مهاباد ئیبراهیمی هونەرمەند: من خۆم ون كردووە بەڵام دەگەڕێمەوە
• لە ساڵانی 1991-1994 تۆ وەك یەكێك لە گۆرانیبێژە ئافرەتە دەگمەنەكان دەركەوتی لەو ساتەدا بە هێز لە گۆڕەپانی هونەری كوردی بووی، بەڵام دواتر لە ناكاودا ون بووی و ئەو دەركەوتنەت نەما، دەكرێ بزانین هۆكارەكانی ئەم دووركەوتنە چی بوون؟
- لە ساڵی 1992 من و خوشكم سەردانی كوردستانمان كرد ئەو كات دایك و باوكم لە ئێران بوون و ئەو كات كاسێتێكم بڵاو كردەوە كە ناوبانگێكی زۆری دەركرد و منی زیاتر ناساند، چەند گۆرانییەكی زۆر ناسران لەوانە ( بۆ كێ بكەم گازی و هەوار) كە لە تێكستی مامۆستا زێبارییە و بۆ كارەساتی ئەنفال وتراوە بۆیە كلیپیشم بۆ كرد، گۆرانی بێی تە سارە ژیانا من كە دوو كلیپم بۆی كرد، گۆرانی (كوردستان من هێلینا ئەڤینێی)، هەروەها لە كوردستان چاوم كەوت بە مامۆستایان جەمال محەمەد و مامۆستا نەسرەت حوسێن و و موزیسیان بەرەڤان هەر ئەوانیش كە لە تیپی دهۆك بوون كاریان بۆ كردم، پێشتر دوو كاسێتی دیكەم بڵاوكردبۆوە، من دەمویست خوێندنی بواری موزیك تەواو بكەم و بڕوانامەی دكتۆرا بە دەست بهێنم و لە كوردستان خزمەت بكەم، بۆیە چەند هۆكارێكی تایبەت بە ژیانی خێزانیم وایانكرد كە نەتوانم وەكو پێویست بەردەوام بم لە كاری هونەری.
* خانەوادەكەت چۆن هاوكارت بوون؟
- من خانەوادەیەكی شۆڕشگێڕ پەروەردە بووم و هەستی كوردایەتی و وڵاتپارێزییان لە ناخی ئێمەدا روان بۆیە ئێستاش كە لە ئەمریكا دەژیم تەنیا جەستەم لێرەیە هۆش و هەست و بیرم هەمووی لە كوردستانە، بارودۆخی ژیانی من زۆر سەخت بوو ئەگەرچی زۆریش حەزم دەكرد بەردەوام بم لە كاری هونەری و ژیانی شۆڕشگێڕی باوكم هاندەرێكی زۆر بە هێز بوو بۆ من و بوونە هۆی ئەوەی خولیای هونەر لای من زیاتر بێت، ئەگەرچی من لە تەمەنێكی زوودا كەوتە نێو ژیانی هاوسەرێتی بۆیە هیچ خۆشی و تامێكم لە ژیانی منداڵی نەبینی، لە ساڵی 1981 لە ئەمریكا گۆرانیم وت لەگەڵ رەمەزان یوسفی هاوسەرم، هەروەها چەند كاسێتمان بە یەكەوە تۆمار كرد بێ ئەوەی كەسێك یارمەتیم بدات، ئێستاش لە نێو كوردەكانی ئەمریكا بەتایبەتی جوولەكەكان ناوبانگێكی باشم هەیە، تا 1994 بەردەوام بووم دواتر وەستام هیچ بەرهەمێكی نوێم نەبوو تا ساڵی 2005 یەكەم ئەلبوومی خۆم بە تەنیا بڵاو كردەوە بە ناوی (هەی دنیاێی) كە تێكستەكانی زیاتر خەلەف زێباری و رەمەزان یوسف بوون، ئەمەش تا راددەیەك زەحمەت بوو بۆ من وەكو ئافرەت بەتایبەت لە ئەمریكا بۆیە بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكە بەشێوەیەكی پروفیشناڵی نەبوو، بەشێكمان ناردە كوردستان، بەشێكیان لێرە لە ئەمریكا، بۆیە بەو شێوەیەی من دەمویست بڵاو نەبۆوە و خەڵكیش وەكو پێویست ئاگاداری نەبوون، ئەگەرچی لە بارودۆخێكی ناسەقامگیری دەروونی بڵاوم كردەوە، بەڵام كارێكی خراپ نەبوو وخەڵك پێشوازییەكی باشی لێكرد، لە 2008 ئەلبوومی ( كاروانی پیرۆزم) بڵاوكردەوە زۆربەی تێكستەكانی ئەدیب چەلكی و رێكێش ئامێدی و خەلەف زێباری بوون، تەواوی خەرجی ئەم دوو ئەلبوومە و گۆرانییەكانی (بۆ كێ بكەم گازی و هەوار) كە بۆ ئەنفال بوو و گۆرانی( شیلانا من تو كانێ) كە بەسەرهاتی كچێكی هەڵەبجەیە لە دایك و باوكی جیا دەبێتەوە لە گیرفانی من بوو، هەروەها لە ئەلبوومی (كاروانی پیرۆز) گۆرانییەكی تایبەتم گوت سەبارەت بە خەباتی باوكی رۆحی كورد بارزانیی نەمر كە لە تێكستی ئەدیب چەلكییە.
* دوای ساڵانی 2003 هونەری كوردی پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینی لەو كاتەدا تۆ دووركەوتیتەو، ئەم دووركەوتنە چ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانت هەبوو؟
- بێگومان كاریگەرییەكی خراپیهەبوو، چونكە من دەمویست لە بواریهونەریدا كاری باش ئەنجام بدەم و خوێندنی خۆیشم تەواو بكەم، بەڵام چەند بارودۆخێكی تایبەتی ژیانی خۆم رێگر بوون لەوەی ئەمە بێتە دی بە جۆرێك لە زۆر رووەوە ئازادیم لە دەست خۆم نەبوو تەنانەت ئازادی ئەوەم نەبوو بێم بەرهەمەكەی خۆم بڵاو بكەمەوە، لە هەمان كاتدا كەسێك نەبوو پشتگیریم بكات، بۆیە هەموو ناخۆشی و مەینەتییەكانی خۆم لە رێگای گۆرانییەكانەوە دەخستە روو، پێموایە هەموو ئافرەتەهونەرمەندە كوردەكانیش هەمان گرفت و ئاستەنگیان هەیە، بۆیە ئەو دەرفەتانەی كە لە دوای ساڵی 1997 بۆ هەندێك هونەرمەند رەخسا بۆ منیش رەخسابا دەمتوانی خزمەتێكی زیاتر بەهونەری كوردی بگەیەنم بۆ من لەرووی شەخسیشەوە زۆر باشتر دەبوو.
* تا ئێستا بیرت لەوە نەكردووەتە بە یەكجاری بێی لە كوردستان نیشتەجێ بیت و ژیانی خۆت لێرە بەسەر بەریت؟
- من زۆر حەز دەكەم بە یەكجاری بێم لە كوردستان نیشتەجێ بم و لەرووی هونەرەوە خەبات بكەم، میللەتەكەم پشتیوانی وهاریكاریم بكەن، دەمەوێ بزانن من چۆن خزمەتی هونەری كوردیم كردووە لە رۆژە سەختەكان و چۆن یەكێك بووم لە قوربانییەكانی دەستی دابونەریتە كۆنەكان كۆمەڵگا، چۆن لە ساڵی 1981 وە دەستم بە گۆرانی كرد و تا ئێستاش بەردەوامم و لە تەمەنی 12 ساڵیدا ئاوارە و دەربەدەر بووم و شوناسی خۆم ون نەكرد، لە سەردەمێك كۆنسێرتم ئەنجام داوە كە ئەو كات زۆر دەگمەن بوو لەو بارودۆخەی كوردستان، ئێستا لە بارودۆخێكی وا دەژیم كە ناتوانم لەسەر ئەركی خۆم بێم لە كوردستان گۆرانی تۆمار بكەم و كۆنسێرت ئەنجام بدەم، ئەم بارودۆخە وایكردووە كە خەمێكی زۆر باڵ بەسەر ژیانمدا كێشاوە، چونكە لە دڵەوە حەز دەكەم خزمەتی میللەتەكەم دەست بكەم و ناتوانم هیچیان بۆ بكەم.
* ئێستاهیچ بەرهەمی ئامادەت هەیە كاتێك گەڕایەوە پێشكەشی بكەی؟
- زۆربەی گۆرانییەكانم ون بوون، من ئێستا 40-50 گۆرانی ئامادەم هەیە كە زۆربەیان لە ئاوازی خۆمە، بۆیە دەمەوێ لەگەڵ گرووپێكی پرۆفیشناڵی كوردی دانیشم و ئەو گۆرانیانە كەهی خۆمە ئامادەیان بكەم و لە كۆنسێرتێكدا پێشكەشیان بكەم، من ماوەیەكە ون بووم و پێویستە ئاشنای جەماوەر ببم، چونكە تەنانەت لە ئەمریكاش ئەگەرهونەرمەندێك بۆ ماوەی چەند مانگێك كاری نوێی نەبێت ون دەبێت بۆیە من گلەیی لە خۆم دەكەم، چونكە من خۆم ون كردووە و دڵنیام جەماوەر منیان خۆش دەوێ و منیان لە بیر نەكردووە و رێزم دەگرن، من نەهاتوومەتەوە كوردستان تا گلەییان لێبكەم، من لێرەوە دەڵێم ئەم ساڵ سەردانی كوردستان دەكەم و سەر لە نوێ دەست بە كاری هونەریی دەكەم و دڵنیام خەڵك پێشوازیم لێدەكەن.