووە، ئەوان لە سەردەمێك خەبات و بەرخودانیان دژی داگیركەرانی وڵات دەكرد كە دوژمن بە كیمیاباران و ئەنفال و وێران كردن و خاپور كردنی شار و گوندەكان خەریكی سڕینەوەی ناو و ناسنامەی كورد بوو، ئێستاش بە هەمان شێوە دەبینین لە بەرەكانی جەنگ دژی تیرۆر و تیرۆریستان وەستاوە بۆ پاراستنی سنوورەكانی كوردستان و گیان و سەرو ماڵی هاووڵاتیان، بۆیە منیش وەك هونەرمەندێك بە ئەركی خۆمی دەزانم كە بە گۆرانییەك پشتیوانی خۆم بۆ پێشمەرگە دووپات بكەمەوە، هەروەها ئامادەم شان بە شانی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكەم.
ئالین دەربارەی پەیامی سەرەكی لە وتنی ئەم سروودە نیشتمانییە وتی :پەیامی من لەم سرودەدا ئەوەیە كە گەنجانی كوردستان ڕەنج و خەباتی پێشمەرگەو ساڵانی ڕابردووی خەباتیان دژی داگیركەران و ئازادكردنی وڵاتیان لەبیربێت و درك بەوە بكەن كەئەم دەستكەوتانە لەئەنجامی خەبات و قوربانیدانی ئەوانەوە هاتۆتە دی و پێویستە ڕێز لەخەباتیان بگیرێت.
هونەرمەندانی زاخۆ وەك پێشمەرگەیەك ئامادەن بۆ بەرگری كردن لە كوردستان
هونەرمەندانی زاخۆ عەبدولقەهار زاخۆیی، حاجی زاخۆیی، رێكێش سەیرانی، دەلال زاخۆیی، عەدنان ساڵح، وەونەرمەندی لاوی شاری زاخۆی دەلال ئیسلام زاخۆیی ئەوانیش وەك هەمیشە بە دەنگە خۆشەكەیان بەشدارییان كردووە لە تۆمار كردنی داستانەكانی پێشمەرگە و هاندانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بۆ بەرگری كردن لە خاكی كوردستان، سروودێكی نوێیان تۆمار كردووە بە ناوی (ئێمە هەموو پێشمەرگەین بۆ شەڕ ئامادەین) ئەم سروودە نوێیە لە تێكستی عەبدولقەهار زاخۆیی و ئاوازی ئەحمەد هەسنییە و بە هاوكاری لقی زاخۆی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان تۆمار كراوە .
كانی هەڵەبجەیی:
كانی هەڵەبجەیی گۆرانیبێژو راگەیاندكار بە هاوبەشی لەگەڵ گۆرانیبێژان (شۆبان، تەمەن، ئاریۆس) گۆرانییەك بۆ پێشمەرگە دەڵێن و كلیپی گۆرانییەكەش لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە لە شاری هەولێر تۆماردەكەن.
كانی هەڵەبجەیی كە لە میانەی كاری راگەیاندنی خۆیدا بەشێوەیەكی زیندوو لە نێو رووداوەكان و رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان ئامادە بووە، دەربارەی ئەم گۆرانییە دەڵێ: گۆرانییەكە باس لە رۆڵی چەند گەنجێك دەكات كە دەیانەوێت ببنە پێشمەرگە و بچنە بەرەكانی جەنگ بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی پێشمەرگە.
ئەم گۆرانییە لە تێكستی هونەرمەند حەمەسەعید ئیبراەیمە و هونەرمەند ئارۆیس-یش كاری میوزیكی بۆ كردووە و لە دەرەێنانی هێمن ئەحمەد كۆییە.