مەلەك رۆژەات: ئەوانەی داوای كوشتنی منیان دەكرد، ئێستا پیرۆزبایی و دەستخۆشیم لێدەكەن
• ماوەیەكە هەست دەكرێ كە تۆ بێدەنگی و دەرناكەویت، دەكرێ هۆكاری ئەم دووركەوتنەوەت بزانین؟
- هۆكاری دووركەوتنەوە و دیار نەمانم بۆ تووش بوونم بە نەخۆشییەك دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی نەخۆشییەكەم ماوەی چوار ساڵی خایاند و لەو ماوەیەدا چارەسەری جۆراوجۆرم وەرگرت و چوار نەشتەرگەریشم ئەنجامدا بێ ئەوەی كەس لە دیمانەكانمدا هەست بەوە بكات، چونكە هەر لەو ماوەیەدا چالاكیی هونەری و دیمانەی تەلەفزیۆنیشم هەبوو، بەڵام لە هیچ دیمانەیەكدا تا ئێستا باسم نەكردووە، نەخۆشییەكەم وابوو كە پێویست بوو لەرووی سایكۆلۆژییەوە بە تەواوی ئامادەم و ورەشم زۆر بەرز بێت بۆ ئەوەی بتوانم بەسەریدا زاڵ بم، هەرواش بوو من بە بڕوایەكی تەواو بە خۆم و بە ورەیەكی بەرز و پشت بەستن بە خوای گەورە رووبەڕووی نەخۆشییەكە بوومە و سەركەوتم بەسەریدا، هەر ئەوەش بوو وایكرد بۆ ماوەیەك لە هونەر دووربكەومەوە.
• چالاكییەكانت چۆن بوون لەو ماوەیەدا هەر نەبوو یان كەم بوو؟
- من لەو ماوەیەدا زۆر خەریكی چارەسەر وەرگرتن بووم و پزیشكیش ئامۆژگاری كردبووم گۆرانی نەڵێم، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چالاكیم هەبوو و 16 كۆنسێرتم لە شاری وان ساز كرد، چونكە بڕوام وایە پێویستە مرۆڤ بە گەشبینییەوە لە ژیان بڕوانێت و بە ژیان پێبكەنێت نەك ژیان پێی پێبكەنێت، ژیان شۆڕش و خەباتی بەردەوامە، بەڵام گرنگترین شت بۆ مرۆڤ لە ژیان تەندروستییەكی باش و دوور لە نەخۆشییە، بێگومان خانەوادەكەشم نەیاندەزانی نەخۆشییەكەم چییە تەنەا باوكم ئاگاداری جۆری نەخۆشییەكەم بوو و ئێستاش تەندروستیم زۆر باشە.
• پزیشكەكان رێیان پێدایت گۆرانی بڵێیت؟
- بەڵێ، چونكە نەخۆشییەكەم هیچ پەیوەندییەكی بە دەنگمەوە نەبوو و وەك وتم لەو ماوەیەدا چەندین كۆنسێرتم ئەنجامدا و بەرهەمیشم بڵاوكردەوە.
• پێش چەند ساڵ تۆ لە كوردستان ژیانت بەسەر دەبرد و نەتدەتوانی بگەڕێیەوە توركیا، بەڵام ئێستا هەست دەكرێ زۆر لە كوردستان نامینێیتەوە هۆكاری ئەمە چی بووە؟
- راستە پێش ئێستا من و باوكم لە كوردستان بووین، چونكە من و باوكم گرفتمان هەبوو ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری بەسەر منەوە هەبوو تەنانەت ئەم كاریگەرییە بەسەر دوایین كلیپی منیشەوە هەبوو، چونكە سكاڵای زۆرم لەسەر هەبوو لەلایەن پۆلیسەوە، بەڵام ئێستا ئەو گرفتانە چارەسەر بوون و هەرچەندە من خۆم خەڵكی (وان)م لە ئەستەنبول ژیان بەسەر دەبەم و بە نیازم لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی باشووری كوردستان بكەم.
• وەك هونەرمەند ئەو دەرفەتەی بۆ تۆ لە كوردستان هەبوو لە شارێكی وەك ئەستەنبولیش هەیە بۆ نموونە بەرهەم بڵاوبكەیتەوە و كۆنسێرت ساز بكەیت؟
- هەڵبەت ئیستەنبول میترۆپۆلە ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 20 ملیۆن كەس دەبن، لەو شارە گەورەدا هەموو كەسێك دەتوانێت بژیت و كار بكات، بەڵام لە باكووری كوردستان و شاری وان دەرفەتەكان زۆر كەمن تەنانەت لە باشووری كوردستانیش دەرفەتەكان زۆر كەمن، بەشێوەیەكی گشتی لە باكووری كوردستان و ئەوروپا دەرفەتەكانی بەردەم گۆرانیبێژ زیاتر ئەگەر بیەوێ دەركەوێت و كار بكات هەر ئەمەشە وایكردووە زۆربەی هونەرمەندان روو لە باكوور بكەن.
• چەند ساڵە بەشێوەیەكی فەرمی دەستت بە كاری هونەری كردووە، واتە بڵاوكردنەوەی بەرهەم؟
- بێگومان من لە تەمەنی 12 ساڵییەوە گۆرانی دەڵێم، بەڵام بەشێوەیەكی رەسمی ئەوە حەوت ساڵە من كاری هونەری بەشێوەی پرۆفیشناڵ و كوالێتی بەرزەوە ئەنجام دەدەم و بەرهەمم بڵاودەبێتەوە و لەگەڵ هونەرمەندانی ئاست بەرز و موزیسیان و مامۆستایانی هونەریی ناودار كار دەكەم و زۆر شتیان لێ فێر بوومە لە بواری هونەری پەیوەندیم لەگەڵ زۆربەیان هەیە و خاوەن دوو ئەلبوومی تایبەتی خۆمم لەگەڵ چەند گۆرانییەكی سنگڵ.
• باست لە دوو بەرهەم و خۆ ئامادە كردن بۆ چەند گۆرانییەكی سینگڵ كرد، بۆچی هونەرمەندان روویان لە گۆرانی سینگڵ كردووە ئایا لە رووی ماددییەوە سوودی بۆ هونەرمەند هەیە یان لەرووی هونەرییەوە؟
- لە هەردوو رووەوە سوودی هەیە، چونكە بۆ دروستكردنی ئەلبوومێك ماوەیەكی زۆر خەریك دەبیت لە كۆكردنەوەی تێكست و ئامادەكردنی ئاواز و دۆزینەوەی موزیسیان و ئەرانجۆر ئەمەش كاتێكی زۆر و توانای ماددی زۆری دەوێ، دواتر دەبێ بە دوای سپۆنسەردا بگەڕێیت ئەگەر هەبوو، ئەگەر نەبوو ئەوا دەبێ بەرهەمەكە بڵاوبكەیتەوە لەسەر خەرجی تایبەتی خۆت و لە پێش چاویشت كۆپی دەكرێت بێ ئەوەی بتوانی هیچ بكەی، بەڵام لە سینگڵدا كارەكە جیاوازە، 4-5 گۆرانی دەدۆزییەوە كە لە كۆمەڵە گۆرانییەك هەڵیاندەبژێریت و كاری لەسەر دەكەیت و هەموو تواناكانی خۆت بۆ یەك بەرهەم تەرخان دەكەیت ئینجا كلیپێكی جوانی بۆ دەكەیت و كار كردن تێیدا ئاسانە و كاتی زۆریشی ناوێ.
• كاری سینگڵ تەنیا لەنێو هونەرمەندانی كورددا هەیە؟
- نەخێر لە هەموو جیەاندا هونەرمەندان ئەمە پەیڕەو دەكەن، لە توركیا جاران بەو شێوەیە نەبوو، بەڵام ئێستا بەزۆری روویان كردووەتەوە گۆرانی سینگڵ و گرنگییەكی زۆریشی پێدەدەن.
• لە ماوەی 7 ساڵی تەمەنی هونەریتدا، هەست دەكەیت شوێنی خۆت كردووەتەوە لەنێو هونەرمەندانی كورد؟
- پێش هەموو شتێك باسی كەسایەتیی خۆم دەكەم و هەست دەكەم خەڵك رێز لە كەسایەتیی من دەگرێت، چونكە هەوڵمداوە زمان و كەلتوور و هونەری كوردی بپارێزم و پێشی بخەم، لەلایەكی دیكەوە من بەرامبەر بە یەك عەشیرەت راوەستام كە دژی ئەوە بوون گۆرانی بڵێم، هەروهەا بەرامبەر بە دەوڵەتیش تووشی رووبەڕووبوونەوە بوومەوە، ئەمانە كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبوو و بهەێزتریان كردم، بۆیە كاری هونەریم دیارە، ئەو كەسانەی فێریشم كردن و لێیان فێربووم دیارن، بۆیە رێزو ستایشی من و كاری هونەریم دەگرن.
• ئایا لە بەرامبەر ئەو ماندووبوونە كۆمەڵگای كوردی مافی تۆی داوە؟
- نەخێر بە هیچ شێوەیەك مافی منیان نەداوە و دیارە بە درێژایی مێژووی ئێمەی ئافرەتی هونەرمەند لە كۆمەڵگای كوردەواریدا مافی خۆمان پێنەدراوە و رێز لە هونەرەكەمان نەگیراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەبینین ئێستا پێشڤەچوونێك هەیە و ئافرەتی كورد بوونی خۆی لە هەموو كایەكانی كۆمەڵگادا سەلماندووە لەوانەش بواری هونەری، بەڵام ئەو ماندووبوونەی من لەو تەمەنە زووەدا بینیم هیچ كاتێك قەرەبوو ناكرێتەوە.
• عەشیرەتت نەكردە قوربانی هونەر؟
- نەخێر عەشیرەتم نەكردە قوربانی هونەر من بەرامبەر بە عەشیرەتێك وەستام ئەمەش لەوە زەحمەتتر بوو كە چەك هەڵبگرم و بچمە چیا و بووە هۆی ئەوەی كە داوایان كرد بمگرن، بمكوژن، بە شووم بدەن، دوورەپەرێزم بكەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە من كۆنسێرتم بۆ ئەو كەسانە كرد و بە هەزاران كەس ئامادەی بوون.
• لە گۆڕینی بیركردنەوە و بیروڕای عەشیرەتەكەت سەركەوتوو بوویت؟
- بەڵێ زۆریش سەركەوتوو بووم، زۆر لەو كەسانەی كە داوای كوشتن و گرتنی منیان دەكرد ئامادەی كۆنسێرتەكەم بوون و دەستخۆشییان لێدەكردم و لە هەمان كاتدا داوای لێبوردنیان لێكردم،ئەمەش بۆ من مایەی شانازییە.