سابیر عەبدولڕەحمان:یەكەم مەنەلۆجم بۆ منداڵان گوت، گەورەكان زیاتر پێی موعجیب بوون
• سەرەتا حەز دەكەین پێناسەیەكی كورتی هونەری مەنەلۆجمان بۆ بكەی؟
- مەنەلۆج بەشێكە لە گۆرانی، بەڵام بەشێكی زۆر كاریگەر و تایبەت، مەنەلۆج وشەیەكی بیانییە بنەچەكەی بۆ فەرەنسی دەگەڕێتەوە، بە مانای ئەو هەستە دێت كە لە ناخی مرۆڤدا هەڵدەقوڵێت دەریببڕێت جا ئەو هەستە خۆشی بێت یان ناخۆشی و زیاتریش بابەتی رەخنە گرتن دەگرێتەوە، بۆیە مەنەلۆج رێگایەكی زانستییە بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی كۆسپ و تەگەرە و گرفت و خو و رەوشتی سلبی لەنێو كۆمەڵگا.
• مەنەلۆج مەرجی تایبەتی خۆی هەیە؟
- بەڵێ، لە هەڵبەست و ئاواز و گوتنی، مەرجی تایبەتی خۆی هەیە پێویستە لەبەرچاو بگیرێ و هەر یەكێك لەمانە تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، هەڵبەستەكە دەبێ زۆر ئاسان بێت ببێتە وێردی سەر زمانی گەورە و بچووك و دەبێت وتەی سادە وئاسایی تێدا بێت كە خەڵك رۆژانە لە ژیانی خۆیدا گوێی لێ بێت و بەكاری بەێنێت و هەموو كەسێك بە ئاسانی تێی بگات، هەروەها مۆسیقی و مەوزون و ئیقاعی بێت، ئاوازەكەش بە هەمان شێوە دەبێ ئاسان بێت بەجۆرێك هەموو كەسێك بتوانێت بیڵێت، ئەو كەسەی كە مەنەلۆجیش دەڵێ پێویستە بە شێوەیەك بیڵێت كە هەندێك نواندنی تێدا بێت و بە تەواوی بچێتە نێو ئەو رۆڵەی كە دەیبینێت ئەگەر وێنەی گیرا، تەنانەت ئەگەر بۆ رادیۆش بێت پێویستە بەشێوەیەك بێت كە كاریگەرییەكی زۆری بەسەر گوێگرەوە هەبێت، هەرو ەها شتێكی گرنگ هەیە پێویستە ئاماژەی پێبكەم ئەویش ئەوەیە هەموو گۆرانیبێژێك نابێتە مەنەلۆجست، بەڵام مەنەلۆجست دەبێتە گۆرانیبێژ.
• كورد كەی ئەم هونەرەی ناسیوە و پێی ئاشنا بووە؟
- لە فۆلكلۆری كوردیدا بە هەزاران ساڵ بابەتمان هەبووە وەكو هەڵبەست گوتراوە و بەردەوام بووە، لەسەر مام رێوی یان بۆ جوان و ناز كردنی كچان، بەڵام وەكو مەنەلۆج كە بەشێوەیەكی زانستی ئەكادیمی پێشكەش كرا بێت و هەموو تایبەتمەندییەكانی گۆرانی تێدا هەبێت دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردوو و من دەستم پێكرد بە هاندانی چەند هاوڕێیەكی موزیكژەن لە تیپی نیقابەی مامۆستایانی كوردستان و چالاكی هونەری دوای ئەوەی بینیان من لەو بوارە بەهرەیەكم هەیە، چونكە لەسەر شانۆ بە جورئەتەوە لەگەڵ خەڵك قسەم دەكرد و رەخنەم دەگرت و ئەم جورئەتەیان لە مندا دەبینی كە بەرامبەر بە خەڵك رادەوەستم، سەرەتا دەستمان پێكرد بە مەنەلۆجێكی تایبەت بە منداڵان بۆیە بە گۆرانی (حاجی لەقلەق مارەات) كە فۆلكلۆر بوو لە هەمان كات ئامانجیشی هەبوو، ئەمەمان بۆ منداڵان گوت، كەچی گەورە زۆرتر پێی موعجیب بوو و لە منداڵانیان زووتر وەرگرت، ئیتر لەو كاتەوە دەستم پێكرد.
• پێش ئێوە لە نێو كورد كەسی تر مەنەلۆجی گوتبوو؟
- كەسێك هەبوو خەڵكی خانەقین بوو ناوی حەسەن بوو، مەنەلۆجێكی هەبوو لەسەر كرێچیاتی، بەڵام تا ساڵانی حەفتاكان تۆماری نەكردبوو، بەند بێژ هەبوون پێش ئێمە بەندیان گوتووە، بەڵام ئەمە نابێتە مەنەلۆج، چونكە مەنەلۆج پێویستە زەم كردن نەبێت بەڵكو دەبێ كورت بێت و ئامانجی هەبێت و نابێ لە 3-5 كۆپلە زیاتر نەبێت و روون بكەیەوە كە ئەو رەوشتە ناشیرینەی كە لە كۆمەڵگادا هەیە پێویستە نەمینێت و لە هەمان كاتدا دەبێ چارەسەریشی بۆ بدۆزییەوە، چونكە پێشەكی و ناوەڕۆك و كۆتاییشی هەیە.
• كێ زیاتر هانیدای بۆ ئەوەی بەردەوام بیت؟
- زۆر سوپاسی ئەو هەموو هاوڕێیانە دەكەم كە كاتی خۆی لەگەڵم بوون لەوانە هونەرمەندانی چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر، دوای ئەوەی ژیانی هاوسەریم پێكەێنا هاوسەری خۆشەویستم هاندەرێكی زۆر باشی من بوو و لەگەڵم دەهاتە كەركوك لە كاتی وێنەگرتن، بۆیە بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی بكەم.
• جاران سەرەڕای نەبوونی تەلەفزیۆن و رادیۆی كوردی وەكو ئێستا، كەچی مەنەلۆج زۆر بە باشی دەگەیشتە خەڵك و خەڵكیش پێشوازی لێدەكرد، ئێستا بۆچی بەو شێوەیە نییە؟
- ئەو سەردەمە تەنیا یەك كەناڵی تەلەفزیۆنی كوردی هەبوو ئەویش كەناڵی كەركوك بوو بۆیە خەڵك چاوی لەو تاكە كەناڵە بوو، هەروەها یەك ئێزگەی كوردیش هەبوو كە خەڵك رۆژانە گوێی لێدەگرت و خەڵك كاتی زۆری هەبوو، ئێمەی هونەرمەندان تەنیا بیرمان لەوە دەكردەوە هەرچۆنێك بێت بەرهەمێك تۆمار بكەین بۆ خەڵك كە پێی رازی بێت و گونجاو بێت لەگەڵ كۆمەڵگای كوردەواری و زۆریش بە وریاییەوە كارمان دەكرد، چونكە كۆسپ و تەگەرە زۆر بوو لەبەردەممان بۆ تۆمار كردنی ئەو بەرهەمە كوردیانە، ئەو كات خەڵكیش بینیان شتێكی نوێ پەیدا بووە بە ناوی مەنەلۆج كە لە یەك كاتدا پێكەنینی تێدایە و ئامۆژگاریش بوو بۆ خەڵك بۆیە بە ئاسانی لە نێو خەڵك بڵاوبۆوە و پێشوازییان لێیكرد، بەمەش مەنەلۆج مەودایەكی فراوانی وەرگرت، بەڵام ئەم سەردەمەی ئێستا دەبینین كەناڵ و رادیۆ زۆرن و ئەوانەی سەرپەرشتی كەناڵەكان دەكەن یان لە تەنسیقن بەپێی حەز و ئارەزووی خۆی شتەكان پەخش دەكاتن رۆژی وا هەیە كلیپێك دوو جار دووبارە دەكاتەوە، بەداخەوە بیر لەوە ناكرێتەوە كە تەلەفزیۆن ئاراستەی هەموو خەڵك دەكرێت و ناكرێت بەپێی حەزی چەند كەسێك بەرنامەكانی پەخش بكات و پێویستە پێشتر پلان و بەرنامەی تەواو دابنرێت، ئێستا لە كەناڵەكانی خۆمان ئەو جۆرە بەرنامە و پلانانە بوونیان نییە و یەكسەر دەچنە ناو بەرنامەكان.
• بەناوبانگترین مەنەلۆجی خۆت كامە بووە؟
- هەموو مەنەلۆجەكانم پێ باشە، ئەوانەی زیاتر چوونە ناو خەڵك بوك و خەسوو، كاكی شوفێر، بازاڕی فرتوفێڵ، درۆزن، بەڵام كاكی شوفێر لە هەمووان زیاتر بڵاوبۆوە و دەنگۆی زیاتری هەبوو، هەندێكیانم تازە كردۆتەوە، بەڵام بەخۆم لێیان رازی نیم و ئەگەر خوا دەرفەت بدات بەشێوەیەكی نوێ كلیپیان بۆ بكەم، بەڵام كلیپیشی بۆ بكەم ئەگەر لە تەلەفزیۆنەكان نمایش نەكرێن چ سوودێكی دەبێت، لە كاتێكدا ئەو مەنەلۆجانەی من هەمە لەسەر ئافرەت و گەنج و كێشە كۆمەڵایەتییەكان و نەبوونی خزمەتگوزاری زۆر لەو مێزگەردانە سوودی زیاترە كە بۆ ئەم مەبەستە رێكدەخرێن.
• بیرت لەوە نەكردۆتەوە وەكو كۆنسێرت پێشكەشیان بكەی؟
- بەڵێ بیرم لێكردۆتەوە ئەگەرچی خەڵك ئازادە بۆخۆی چی دەكات و گوێ لە چی دەگرێ، بەڵام خەڵك پێی خۆش بی پێی ناخۆش بی پێویستە لە زۆر شت وشیار بكرێتەوە، زۆر بابەت هەیە ئەگەر پێش 20 ساڵ خەڵك لێی وشیار كرابایەوە ئێستا نەدەگەیشتە ئەو ئاستەی ئێستا.