جیزیل جامی جیهانی پێشكەش دەكات

جیزیل جامی جیهانی پێشكەش دەكات
بە هۆی خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و بۆ تووڕە نەكردنی جەماوەری بەرازیل، دیلما رۆسیفی سەرۆكی بەرازیل، تەنیا بە شێوەیەكی رەمزی بەشداری لە ئاهەنگی كردنەوەی مۆندیالی بەرازیلدا كرد، بەڵام لە ئێستاوە جیزیل بۆندشینی كچە نمایشكاری جلوبەرگی جیهانی و بەرازیلی دەستنیشانكردووە بۆ ئەوەی جامی جیهانی پێشكەش بە كاپتنی ئەو هەڵبژاردەیە بكات كە دەبێتە پاڵەوانی 20ەمین پاڵەوانێتیی مۆندیال كە ئێستا لە وڵاتی بەرازیل بەردەوامە.
دیلما رۆسیف لە ترسی جەماوەر و بۆ ئەوەی لەكاتی وتار وتندا تووشی رەخنە و فیكە لێدان نەبێتەوە نەیتوانی لە ئاهەنگی كردنەوەی مۆندیال هیچ وتارێك پێشكەش بكات، بەڵام بە رەسمی جیزیلی دیاریكرد بۆ ئەوەی جامەكە پێشكەش بە تیپی براوە بكات، جیزیلی تەمەن 33 ساڵ كە بە رەچەڵەك ئەڵمانییە یەكەم كچە نمایشكاری ملیاردێری جیهانییە كە تا ئێستا ئەم شەرەفەی پێ بەخشرا بێت، پێشتر هاوڕێی ئەستێرەی سینەمایی ناوداری جیهانی لیۆناردۆ دیكاپریۆ بووە و ئێستاش هاوسەری یاریزانی تۆپی پێی ئەمریكی تۆم برادییە و یەكێكە لە هاندەرە سەرسەختەكانی یانەی ریال مەدرید.
جیزیل كە بە نمایشكارە ملیاردێرەكە ناسراوە بەم دواییە رایگەیاند كە بە جددی بیر لەوە دەكاتەوە واز لە كاری نمایشكردن بەێنێت و ئاشكرای كرد كە لەمەودوا دایكایەتی و خزمەتكردنی منداڵەكان لە كارە سەرەكی و هەرە پێشینەكانی ژیانی دادەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش خانوویەكی نوێی كڕی و بڕیاری دا تێیدا نیشتەجێ بێت.
Top