سەلما حەبیبی بۆ گولان:بە فیلمێك توانیم یاسایەكی مەغریب بۆ بەرژەوەندیی ئافرەتان بگۆڕم

سەلما حەبیبی بۆ گولان:بە فیلمێك توانیم یاسایەكی مەغریب بۆ بەرژەوەندیی ئافرەتان بگۆڕم
هەر لە تەمەنێكی زوودا خولیا و حەزی هونەر لە مێشك و دەروونیدا چەكەرەی كردبوو و توانیی لە رێگای كورتە فیلمەكانی و بە نیشاندانی گرفت و دەردەكانی نێو كۆمەڵگا سەرنجی بینەر بۆ خۆی رابكێشێت، چونكە زۆر راستگۆیانە و بە جورئەتەوە رۆڵەكانی بینیوە و فیلمەكانی زۆرترین بینەری هەیە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە بینەر زیاتر سەیریان دەكات و بە ئاسانتر دەستیان دەكەوێت، فیلمەكانی سەلما حەبیبی جۆرێك لە جورئەتیان تێدایە، بەڵام جورئەتێكی سنووردار و لەسەر حیسابی جەستەی خۆی نەبێت، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵدا ساز بكەین.



وەك زۆربەی كچە ئەكتەرە مەغریبیەكان زۆربەی فیلم و كارەكانی سەلما بەر لەوە لە هۆڵەكانی سینەما نمایش بكرێن بە دی ڤی دی و لەسەر كەناڵەكانی یوتیۆب بڵاو دەكرێنەوە، لەم بارەیەوە دەڵێ: من سەرەتا لە دوو كورتە فیلم بەشداریم كرد دواتر دەرەێنەرێكم ناسی كە لە مەغریب بەناوبانگە و چەندین فیلمی درێژی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی فیلمەكانی جورئەتی زۆریان تێدابوو رێگایان نەدەدا زۆر لە تەلەفزیۆن دەركەوێت و چاودێرییەكی زۆریان خستبووە سەر فیلمەكانی، هەروەها توانای ماددیشمان دیاریكراو بوو و ئەو فیلمانەی ئەنجامیشمان دەدا لەسەر ئەركی خۆمان بوو كە لێرە ئێمە پێی دەڵێین فیلمی سەربەخۆ، ئەمانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی فیلمەكانمان بە دی ڤی دی و لەسەر یوتیۆب بڵاوبكرێتەوە، ئەگەرچی ئەو داەاتەی لەو فیلمانەش دەستمان دەكەوێتەوە زۆر كەمە و ناگاتە ئەو ئاستەی كە قازانجی هەبێت و دەمینێتەوە سەر ئاستی بینینیان، بەڵام هەرچۆنێك بێت دەبێتە هۆكارێك كە بەردەوام بین لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فیلمانە، چونكە زەحمەتە بتوانین لە یەك كاتدا لە یوتیۆب و لە سینەما فیلممان هەبێت، بۆ ئێمەش جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە، چونكە رێگا پێدراون و بە هیچ شێوەیەك قەدەغە نەكراون و كورتە فیلمەكانیشمان لە هەموو شوێنێك بە ئازادی نمایش دەكرێن و دەفرۆشرێن، هەروەها جگە لە فیلم و كورتە فیلم ئێمە زنجیرەشمان بەرهەمهێناوە كە لەسەر یوتیۆب و بە سیدی و دی ڤی دی دەفرۆشرێن لەوانە زنجیرەی (سیتكۆم) كە هەر ئەڵقەیەكی باس لە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی دیاریكراو دەكات.
كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتییەكان گرنگترین ئەو بابەتانەن كە سەلما لە فیلمەكانیدا باسیان دەكات و هەوڵ دەدات بیانخاتە روو و لە رێگای یوتیۆب و سیدی، چونكە كەناڵە مەغریبیەكان رێگا بە بەرهەمەێنان و نمایش كردنی هەموو جۆرە فیلمێك نادەن، لەم بارەیەوە دەڵێ: حەز دەكەم هەر بابەتێك من لە فیلمەكانمدا بیخەمەڕوو پەیوەندی بە تەواوی كۆمەڵگاوە هەبێت بەتایبەتی ئافرەت و منداڵان، حەز دەكەم فیلمەكانم جورئەتیان تێدا بێت جورئەتێك لە سیناریۆ و بابەتەكەدا هەبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا بابەتی بن و نەك تەنیا جورئەتێك بێت لە پێناو وروژاندن و خۆنمایش كردن، حەز دەكەم ئەو بابەتانە بوروژێنم كە لە كۆمەڵگادا زۆرن، بەڵام لە هەمان كاتدا شاراوەن و كەس نەیخستوونەتە سەر شاشە بەوە شێوەیەی كە پێویستە بە مەبەستی وشیار كردنەوەی كۆمەڵگا وەك بابەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی و بە شوودانی كچانی ناكام ئەوانەی لە رووی تەمەنەوە یاسا رێگایان پێنادا ژیانی هاوسەرێتی پێكبەێنن كەچی ناچارن ببنە هاوسەری كەسانی لە خۆیان بەتەمەنتر، منیش ئەم جۆرە رۆڵانەم بینیوە، لە یەكێك لە فیلمەكانمدا دەستدرێژیی سێكسیم دەكرێتە سەر، بەڵام مەبەستم تەنیا لایەنی سێكسی نەبوو بەڵكو فیلمەكە ئامانجێكی هەبوو و ئامانجەكەشی پێكا، چونكە بووە هۆی گۆڕینی یاسای (پاراستنی كچان).
سەلما هەروەها دەڵێ: وەك باسم كرد ئامادەم رۆڵێك ببینم جورئەتی تێدا بێت، بەڵام ئامانجی هەبێت و پەیامێك بگەیەنێت واتە جورئەتێك بە خۆڕایی نەبێت لە هەمان كاتدا منیش وەك هەموو هونەرمەندانی دیكە هێڵی سوورم داناوە بۆ چۆنیەتی كاركردنم و بە هیچ شێوەیەك ئامادە نیم رۆڵی كچێك ببینم كە كوڕێكی خۆش بوێت و دیمەنی وروژێنەری تێدا بێت بێ ئەوەی ئامانجێكی هەبێت كە سوود بە تەواوی كۆمەڵگا بگەیەنێت و پەیوەندی بە ژیانی هەمووانەوە هەبێت.
سەرەڕای پێشكەش كردنی ئەو فیلمانەی كە پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە و پەیامێك دەگەیەنێت، بەڵام هەر ئەو خەڵكەیە هێرش دەكاتە سەر ئەم جۆرە فیلمانە، سەلما یەكێكە لەوانەی تووشی ئەم جۆرە كاردانەوەیە بووە ولەم بارەیەوە دەڵێ: دوو فیلمی یەكەمم ئاسایی بوون و جورئەتێكی ئەوتۆیان تێدا نەبوو، بەڵام فیلمی سێیەمم (القانون لایحمی العژاری) دیمەنی دەستدرێژی سێكسی تێدا بوو، بۆیە دوای بڵاوبوونەوەی نیوەی مەغریب هێرشی جیاجیایان كردە سەرم بە هەموو شێوەیەك و بە (بێ رەوشت ) و ( لەشفرۆش) و چەندین شتی دیكەی ناشیرین ناویان بردم، تەنانەت خانەوادەكەشم بوونە ئاستەنگ لەبەردەمم و پێیان گوتم ئێمە رێگامان پێدای لە سینەمادا كار بكەی، بەڵام نەك لەو جۆرە فیلمانە كە كاریگەری لە ناوبانگی ئێمە بكات، كەچی دوای ئەوەی فیلمەكە بووە هۆی گۆڕینی یاسایەك بۆ پاراستنی كچان لە مەغریب و بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵدا كرد و زۆر خەڵاتیشی بەدەستەێنا ئینجا دەستخۆشییان لێكردم و دركیان بەوە كرد كە من ئامانجی خۆم لەم فیلمە پێكا و لە پێش هەمووشیانەوە خانەوادەكەم كە زۆر سوپاسیان دەكەم بۆ هاندانیان.
سەبارەت بە زانیارییەكانی دەربارەی فیلم و سینەمای كوردی و عێراقی، سەلما دەڵێ: تا ئێستا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆم دەربارەی فیلم و سینەمای كوردی و عێراقیش نییە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی كە لێرە باش نمایش ناكرێن و پەیوەندیی بەردەواممان نییە، بەڵام لە رووی كۆمەڵایەتییەوە نزیك بوونێك و هاوشێوەیەك لە نێوان كۆمەڵگاكانماندا هەیە، بۆیە دەتوانین سوود لە یەكتری وەربگرین بەتایبەتی لە رووی چیرۆك و سیناریۆكان.
سەلما ئێستا قوتابیی قۆناغی كۆتاییە ئەمەش وایكردووە ئێستا كاتی خۆی زیاتر بۆ خوێندن تەرخان بكات، لەم بارەیەوە دەڵێ: لە فەرەنسا و میسر چەندین كاری جیاجیام پێشكەش كراوە، بەڵام ئەم ماوەیە بڕیارمداوە زۆربەی كاتی خۆم بۆ خوێندن تەرخان بكەم، چونكە من قوتابیی قۆناغی كۆتایی كۆلێژم و ناتوانم بەشداری لە كارێكدا بكەم لە دەرەوەی مەغریب، ئەگەر لە مەغریب بێت تا راددەیەك ئاسانترە و رەنگە بتوانم بەشداریی تێدابكەم، ئەگەر كات گونجاو بێت مانگی سێپتێمبەر سەردانی فەرەنسا دەكەم ئەو كارانەی پێشكەشم كراوە لە نزیكەوە دەیانخوێنمەوە ئینجا بڕیار دەدەم بەشداری تێدا بكەم، چونكە ئەو دەرەێنەرە مەغریبیە دانیشتووی فەرەنسایە، حەز دەكەم ئاماژە بەوەش بكەم كە سەرەڕای ئەو هەموو فیستیڤاڵانەی لە مەغریب ساز دەكرێن سینەمای مەغریبی لە ئاستێكی باشدا نییە، هەرچەندە دەڵێن لە ئاستێكی باشدایە، بۆ نموونە لە شارێك كە دوو فیستیڤاڵی جیەانی باوەڕ پێكراوی تێدا ئەنجام دەدرێت كە ئەستێرەی سینەمایی جیەانی و میسری بانگەێشت دەكرێن، كەچی هۆڵێكی سینەمایی نییە بۆ نمایش كردنی فیلمەكان ئەمەش مایەی پێكەنین وسەرسوڕمانە.



Top